9وتار

گەڕانەوە بۆ دواوە، بۆچی کۆنەپارێزان و نەریتخوازان بەهێزبوون؟

6/2/2026 4:38:00 PM
ئالان عه‌توف

دیڤد بروکس – زە ئەتلانتیک

ساڵانێکی کەم بەر لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لەوانەیە وێنەی ‌حەفتاکانی تارانت بەرچاو کەوتبێت: وێنەی ژنانی لاو بە تەنوورەی کورتەوە؛ وێنەی کەپڵەکان بە پانتۆڵی شارلستۆنەوە کە لەناو پارکەکاندا دەسلەملانی یەکدی بوون؛ یان وێنەی ئەوانەی بە بیکینییەوە لە مەلەوانگەکاندا خۆیان هەڵدەخست. تاران زیاتر لە پاریس و میلان و لۆس ئەنجلس دەچوو. بەڵام لە ١٩٧٩ دا، شۆڕشی ئیسلامی ڕوویدا و ئێستە تاران لە شوێنێک دەچێت کە سەر بە سەدەکانی پێشووترە، هەندێک جار هەستەکەم دونیاکەمان بەجۆرێک وای لێ هاتووە – واتە گەڕانەوەیەک هەیە بەرەو دواوە بەناو کاتدا.

بزووتنەوە ئاینییەکان - کە لە سەردەمی عەلمانی ئەمڕۆماندا لە برەودان - بریتین لەو بزووتنەوە نەریتخوازانەی کە لەگەڵ بەشێکی گەورەی کلتووری هاوچەرخدا ناکۆکن- نەک تەنها ئیسلامی شیعەی ئێرانی دوای شۆڕش، بەڵکو جولەکەگەرایی ئۆرسۆدۆکس و مەسیحییەتی کاسۆلیکی کۆنەپارێزیش. گەنجانی ئەمریکی بە لێشاو بەرەو پیری کڵێسا ئۆرسۆدۆکسە ڕۆژهەڵاتییەکان دەچن.

زۆرێک لە ئێمە پێمان وابوو جیهان لەگەڵ مۆدێرن بووندا دیموکراسیتر دەبێت، بەڵام لە چارەکە سەدەی ڕابردوودا گەڕانەوەیەکمان بینیوە بۆ پیاوە بەهێزە تاکڕەوەکان. دۆناڵد ترەمپ وەک هەندێک لە شازادەکانی سەدەی ١٦ی ئەوروپا هەڵسوکەوت دەکات، سەرۆکایەتییەکەی کردووە بە میرنشینێکی تایبەت بە خۆی. ڤلادیمیر پوتین بیرۆکەکانی لە بیرمەندە کۆنەپەرستەکانی وەک "ئەلێکساندەر دوگین"ەوە قەرز دەکات - دۆگین فەیلەسوفێکی ئۆرسۆدۆکسی ڕۆژهەڵاتی دژە-لیبراڵە کە "ڕۆشنگەری" ڕەتدەکاتەوە- و پاساو بۆ داگیرکردنی ئیمپراتۆریانەی ئۆکرانیا دەهێنێتەوە.


ئەگەر بچیتە ناو سۆشیال میدیای ئەمریکاوە، دەتوانیت وێنەی (ژنانی نەریتیی – tradwives) ببینیت کە کولیچە بۆ هاوسەر و منداڵەکانیان دەکەن. [ووشەی (tradwives) لە ئەمریکا لە دەستەواژەی (traditional wives)ەوە داڕێژراوە واتە ژنانی نەریتی. ئاماژەیە بەو ژنانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەرقاڵی گفتوگۆی کلتووری و کۆمەڵایەتین و باس لە بەدەستهێنانەوەی ڕۆڵی نەریتی خۆیان دەکەن لەناو هاوسەرگیری و ژیانی خێزانیدا و هانی ڕۆڵی نەریتی دەدەن بۆ ژنان، بە نموونە پەرە بە بیرۆکەی وەک ماڵداری و پەروەردەکردنی منداڵ و ئاگاداربوون لە مێرد دەدەن، باوەڕیان وایە دەبێت پیاوەکان لە دەرەوە بژێوی پەیدا بکەن و ژنان لە ماڵەوە بن – و-].

لەلایەکی ترەوە، وەزیری تەندروستی ئەمریکا و شوێنکەوتووانی متمانەیان بەو داهێنانە زانستییەکانی وەک ڤاکسین (پێکوتە) نەماوە. هەروەها، لە ١٩٩٩دا پێدەچوو کاروباری جیهان لەلایەن گروپە فرەلایەنەکانی وەک یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە کۆنترۆڵ بکرێت -بەڵام ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ ڕکابەرییەکانی سەدەی نۆزدەهەم وەک ڕکابەرییەکانی نێوان چین و ئەمریکا و نێوان ڕووسیا و ئەوروپا. ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانی ترەمپ تەنانەت (دۆکترینین مۆنرۆ)ی زیندوو کردەووەتەوە*.

پێشتر لامان ڕوون بوو مۆدێرنیتە بەرەو کوێ دەڕوات: بەرەو سەربەخۆبوونی تاک و یەکسانی زیاتر، بەرەو عەلمانییەت و مافی تاکەکەسی بەهێزتر، بەرەو کراوەیی کلتووری و دیموکراسی لیبڕاڵ. بڕیار بوو کایە لەدوای کایە، پێشکەوتن ببێتە هۆی فراوانبوونی بژاردەکانی تاکەکەس. بڕیار بوو زانست و عەقڵ سەربکەون لە کاتێکدا خورافات و پیلانگێڕی بنبڕ ببن.

بەڵام وا بۆمان دەردەکەوێت کە ئەوە دیدگای دوێنێ بوو بۆ داهاتوومان. بەڵام لەمڕۆدا ملیارەها کەس لە سەرانسەری جیهاندا سەیری ئەو پنتە دەکەن کە مێژوو بەرەو ڕووی دەڕوات و هاوار دەکەن: "بەسە، بووەستە!" ئەوان ئەو داهاتووە لە ڕووی ڕۆحییەوە زۆر بەتاڵ و زۆر تەنیا و زۆر تەکنەلۆژیانە و زۆر پیس و زۆر سەرلێشێواو و زۆر ناتەبا دەبینن. گلەیی دیاریکراویان هەرچییەک بێت، پاڵنەرەکانیان بریتین لە هەستی لەدەستدان، ئارەزووی گەڕانەوە بۆ سەردەمێکی سادەتر و دڵخۆشتر و بەردەوامتر. بەشێک لە بەهێزیی دەستەواژەی (Make America Great Again – MAGA) یان (دووبارە ئەمریکا مەزن بکەنەوە) ئەوەیە کە پەنجە دەخاتە سەر ئەو هەستکردنە بە نۆستالژیا و لە دەستدان.

قۆناغە گەورەکانی لێکترازان بە ناچاری حەز و تامەزرۆییەک بۆ سەردەمانێکی زێڕینی پێشوو دروستدەکەنەوە، ئەم سەردەمەی ئێمەش بەدەر نییە لەو ساتە. دەتوانیت بزانیت کەسێک چ جۆرە کۆنەپارێزێکە تەنها بەوەی لێی بپرسیت دەتەوێت بگەڕێتەوە بۆ چ سەردەمێک؟ بۆ هەندێک لە ئەندامانی (ماگا – MAGA) لە ئەمریکا، ئەو سەردەمە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمایە، کاتێک پیاوان بە ڕاستی پیاو بوون. بۆ هەندێک لە ئایینسالارەکان، ئەو سەردەمە سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاستە، کاتێک پیاوان ڕەبەن و دەیرنشین بوون. لە ئەمریکا زۆرێک لە ڕاستڕەوەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ نەریتە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی ١٩٥٠کان کاتێک پیاوان لە شوێنی کار بوون و ژنان لە ماڵەوە؛ کاتێک کەسانی سپی پێست چینی دەسەڵاتدار بوون؛ و کاتێک سەردانکردنی کڵێسا لە ئاستێکی بەرزدا بوو؛ کاتێک زنجیرە و بەرنامە تەلەفزیۆنییە ئەمریکییەکانی وەک (ئۆکلاهۆما) و فیلمی (Leave It To Beaver) شانۆ و تەلەفزیۆنیەکانی تەنی بوەوە. لە لایەکی ترەوە، زۆرێک لە چەپەکان دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئابووری ئەو دەیەیەی کە سەندیکا و بەرهەمهێنەران سەرکردایەتیان دەکرد، یاخود گەڕانەوە بۆ سەردەمی سۆسیالیزمی یۆتۆپی سەدەی نۆزدەهەم.

بۆیە سیاسەتی ئەمڕۆمان لە نۆستالژیادا خوساوە.

ئەوانەمان کە باوەڕمان بە پێشکەوتن و بەهاکانی ڕۆشنگەری هەیە، مەیلێکی خۆبەزلزانینمان تێدایە بەرامبەر بەم کەسە کۆنەپەرستانە. ئێمەومانان لامان وایە کۆنەپەرستان کەسانی سادە و نەسازاو و بیرتەسکن – لامان وایە کۆنەپەرستان دەترسن لەو ئازادییەی کە مۆدێرنیتە لەگەڵ خۆی دەیھێنێت. دەشڵێین: بێهودەیە بیر لەوە بکەیتەوە کە لە تواناتدا هەیە میلی کاتژمێرەکە بگەڕێنیتەوە بۆ دواوە.

بەڵام شارستانێتییەکان بەردەوام کاتژمێرەکە بەرەو دواوە دەگەڕێننەوە. دەشێت ڕێنیسانس یا ژیانەوەی ئیتاڵی خۆی وەک هەوڵێکی هونەری و فیکریی یەکگرتوو بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی کلاسیکی یۆنانی و ڕۆمانی سەیر بکرێت. لە کتێبی (ڕۆشنگەری ونبوود)ا، مێژوونووس ئێس فرێدریک ستار باس لەوە دەکات چۆن لە سەدەکانی ناوەڕاستدا، ناوچەی ئاسیای ناوەڕاست لە پێشکەوتووترین ناوچەی زانستی و ئابووریی جیهانەوە کەوتە دواوەی ئەوروپا. لە سەردەمی شانشینی (مینگ)دا، چین بەدواداگەڕان و دۆزینەوەکانی وەستاند و چی دی جەختی لە پێشکەوتنی زانستی نەکردەوە.

ئەوە بزووتنەوەی عەقڵانی ڕۆشنگەری فەرەنسی سەدەی ١٨بوو کە بزووتنەوەیەکی ڕۆمانسییانەی پڕ هەست و سۆزی لە سەدەی ١٩ دروستکرد، وەک دژە کاردانەوەیەک بەرامبەر بزووتنەوەکەی پێش خۆی. هەروەها تەقینەوەی شۆڕشی پیشەسازی سەدەی ١٩ش کاردانەوەیەکی (نیۆگۆتیک)یانەی سەدەکان ناوەڕاستی بەرهەمهێنا، کە کەسانی وەک جۆن ڕوسکین سەرکردایەتییان دەکرد، و شەیدای ژیانی پێش ئامێرەکان بوون کە شۆڕشی پیشەسازی هێنانیە ئاراوە.

لە بەشێکی زۆری سەدەی بیستەمدا، باوەڕ هەبوون بە 'پێشکەوتن؛ ئایدۆلۆژیای ڕێنماییکاری مۆدێرنیتە بوو. بیر لەو هەموو پێشانگا و پارکە تەکنەلۆژیانەی جیهان بکەرەوە، یاخو بیر لە سەرسوڕهێنەریی (تومۆرۆلاند) بکەرەوە لە دیزنی لاند. ئەو باوەڕە بە پێشکەوتن تەنیا باوەڕێکی تەکنەلۆژی نەبوو -بە نموونە داهێنانی ئۆتۆمبێلی فڕیو- بەڵکو باوەڕێکی ڕۆحی و ئەخلاقی بوو. زۆرێک -بە خۆشمەوە- مانایان لەو باوەڕەوە وەرگرتووە کە ئێمە بە ڕاستی بەشدارین لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتیدا.

بەڵام ئەمڕۆ بە ملیارەها کەس ئەو باوەڕەیان بە پێشکەوتن وەک سەرچاوەی مانا لەدەستداوە و بەرەو پێچەوانەکەی دەڕۆن. لە سەدەی بیست و یەکدا، نەریتگەرایی (کۆنەپارێزی) وەک قوتابخانەیەکی تاودەری بیرکردنەوە سەریهەڵداوە. کۆنەپارێزەکان بزوێنەری ڕووداوەکانن، و کلتوور و مێژوو بە ئاراستەی خۆیان دەگۆڕن. ئەگەر بمانەوێت لەوە تێبگەین کە هەموو ئەمانە بەرەو کوێ دەمانبات، پێویستە لەوە تێبگەین کە چی و کێ پاڵنەریانە و بیروباوەڕەکانیان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە. هەروەها بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی لەگەڵ کاریگەری نەریتخوازەکان لەسەر سیاسەت و کلتوورمان ڕوبەڕو ببینەوە، پێویستە دان بەوەدا بنێین کە هەندێک لە توخمەکانی دونیابینی ئەوان ڕاستن. بەڵام کام بەشانەی دونیابینی ئەوان ڕاستن، و کامانەیان بە تەواوی هەڵەن؟

گەر بچیتە ناو مێشکی نەریتخوازێکەوە، لە جۆرە ڕۆشنبیرەکەی، بەزۆری ئۆسواڵد سپێنگلەر لە شوێنێک لە قووڵایی ناخیدا دەبینیت. بەرگی یەکەمی کتێبی (داڕمانی ڕۆژئاوا)ی سپێنگلەر هەر ئەو کاتەی کە جەنگی جیهانی یەکەم خەریک بوو کۆتایی پێدەهات لە ساڵی ١٩١٨دا بڵاوکرایەوە. سپێنگلەر دەیگوت هەر کلتوورێک ڕۆحێکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە لە خوو و داب و نەریت و ئەفسانەی خۆی پێکدێت. وەک هەر بوونەوەرێکی زیندوو، هەر کلتوورێک گەشە دەکات و پێدەگات و پیر دەبێت و دەمرێت. لە قۆناغەکانی گەنجیدا، کلتوورەکان خاوەن داهێنانی گەورەن، هونەر تیایاندا گەشە دەکات، کەسایەتییە بەهێزەکان تیایاندا دەردەکەون. هەر کە پێ دەنێنە قۆناغی پێگەیشتن و دواجاریش پیربوونەوە، ئیدی کلتوورەکان شارنشین و بیرۆکراتیزە دەبن، و نوخبەکانیش دەسەڵاتی ئەخلاقی لەدەست دەدەن و داهێنانیش دەپوکێتەوە.

سپێنگلەر مشتومڕی ئەوەی کرد کە کلتووری ڕۆژئاوا لە دەوروبەری کۆتاییەکانی سەدەی دەیەمدا سەریهەڵداوە. سپێنگلەر کلتووری خۆرئاوایی "فاوستی"یانە ناوزدە کرد. واتە وەک [کەسایەتی فاوست]، کلتووری خۆرئاوایی لە تێکۆشانیدا تاکگەرایانەیە ڕوو لەگەشەکردنە، لە ڕووی پارە و ماددەوە زۆر خوازە، و تێرنەبووە. بەڵام کاتێک کلتوورێک دەخلیسکێتە ناو قۆناغی داڕمانی خۆیەوە، ئیدی دەبێتە ئیمپریالیستی و ماتریالیستی، و کەسانی تەکنەلۆژیست دەبنە بزوێنەری ڕووداوەکان. سیستەمی سیاسی دەخلیسکێتە ناو ئەو شتەی کە سپێنگلەر ناوی لێنابوو "سیزەریزیم یان قەیسەریزم"- واتە حوکمڕانی زاڵمەکان. شارنشینی و گەشەی پیشەسازی دەبنە هۆی دروستبوونی کەسانی لە یەک دابڕاو کە وایان لێ دێت ببنە کەرەستەیەک بۆ هەڵفریواندن (دیماگۆگی). دەسەڵاتی دارایی لە دامەزراوە بێ کەسایەتییەکاندا چڕ دەکرێتەوە و نوخبە کۆنەکان لاواز دەکات. بیرۆکراسی بەرفراوان دەبێتە هۆی ناوەندگەرایی دەسەڵات. ئیتر کاتێک قەیرانەکان ڕوودەدەن، خەڵکی حەزیان بە دەسەڵاتی یەکلاکەرەوە و بەهێز دەبێت. بۆیە ئەگەر پێت وایە کۆمەڵگەکەمان لە داڕماندایە، ئەوا تیۆرییە بەرفراوانەکانی سپێنگلەر بۆمانی باسی دەکەن و ڕوونی دەکەنەوە کە لەمڕۆدا چی دەگوزەرێت.

ئەگەر سپێنگلەر بەشێک بووبێت لە باڵی کولتووری- چارەنووسباوەڕی بزووتنەوەی کۆنەپارێزی نێوان جەنگەکان، ئەوا (ڕێنی گوینۆن) بەشێک بوو لە باڵە عیرفانییەکە.

سپێنگلێر پێی وابوو کلتوور چارەنووسێکی مێژوو پەیڕەو دەکات، لە کاتێکدا ڕێنێ گوینۆن لە ڕوانگەیەکی ڕۆحی و عیرفانییەوە سەیری داڕمانی شارستانیەتی مۆدێرن دەکات.

ئەم دووانە هەردووکیان پێیان وابوو ڕۆژئاوا لە داڕماندایە، بەڵام بە هۆکاری جیاواز. کاتێک (مارک سێجویک)ی مێژوونووس سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بوو بۆ کتێبە نایابەکەی بە ناوی (نەریتگەرایی)، دوگین وا وەسفی کرد کە ئەوەی بۆ کۆمۆنیزم کارل مارکسە، بۆ نەریتگەرایی ڕێنێ گوینۆنە. گوینۆن لە ساڵی ١٨٨٦ لە ناوەڕاستی فەرەنسا لەدایکبووە. بە درێژایی ژیانی لە فۆڕمی جیاجیای زانستی ڕۆحی کۆڵیوەتەوە لەوانەش - گنۆستیسیزم، ئیسلام، تائۆیزم، هیندۆیزم. ئەو نووسەرێکی سیاسی نەبوو بەڵکو نووسەرێکی میتافیزیکی بوو کە پێیوابوو ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی زیندوون بە هەمان ڕاستی گەردوونیی بنەڕەتییەوە. هەروەها پێی وابوو شارستانیەتی ڕۆژئاوا لەم ڕاستییە ڕۆحییە دوورکەوتووەتەوە و بەو شتە دەژی کە بیرمەندانی هیندۆسی پێی دەڵێن (کالی یوگا) واتە سەردەمی گەندەڵی و داڕمانی ئەخلاقی.

بە خوێندنەوەی نووسەرانی نەریتخواز، بۆت دەردەکەوێت هەریەکەیان زاراوەیەکی جیاوازیان بۆ ئەو مردووییە ڕۆحییەی کە بە شارستانیەتی مۆدێرنیەوە دەبەستنەوە، داهێناوە. سپێنگلەر وشەی (کولتورڤێرفۆڵی – داڕمانی کلتووری) بەکارهێناوە. بۆ گوینۆن ئەو وشەیە وشەی (چەندایەتی – quantity) بوو. لە کتێبەکەی ساڵی ١٩٤٥یدا بە ناوی (دەسەڵاتی چەندایەتی و نیشانەکانی سەردەم)، گوینۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم قۆناغەی ('بەرجەستەبوونی ماددی' پێشکەوتنخوازدا)، تەنیا ئەو شتانە بە ڕاستەقینە دادەنرێت کە دەتوانرێت بژمێردرێن.

گوینۆن دەڵێت لە سەردەمی مۆدێرندا، زانست زاڵە. زانایانی مۆدێرن باوەڕیان وایە کە بە چاوێکی سارد و بابەتیانەوە لە واقیع دەڕوانن، بەڵام بەداخەوە زۆر ساویلکەن، و گیریان خواردووە لە ئاست ئەوەی ماتریالیزمی زانستی و پێوانەکردن ڕێگەیان پێدەدات. لە ڕوانگەی گوینۆنەوە زانای مۆدێرن بێئاگایە لە واقیعی ڕۆحی -کە بەلای کەسی نەریتخوازەوە واقیعی سەرەکییە - و بەمجۆرە دونیابینییەک دەگرێتەبەر کە بوونی کایەی میتافیزیکی ڕەتدەکاتەوە. لای نەریتخوازان، زانای مۆدێرن وەک ئەو کەسەیە کە لە کارکردنی ئۆرکێسترایەک دەکۆڵێتەوە بێ ئەوەی توانای بیستنی مۆسیقای هەبێت یان تەنانەت ئاگایی ئەوەشی هەبێت کە مۆسیقا بوونی هەیە. تەنها شتێک کە دەتوانێت باسی بکات، کەوانەکانن کە بەسەر ژێی ئامێرەکاندا دێن و دەچن و یان ئەو هەوایەیە کە بەناو ئامێرە هەواییەکاندا دەڕوات. تیۆرییەکانی زانای مۆدێرن ئەو شتانە دەشێوێنن کە چاودێریان دەکات، و خوێنەرانی لە کایەیەکی تەخت و بێ ڕۆحی ڕاستییە ناتەباکاندا جێدەهێڵێت.

مرۆڤی مۆدێرن لە ژیانی ڕۆحی خۆیدا هەست بە بۆشایییەک دەکات. هەمیشە گەورەبوونی کونە ڕۆحییەکەی خۆی بە وروژاندنێکی بێوچان و بە گۆڕانکاری بەردەوام و خێراییەکی هەمیشەیی دادەپۆشێت. گوینۆن زیاتر لە ٨٠ ساڵ لەمەوبەر دەیوت: "ئەو کاریگەرییە باڵادەستەی ئەمڕۆ، تێڕوانینێکە لە ناسەقامگیری کە درێژ دەبێتەوە بۆ هەموو بوارەکان". پابەندبوونی بە ڕۆحانییەتی نەریتگەراییەوە لە کۆتاییدا گوینۆنی گەیاندە سۆفیگەری، کە جۆرێکی عیرفانە لە ئیسلامدا. گوینۆن بووە موسڵمان و ڕووی لە قاهیرە کردو و ژنێکی میسری بووە هاوژینی و لە ساڵی ١٩٥١دا لەوێ کۆچی دوایی کرد.

گوینۆن کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر (جولیۆس ئیڤۆلا)ی نووسەری ئیتاڵی هەبوو کە لە ساڵی ٢٠١٧دا بۆ ماوەیەکی کەم ناوبانگی لە ڕۆژنامەکانی ئەمریکادا پەیداکرد، دوای ئەوەی میدیاکان ئاشکرایانکرد کە (ستیڤ بانۆن)ی ڕاوێژکاری ترەمپ لە میانی کۆنفرانسێکدا لە ڤاتیکان ئاماژەی بە ئیڤۆلا کردووە. ڕیچارد سپێنسەر، ناسیۆنالیستی سپی پێست، ئیڤۆلای بە "یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین پیاوەکانی سەدەی بیستەم" ناوبرد.

ئیڤۆلا لە ڕۆما لەدایک بووە. لە جەنگی جیهانی یەکەمدا وەک ئەفسەری تۆپخانە جەنگاوەر بووە، دواتر بووەتە هونەرمەند لە بزووتنەوەی دادا. ئیڤۆلا لەگەڵ گوینۆن هاوڕا بوو کە ئێمە لە سەردەمێکی گەندەڵدا دەژین کە پشتی لە ڕاستی ڕۆحی کردووە. ساڵی ١٩٣٤ مانیفێستۆیەکی بە ناوی (ڕاپەڕین دژی جیهانی مۆدێرن) بڵاوکردەوە. بەڵام ئیڤۆلا بە لەئامێزگرتنی سیاسەت لە دوای جەنگی جیهانی دووەم و بوون بە بیریارێکی سەرەکی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیتاڵیا لە هزری گوینۆن جیابووەوە. بۆچوونەکانی دژە یەکسانیخواز و دژە لیبراڵ و دژە دیموکراسی بوون. ئیڤۆلا لایەنگری پاشایەتی و لایەنگری پلەبەندی بوو، پشتگیری لە سیستەمی چینە نەژادییەکان دەکرد. ئەو پۆست-لیبراڵ بوو پێش ئەوەی پۆست-لیبراڵیزم ڕەواج پەیدا بکات.

بێنیتۆ مۆسۆلینی لایەنگرێکی سەرسەختی بوو، بەڵام ئیڤۆلا ڕەخنەی لە فاشیزم گرت چونکە زۆرێک لە لایەنەکانی جیهانی مۆدێرنی قبوڵ بوو. ئیڤۆلا ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی پێویستە بریتییە لە "نەژادێکی سەردار" کە سەرکردایەتی "یاخیبوونێک بکات لە قووڵاییەوە". [ئیڤۆلا لای وابوو] هەر هەوڵێک بۆ دروستکردنی جیهانێکی باشتر لەلایەن ئەوانەی لە ڕووی ڕۆحییەوە چەقبەستوون شکست دەهێنێت چونکە ئەوانە تەنها بەدوای بەها ڕواڵەتی و لەزەتبەخشەکاندا دەگەڕێن. کۆمەڵگەیەکی نەجیب تەنها لەلایەن ئەو کەسانەوە دەتوانرێت بنیات بنرێت کە ژیانیان بەرەو ئیمتیازی ڕۆحی ئاراستەکراوە.

ئیڤۆلا خاوەن ئاراستەی سیاسی بوو بەڵام گوینۆن وا نەبوو، ئیڤۆلا بە ڕاشکاوی نەژاد پەرست بوو بەڵام گوینۆن وا نەبوو. گابۆر ڤۆنا، سیاسەتمەداری دیاری ڕاستڕەوی توندڕەوی هەنگاریا، لە پێشەکی کتێبێکیدا لەسە بژاردەیەک لە نووسینەکان ئیڤۆلا لە ساڵی ٢٠١٢دا بە ناوی (ڕێبەرێک بۆ گەنجانی ڕاستڕەو)، ئیڤۆلا بە "یەکێک لە گەورەترین بیرمەندانی سەدەی بیستەم" ناو دەبات. ئەمڕۆ زۆرێک لە ئێمە وا تەماشای پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەوروپا دەکەین کە کۆمەڵێک ڕێکخراوی نیمچەلەشکری نازی ساختەن. بەڵام ئەو لایەنانە خۆیان وەک پێشەنگێکی ڕۆحی دەبینن کە هەوڵی پاراستنی بەرزترین بەهاکانی ڕۆح دەدەن.

تێگەیشتن لە نەریتگەرایی هاوچەرخ پێویستی بە تێگەیشتنە لە بنەما فیکرییەکانی بیری ئەم بیرمەندە پێشینانە. هەموو نەریتخوازەکان چیرۆکێک دەگێڕنەوە سەبارەت سەردەمێک کە مرۆڤەکان ڕەگوڕیشەیان لە ماڵە سەقامگیرەکانیاندا داکوتاوە و هەروەها باس لە شێوازێکی ژیان دەکەن کە پچڕانێکی مێژوویی لەناوی برد کە بووە هۆی دروستبوونی سەردەمی مۆدێرنی بێ ڕۆح -جا ئەو سەردەمە بە شارستانیەتی فاوستیانەی (سپێنگلەر) ناوبەرن یان سەردەمی چەندایەتی (گوینۆن)، یان کالی یوگا (گوینۆن و ئیڤۆلا)، یان شتێکی تر-.

نەریتخوازانی ئەمڕۆ کۆک نین لەسەر ئەوەی کەی مێژوو لە ڕێڕەوی ڕاستی خۆی لایداوە. بەڵام هەموویان چیرۆکی جۆرێک لە داڕمان دەگێڕنەوە. پۆدکاستەری ڕاستڕەو مات واڵش دەنووسێت: "ئەوە ڕاستییەکی ئەزموونکراوە کە لە بنەڕەتدا هەموو شتێک لە ژیانی ڕۆژانەماندا بەدرێژایی ساڵان خراپتر بووە". "کوالیتی هەموو شتێک -خواردن، جل و بەرگ، کات بەسەربردن، گەشتە ئاسمانییەکان، ڕێگاوبان، هاتوچۆ، ژێرخان، خانووبەرە و هتد- بە شێوەیەکی بەرچاو داڕماوە."

هەروەها ڕ.ڕ ڕێنۆ، نووسەر لە گۆڤاری (First Things) و یەکێک لە گۆڤارە نەریتخوازە کاسۆلیکییە هەر کاریگەرەکانی ئەمریکا لەم بارەیەوە دەدوێت. چیرۆکی ڕێنۆ سەبارەت داڕمان لە ڕاستیدا لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەست پێناکات. ئەو دەڵێت لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا، ڕۆژئاواییەکان لە نێو ڕووباری خوێندا دەژیان -جەنگ، شۆڕش، جینۆساید-. دوای ئەوەی نازییەکان شکستیان هێنا، زۆر کەس لە سەرانسەری ڕۆژئاوا گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە وابەستەیی زۆر بە نەتەوە و ئایدۆلۆژیاکان و نیشتمان و نەژادەوە بووە هۆی دروستبوونی دڕندەیی. بۆ بەرگرتن لە جەنگە جیهانییەکانی داهاتوو، خەڵکانێک لە کۆمەڵێک کایەی جیاوازدا بە پێویستیان زانی کلتوورێک دروست بکەن کە ڕێگر بێت لەو باوەڕ و دڵسۆزییە بەهێزانە کە ڕەنگە ببێتە هۆی فاشیزم و جەنگ. نموونەیەکی دیاری ئەمانەش (کارل پۆپەر)ی فەیلەسوف بوو کە داکۆکیکاری میتۆدی زانستییە، و کتێبی (کۆمەڵگەی کراوە و دوژمنەکانی)ی نووسیوە. پۆپەر پشتگیری لەو گەل و عەقڵانە دەکات کە داخراو نین بەسەر (ڕاستییە جەوهەرییەکان)دا بەڵکو لەبری ئەوە هەمیشە کراوەن بۆ ئەگەری نوێ. بۆیە فۆرمەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی بەرزکرانەوە بۆ ئەوەی فەلسەفە گەورەکان تێکبدەن. ڕێژەگەرایی ئەخلاقی -واتە هەر کەسێک ئارەزووی خۆیەتی بەها و ڕاستییەکانی خۆی دروستبکات- زاڵ بوو. منداڵان گۆشکران بە پەروەردەکردنی فرەیی زیاتر. وەک ڕینۆ لە کتێبی (گەڕانەوەی خوداوەندە بەهێزەکان)دا باسی دەکات، بیرمەندانی دوای جەنگ گەیشتنە ئەنجامێکی بنەڕەتی: "هەرچی بەهێز بێت -وەک خۆشەویستی بەهێز و ڕاستییە بەهێزەکان- دەبێتە هۆی چەوساندنەوە، لە کاتێکدا ئازادی و خۆشگوزەرانی پێویستی بە دەسەڵاتی خۆشەویستییە لاوازەکان و ڕاستییە لاوازەکانە."

ڕێنۆ دەبینێت کە ئەم کلتووری کراوەییە سەرەتا دوولایەنە بووە. لەلایەک لیبراڵەکان باوەڕیان بە ئازادی شێوازی ژیان هەبوو، لەلایەکی تریش کۆنەپارێزەکان باوەڕیان بە ئازادی ئابووری هەبوو، بەڵام گرنگ ئەوەیە هەردوو لایان باوەڕیان بە سەروەری هەڵبژاردنی تاک هەبوو. واتە من ‌حەقم بە سەر خۆمەوە هەیە؛ و تۆش حەقت بەسەر خۆتەوە هەبێت.

بەڵام هەموو ئەم کراوەییە نەبووە هۆی دروستبوونی نیرڤانایەک بۆ تاکی ئازاد. بەڵکو، بە بڕوای نەریتخوازەکان، بووە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەک کە تێیدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لاواز ببن. کۆمەڵگەیەکی هیچگەرا (نیهیلیست)ی لێکەوتەوە کە مرۆڤەکان نەیانتوانی هیچ ئامانجێکی گەورەی تێیدا بدۆزنەوە. کۆمەڵگەیەکی مەسرەفگەرای لێکەوتەوە کە خەڵکی بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ڕۆحییان شۆپینگ و بازاڕییان دەکرد. بە وتەی ڕینۆ، ئەم کراوەییە بووە هۆی "لێکترازان و لێک‌ هەڵوەشان و پەرت پەرت بوون."

ڕێنۆ دەڵێت: "کە نەتوانین دەستنیشانی ئەوە بکەین چ شتێک لەنێوانمان هاوبەشە -وەک چاکەی گشتی، بەرژەوەندی گشتی، ئامانجی گشتی- ئەوا هەبوونی کۆمارێکیش مومکین نابێت". بۆیە ژیانی مەدەنی دادەڕمێت.

هەرچەندە ئەمڕۆ نەریتگەرایی زیاتر لەسەر ڕەوتی ڕاستڕەو حیسابە، بەڵام هەندێکجار لەوپەڕەی چەپیشەوە سەرچاوە دەگرێت. بۆ نموونە نووسەری بەریتانی پۆڵ کینگسنۆرس، پێش ئەوەی ببێتە نەریتخوازێکی مەسیحی ئۆرسۆدۆکس، ژینگەپارێزێکی چەپی توندڕەو بوو. هەرچەند هەردوو هەڵوێستەکەی هێند لەیەک جیاواز نین -واتە هەردووکیان مۆدێرنیتی تەکنۆکراتی ڕەتدەکەنەوە-. کینگسنۆرس زاراوەیەکی تایبەتی خۆی بۆ مردوویی ڕۆحی ژیانی مۆدێرن داهێنا: زاراوەکەش بریتییە لە "ئامێر - Machine"، کە وەک خۆی دەڵێت، ئەم ئامێرە هەموو کۆمەڵگەی سەرمایەداری و تەکنۆکرات پێکدەهێنێت. لە کتێبەکەیدا بەناوی "دژە ئامێر"، باسی سەردانێکی خۆی دەکات بۆ مارکێتێکی سەوزە و میوە: "ناسروشتیبوونی تەواوەتی ئەم شێوازەی بەدەستهێنانی خۆراکم بینی، هەروەها ناسروشتیبوونی خۆمانم بینی کە لە نێو ئەو بەشانەی مارکێتەکەدا دێین و دەچین کە بە ڕەفەی پلاستیک جیاکراونەتەوە و لەسەر هێڵی ڕێک و ڕاست خواردنەکان دانراون لەناو ئەم سندوقە کانزاییە زەبەلاحەدا، لەبری ئەوەی قارچگەکانمان لە زەوی دارستانێک لێ بکەینەوە."

نووسینەکەی لە سەرەتادا وەک ڕەخنەی ژینگەپارێزێکی کلاسیکی حەفتاکان لە کۆمەڵگەی پیشەسازی دەردەکەوێت، بەڵام ئارگومێنتەکەی درێژدەبێتەوە بۆ ڕەخنەیەکی ڕۆحی و کولتووری فراوانتر لە مۆدێرنیتە. "ئەو ڕادەی کۆنتڕۆڵکردن و چاودێریکردنەی کە ئێمە لە کۆمەڵگە 'پێشکەوتووەکاندا' بەرگەی دەگرین، کە بۆ دەیان ساڵە خێراتر بووە و لە ساڵانی ٢٠٢٠دا گەیشتووەتە خێراییەکی یەکجار زۆر، جۆرێک لە ئۆردوگای زۆرەملێی دیجیتاڵی دروست کردووە کە هەموومان تیایدا گیرمان خواردووە." نووسەر ئایدۆلۆژیای ئامێر وەک "ڕزگارکردنی ئارەزووی تاکەکەسی" دەبینێت کە پەیوەندییە شارستانییە کۆمەڵایەتییەکانمان دەسڕێتەوە و جیهانەکەمان دەکاتە "تەختەیەکی سپی کە سەرلەنوێ لەسەری دەنووسرێتەوە کاتێک سنوورە کۆنەکانی سروشت و کلتوور دەشۆردرێنەوە. ئێستە ئەوەی باوەڕمان پێیەتی ئەمەیە: کە شکاندنی سنوورەکان دەبێتە مایەی بەختەوەری."

"ئامێر" تەنها سیستەمێک نییە لە دەرەوەی ئێمە بەڵکو دۆخێکی دەروونییە لەناوماندا، دۆخێکە لە دەوری عەقڵانییەت، ئابووری، زانستگەرایی، پرۆسەباشکردن و کارایی بنیات نراوە. پاڵنەرەکەی ئەوەیە کە عەقڵی پەتی بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و کۆنترۆڵ و زاڵبوون. ئێمە حەز دەکەین وا بیر بکەینەوە کە نازییەکان تەنها توندڕەو بوون و لە دەرەوەی عەقڵانیەت کاریان دەکرد. بەڵام کینگسنۆرس دەڵێت وا نییە. ئەوان بەرجەستەی تەواوەتی پرۆژەی عەقڵانییەت بوون، زانستی کۆمەڵایەتییان بەکاردەهێنا بۆ ئەندازەکردنی ئەوەی کە بە باشترین کۆمەڵگەیان دەزانی.

ئامێری عەقڵانی هەوڵدەدات مێشکت لەگەڵ بۆتەکانی AI موتوربە بکات کە دەتکەنە شتێکی کەمتر لە مرۆڤ. کینگسنۆرس دێڕێکی بەناوبانگی (وێندێل بێری) دەهێنێتەوە و دەڵێت: "دابەشبوونی گەورەی داهاتووی جیهان لە نێوان ئەو کەسانەدا دەبێت کە وەک بوونەوەر ئارەزووی ژیان دەکەن و ئەوانەشی کە وەک ئامێر ئارەزووی ژیان دەکەن."

کەواتە نەریتخوازان/کۆنەپارێزان چ جێگرەوەیەک بۆ کلتووری هاوچەرخ پێشکەش دەکەن؟

یەکەم: ئەوەی دەیانەوێت پێشکەشی بکەن (ڕەگ و ڕیشە) داکوتینە. جەوهەری مۆدێرنیتە بریتییە لە ئازادی. واتە ئەوەی حەزت لێیە دەیکەیت. دەتوانیت بۆ خوێندن لە زانکۆ زۆر دوور بڕۆیت، لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر هاتووچۆ بکەیت، بەناو کولتوورە جیاوازەکان و بژاردەکانی شێوازی ژیاندا گەشت بکەیت.

بەڵام نەریتخوازەکان ئەم شێوازە ژیانە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە دەبێتە هۆی ژیانێکی بێ ئامانج و کورتخایەن. ئالان نۆبڵ، مامۆستای ئەدەبیات لە زانکۆی باپتیستی ئۆکلاهۆما لە کتێبی (تۆ هی خۆت نیت: پاپەندبوون بە خوداوە لە جیهانێکی نامرۆڤانەدا) دەنووسێت: "مرۆڤی مۆدێرن لە یەک کاتدا سەر بە هەموو شوێنێک و سەر بە هیچ شوێنێکیش نییە". کەسێکی لەم جۆرە هەمیشە شت تاقی دەکاتەوە بەڵام بێ ڕەگ و ڕیشەیە. بۆیە کاتێک پێشکەوتنخوازان دەڵێن کە ئەمریکا قەیرانی نیشتەجێبوونی هەیە، نەریتخوازەکان بەرپەرچیان دەدەنەوە و دەڵێن ئەو گرفتەی بەڕاستی ئەمریکا هەیەتی قەیرانی (ماڵ)ە نەک نیشتەجێ بوون. [بە ڕای نەریتخوازان]، گۆڕانە کلتوورییەکان و ژمارەی زۆری کۆچبەران مانای ئەوەیە کە مرۆڤ تەنانەت لە وڵاتەکەی خۆشیدا ناتوانێت هەست بەوە بکات کە لە ماڵی خۆیدایە.

بە پێچەوانەی پێشکەوتنخوازەنەوە، نەریتخوازان وابەستەیی بە جێگیری و سەقامگیرییەوە پێشکەش دەکەن. لای کەسی نەریتخواز، یەکەی سەرەکی ژیانی کۆمەڵایەتی مۆدێرن بریتی نییە لە تاکی سەروەر و ئازاد؛ بەڵكو بریتییە لە پەیمانێکی کۆمەڵایەتی کە مرۆڤەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئێمە بۆ ناو بۆشایی لەدایک نەبووین. ئێمە لەناو خێزانێکی دیاریکراو، گەڕەکێکی دیاریکراو ، هۆزێکی دیاریکراو ، بۆ باوەڕێکی دیاریکراو لەدایک دەبین. ژیانت لە ڕێگەی زنجیرەیەکی گەورەی پەیوەندییەوە بەستراوەتەوە بە باوباپیرانتەوە، کە ڕێزیان لێدەگریت، هەروەها بە نەوەکانی داهاتووەوە، کە خزمەتیان دەکەیت. لە خەیاڵی نەریتگەراییدا مرۆڤەکان لەو شوێنەی زەویدا دەچێنرێن کە ئێسکی باوباپیرانیانی لێیە، لەو شوێنەی کە دەتوانرێت بە گەرمی بناسرێن و بە قووڵی خۆشبویسترێن، لەو شوێنەی چیرۆک و کارامەییەکان لەلایەن گەورەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ نەوەکانیان، لەو شوێنەی کە گرد و دارەکان ئەوەندە باش دەناسن کە بچم و ڕووخساریان لە دڵیاندا هەڵکەندراوە. پابەند بوون بە پەیمانەکانتەوە جەوهەری ژیانی ئەخلاقی پێکدەهێنێت. نەریتخوازەکان ئامادەن سنوورێک بۆ ئازادی خۆیان قبوڵ بکەن بەو مەرجەی بتوانن لە چوارچێوەی تۆڕێکی ناوخۆیی وابەستەی بەهێزدا بژین کە مانا بە ژیان دەبەخشێت.

دووەم: نەریتخوازان ئەفسون و تەلیسم و دڵڕفێنی پێشکەش دەکەن. مۆدێرنەکان، پێیان وایە، لە چوارچێوەی ئەو شتەدا دەژین کە ماکس ڤێبەر ناوی لێنابوو "قەفەزی ئاسنین"ی عەقڵانییەت و بیرۆکراسی، کە خاڵییە لە هەر تەلیسم و دڵڕفێنییەک. ئامانجەکانی زانست و سەرمایەداری، پراگماتیکی و ماتریالیستی و ئامرازین. لە جیهانێکی بێ تەلیسمدا، ئایین و زانستە مرۆییەکان و شیعر و ڕۆحیش وشک هەڵدەگەڕێن. هەر وەک ڕ.ڕ ڕێنۆ دەڵێت، خوێندنەوەی ڕۆمانی (میدڵمارچ)ی جۆرج ئیلیەتمان بۆچییە لە کاتێکدا دەتوانین لە ئابووریناسێکی ڕەفتاریی پڕ چەک بە توێژینەوە لەسەر پەیوەندییەکان و لادانە پێوەرییەکان، سەبارەت بە هاوسەرگیری فێر ببین؟

نەریتخوازەکان بەگشتی باوەڕیان بە کایەی ڕۆح لە سەرووتێگەیشتنی مرۆڤەوە هەیە کە لە سەرەوە و لەپێش ئەو جیهانە بوونی هەیە و لە ڕێگەی هەستەکانمانەوە ئەزموونی دەکەین. ئەم ئاستە سەرووتێگەیشتنەی واقیع سەربەخۆیە لە تۆ -لەلایەن خوداوە دیاری کراوە، لەناو نهێنییەکانی سروشتدایە، زیاتر لە ڕێگەی ئەفسانە و گۆرانییەوە دەربڕدراوە نەوەک لە ڕێگەی بیرکردنەوەی شیکارییەوە-. کینگسنۆرس دەنووسێت: "هەموو کلتوورێک، پێی بزانێت یان نا، لە دەوری نەزمێکی پیرۆز بنیات نراوە. ئەمە بێگومان پێویست ناکات نەزمێکی مەسیحی بێت، دەکرێت ئیسلامی، هیندۆسی یان داوی بێت. دەکرێت لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە باوباپیران یان پەرستنی 'ئۆدین' بێت. بەڵام لە دڵی هەموو کلتوورێکدا تەخت و تاجێک هەیە، هەرکەسێک لەسەری دابنیشێت، دەبێتە ئەو هێزەی کە تۆ ڕێنماییەکانتی لێ وەردەگریت."

سێیەم: نەریتخوازان ڕێکخستنی ئەخلاقی پێشکەش دەکەن. [بەلای ئەوانەوە] چاکە و خراپە بابەتی هەڵبژاردنی تاکەکەسی نین. یاسای سروشتی لەلایەن خوداوە لە ناو قوماشی گەردووندا چنراوە. نەریتخوازان پەست دەبن کاتێک خۆیان لە کلتوورێکدا دەبیننەوە کە ناتوانن چی دی پێناسەی ژنی تێدا بکەن چونکە پێیان وایە کە پۆلێنکارییەکانی وەک ڕەگەز لە بنچینەکانی یاسای سروشتین.

چوارەم شت کە نەریتخوازەکان پێشکەشی هەوادارانیان دەکەن، خۆپاراستنە لە کاولکارییە کلتوورییەکانی مۆدێرنیتە. پێشکەوتنخوازانی مۆدێرن خراپەکارییەکانی کۆلۆنیالیزم سەرکۆنە دەکەن. بەڵام بەلای نەریتخوازنەوە، پێشکەوتنخوازان خۆیان کۆلۆنیالیستن: پەروەردەکارانیان دیاری دەکەن کە چ ئایدۆلۆژیایەک بخرێتە مێشکی منداڵەکەتەوە، دەروونناسەکانیان بۆت پێناسە دەکەن چۆن خێزانەکەت پەروەردە بکەیت، پۆلیسی بیرکردنەوەیان دیاری دەکەن کە چ وشەیەک دەتوانێت لە دەمتەوە دەربچێت. بە لای کەسانی نەریتخوازەوە، پسپۆڕانی پیشەیی وەک -کارمەندانی کۆمەڵایەتی، کارگێڕانی زانکۆ، چارەسەرکارانی دەروونی، کارمەندانی DEI و میدیا- ئەمەنە هەموویان هێزی نیمچەلەشکری زاڵبوونی نوخبەن. بەڵام لە وەڵامی هەموو ئەمانەدا، نەریتخوازەکان دەیانەوێت هاوکاری خەڵک بن کە کلتووری خۆیان بخەنەوە ژێر ڕکێڤی خۆیانەوە.

ئەو کەسانەی لەم وتارەدا وتەکانیان دەنهێنمەوە زۆربەیان ڕۆشنبیرن، بەڵام دڵسۆزییان لەگەڵ چینی کرێکاردایە، چونکە هەمان بیروباوەڕیان (یان لانیکەم پێیان وایە) هەمان بیروباوەڕ هاوبەشی پێدەکەن. مێژوونووس کریستوفر لاش لە کتێبی (بەهەشتی ڕاست و تاقانە)دا نووسیویەتی: "کلتووری چینی ناوەڕاستی خوارەوە، ئێستا وەک ڕابردوو، لە دەوری خێزان و کڵێسا و گەڕەک ڕێکخراوە. بەردەوامی جڤات بە بەهاتر دەزانێت وەک لە پێشکەوتنی تاکەکەسی، هاودەنگیی بە گرنگتر دەزانێت وەک لە پلەبەرزبوونەوەی کۆمەڵایەتی." چینی کرێکار پێویستی بە سیمینار نییە بۆ ئەوەی فێری نەریتەکانی خۆی ببێت؛ بەڵکو خۆڕسکانە لە چەمکەکانی تێدەگات.

شەڕی کلتووری نێوان مۆدێرنیستەکان و نەریتخوازەکان تەنیا لە نێوان چین و توێژەکانی ناو گەلاندا نییە، بەڵکو لە نێوان شارستانیەتەکانیشدایە. هەر چەند ساڵ جارێک ڕاپرسی دەزگای (World Values Survey) لە کلتوورە جیاوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکۆڵێتەوە. ئەوروپای پرۆتستانت و جیهانی ئینگلیزی زمان، لەوانەش ئەمریکا، بەهۆی جەختکردنەوەیەکی زۆریان لەسەر سەربەخۆیی تاک و خۆ دەربڕین و بەها کۆمەڵایەتییە عەلمانییەکان جیا دەکرێنەوە. بەڵام زۆربەی وڵاتانی تری جیهان بەهایەکی زیاتر بە ڕێکخستنە خێزانییە نەریتییەکان و گرنگی ئایین و ڕێزگرتن لە دەسەڵات دەدەن. ڕەنگە ئێمەی مۆدێرن وا بیر بکەینەوە کە خاوەنی داهاتووین، بەڵام نەریتخوازەکان دۆخی خۆیان بەدڵە. ئەگەر ئەمە شەڕێکی کولتووری جیهانیی بێت، ئەوا شەڕی هەموو جیهانە لە دژی ئێمە.

هۆکاری ئەوەی کە زۆر بە درێژی لەسەر بنەما و تایبەتمەندییەکانی نەریتگەرایی ڕۆشتم ئەوەیە دەمەوێت باسەکەم ئەوەندە دروست بێت کە نەریتخوازەکان خۆیانی تێدا ببیننەوە، و ئەوەندەش وورد بێت کە تەنانەت مۆدێرنە پێشکەوتنخواز و ڕۆشنگەرخوازەکانیش بتوانن لە سەرنجڕاکێشیی بیرۆکەکانی نەریتخوازان تێبگەن.

دان بەوەدا دەنێم کە کەمێک هەست بە هاوسۆزی دەکەم بەرامبەر هەندێک لە ئارگیومێنتە نەریتخوازەکان. یەکێک لە تێڕوانینە دڵخوازەکانم لە دەروونناسیدا ئەوەیە کە: ژیانێکی سەرکەوتوو و باش ڕێکخراو لە گەڕانی بوێرانەوە و لە بناغەیەکی پڕ ئارامی و ئاساییشەوە دروستدەبێت. نەریتخوازان ڕاست دەکەن کە دەڵێن یەکێک لە کێشە ناوەندییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ئەوەیە زۆر کەس ئەو بناغە ئارام و ئاسایشەیان لەدەستداوە کە بریتییە لە -ماڵ و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر، پەیوەندی سۆزداری تۆکمە، ئاسایشی دارایی، کلتوورێکی یەکگرتوو، و تێگەیشتن لەوەی کە ژیانمان لە چوارچێوەی نەزمێکی ئەخلاقی هاوبەشدا جێگیر بووە.

کێشەی من لەگەڵ نەریتخوازاندا ئەوەیە هاوڕا نیم لەگەڵ پێناسەیان بۆ ژیانێکی گەشەسەندوو. نەریتخوازان لەو جۆرە کەسانەن کە نمرەی زۆر کەم دەهێنن لەو سیفەتە کەسییەدا کە پێی دەوترێت "کراوەیی بۆ ئەزموونکردن". ئەوان بە شێوەیەکی سەرسەختانە سەرنجیان لەسەر بناغەی پڕ ئاساییشە و پێدەچێت هیچ ئارەزوویەکیان نەبێت بۆ سەرکێشییە بوێرەکان. پێدەچێت بیانەوێت ژیانێکی وەستاو و مەنگیان هەبێت.

ئەوەش قەیناکە، و هەر یەکێکمان زەوقێکی جیاوازی هەیە. بەڵام نەریتخوازان مێژوو دەشێوێنن کاتێک بەشێوەیەک دەینووسنەوە وەک ئەوەی هەموو مرۆڤەکان هەمیشە ئارەزووی ژیانی وەستاویان کردبێت و دەبێت ئامانجمان وەک کۆمەڵگە ئەوە بێت کە ژیانی وەستاو بکەینە پێوەر.


هەموو نەریتخوازەکان، لە سپێنگلەرەوە تا کینگسنۆرس، چیرۆکی پچڕانێکی مێژوویی دەگێڕنەوە کە کلتووری باوباپیرانمانی لەناو بردووە و بووەتە هۆی دروستبوونی سەردەمی مۆدێرنی بێ ڕەگوڕیشە و بێ ڕۆح. بەڵام هیچ کاتێک پچڕانێکی مێژوویی لەو جۆرەی ئەوان باسی دەکەن ڕووی نەداوە. هەروەها هیچ ساتێکیش نەبووە کە مرۆڤەکان بۆ هەمیشە ڕازی بووبن بە مانەوە لە چوارچێوەی بێ کێشەی گوندەکانیاندا. مێژوو هەمیشە لەو چوارچێوە پڕ گرژییەی نێوان ئارەزووی ئارامی و ئارەزووی فێربوون و گەڕان و جووڵە و گەشەکردندا ژیاوە. ڕەنگە مرۆڤە سەرەتاییەکانی جۆری هۆمۆ ئرێکتەس Homo erectus یەک ملیۆن و نۆسەد هەزار ساڵ لەمەوبەر حەزیان لەوە بووبێت لە کۆمەڵگە بچووکە ئەفریقییەکانی خۆیاندا بمێننەوە -بەڵام سەرەباری ئەوە هێشتا خۆیان گەیاندووەتە شوێنە دوورە دەستەکانی وەک چین و ئەندەنوسیا. ڕەنگە پۆلینیزییە سەرەتاییەکان دوورگەکانی زێدی خۆیان خۆشویستبێت -بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەستیان بەو حەزە کردووە بۆ گەڕان و نیشتەجێبوون لە کۆمەڵێک دوورگەی بچووکی ناو پانتایی زەریای هێمندا کە ڕووبەرەکەی ملیۆنان میل چوارگۆشەی گرتووە. (ئەم کارەشیان لە سەردەمێکدا کردووە کە ئامێری کەشتیوانی مۆدێرن بوونی نەبووە، کاتێک یەک هەڵەی بچووک لە بڕیاردا دەیتوانی لەناو زەریای هێمنی زەبەلاح و چۆڵدا بەلاڕێتدا بەرێت.)


مرۆڤ لەلایەک پێویستی بە ئاسایشە و لەلایەکی تریش پێویستی بە بەدواداگەڕانە و سەرکێشییە، هەم پێویستی بە وابەستەییە و هەم بە سەربەخۆیی، هەم پێویستی بە سەقامگیری و هەم بە داهێنانە. ژیانمان بەهۆی ئەم هاودژیانەوە دەبزوێت، کە شتێکە هەرگیز چارەسەرەی نییە.

نەریتخوازەکان هەوڵدەدەن لە خەونی یەکگەری یان یەکباوەڕیدا بژین- ئەو خەونەی کە دەتوانێت کۆمەڵگەیەک بنیات بنێیت کە هەموو پارچەکان بە ڕێکوپێکی پێکەوە بگونجێن. بەڵام ئەو بەها زۆر و فرەچەشنانەی مرۆڤەکان لایان گرنگە هەرگیز بە ڕێکوپێکی پێکەوە ناگونجێن. لە هەموو کلتوورێکدا، گروپەکان مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکەن کە کام بەها لە بارودۆخی ئێستادا دەبێت لە پێشینە بێت. هەرگیز شوێنێکی ئارام بۆ پشوودان نەبووە، هەرگیزیش نابێت.

هەندێک لە نەریتخوازان وا قسە دەکەن گوایا مەسیحییەتی قۆناغە سەرەتاییەکان یان مەسیحییەتی سەدەکانی ناوەڕاست ئەو جیهانە نموونەییە ئارامگرتووەیە کە دەیانەوێت بۆ بگەڕێنەوە. لایان وایە سەردەمانێک مرۆڤەکان لە نزیک خاکەوە دەژیان و ئیمان دایپۆشی بوون -هەتاوەکو [وەک نەریتگەراکان دەڵێن] هێزە نامرۆڤانەکانی دیموکراسی و سەرمایەداری و زانست و تەکنەلۆژیا هاتن و هەموو شتێکیان تێکدا. بەڵام لە ڕاستیدا یەهودیەت و مەسیحییەت خۆیان جیا نین لە دیموکراسی و سەرمایەداری و زانست و باقی مۆدێرنیتە. لە ڕاستیدا خۆیان زۆرێک لەو یاسا و بیرۆکانەیان فەراهەم کرد کە بوونە بنەمای مۆدێرنیتی پاش-ڕۆشنگەری، بە نموونە: هەموو مرۆڤەکان لە ڕووی ئەخلاقییەوە یەکسانن؛ ڕێز لە ویژدانی تاک بگرن؛ مێژوو بە ئاراستەیەکی هێڵیی دەجووڵێت؛ هەر تاکێک خاوەن بانگەوازی خۆی و مافی زەوتنەکراوی خۆیەتی. عیسا خۆی بە ئاستەم لایەنگری دۆخی ئارامگرتوو بوو. خۆی ڕادیکاڵێکی جوولەکە بوو کە هەموو پێکهاتەکانی دەسەڵاتی کۆمەڵگەکەی قڵپ کردەوە.

کەواتە با لێرەوە گێڕانەوەی مێژوویی خۆم پێشکەش بکەم و باس لەوە بکەم کە لە کوێدا لەگەڵ نەریتگەراییدا یەک دەگرێتەوە و لە کوێشدا لێی جیا دەبێتەوە. ئەو چیرۆکەی دەیگێڕمەوە کاروانێکی دوور و درێژی کۆسپ و هەڵبەزو دابەزەکانە. هەندێک سەردەم هەن زیاتر سیفەتی کۆمەڵی و هاوبەشانەیان هەیە و هەندێک سەردەمیش هەن زیاتر تاکگەرایین؛ هەندێک سەردەم هەن زیاتر ئایینین و هەندێکیان زیاتر عەلمانین. بەڵام لە ڕۆژئاوا ئەم گۆڕانکارییە کلتوورییانە زیاتر لەلایەن کەسانێکەوە سەرکردایەتی کراون کە هەوڵی پێشخستنی مرۆڤایەتییان داوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ پێداویستییەکانی ئەو ساتە. پرۆسە مێژووییە پڕ کۆسپەکە دەشێت زۆر ناشرین بێت -پڕی بووە لە شەڕ، دڕندەیی، کۆمۆنیزم. بەڵام بەگشتی ئێمە بەرەو پێشەوە ڕۆیشتووین. لە زانکۆی هارڤارد، زانای ناسیاریناسی (ئیدراک) ستیڤن پینکەر دە ساڵ یان زیاتری بەسەر بردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری بێشوومار کە دەریدەخات ژیان لە سەردەمی ڕۆشنگەرییەوە ئارامتر و دەوڵەمەندتر و ئاسوودەتر و دڵخۆشتر و فێرکاری تر بووە -هەروەها بە لەو کاتەوە تەمەن درێژتر بووە. پێشکەوتنی ئێمە تەنها ماددی نەبووە؛ بەڵکو ئەخلاقیش بووە. ئەو شتانەی کە کۆمەڵگەکانی ئێمە لایان ئاسایی بوو وەک -ئەشکەنجە، کۆیلایەتی، دڕندەیی- ئێستا هەم لەلایەن یاسا و هەم لە داب و نەریتدا بە قبوڵنەکراو دادەنرێت. زانای سیاسی کۆچکردوو جەیمس کیو ویلسۆن لە کتێبی (The Moral Sense)دا دەڵێت "سەرنجڕاکێشترین گۆڕانکاری لە مێژووی ئەخلاقی مرۆڤایەتیدا سەرهەڵدان -و ناوبەناو جێبەجێکردنی- ئەو بۆچوونە بووە کە هەموو مرۆڤەکان، نەک تەنها ئەو مرۆڤانەی لە یەک نەژادن، مافی ئەوەیان هەیە مامەڵەی دادپەروەرانەیان لەگەڵدا بکرێت."

کە سەیری ٧٠ ساڵی ڕابردوو دەکەم -ساڵانێک کە نەریتخوازەکان دەڵێن پڕن لە داڕزانی ئەخلاقی- دەبینم بازنەی خەمخۆرییەکان سەرسوڕهێنەرانە فراوان بووە. جیاکاری و نەژادپەرستی کەم بووەتەوە. ملیارەها ژن چانسی زیاتریان هەیە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، و سەرکەوتنی پیشەییان یەکسانە بووە بە سەرکەوتنی پیاوان. کۆڵۆنیالیزم ڕەتکراوەتەوە. هەروەها گەورەترین کەمبوونەوەی هەژاری جیهانیمان لە مێژووی خۆیدا بینیوە. ئەمریکا خۆی دەرفەتی فراوانتر کردووە لە دەرەوەی مرۆڤی سپی پێست و پرۆتستانت. تەنانەت یاسامان دەرکردووە بۆ کەمکردنەوەی دڕندەیی بەرامبەر بە ئاژەڵەکان.

بەڵام هەر ساتێکی پێشکەوتنی گەورەی کلتووری یان کۆمەڵایەتی باجی خۆی هەبووە. لە ماوەی ئەم ٧٠ ساڵەی ڕابردووی پێشکەوتندا، کلتوورەکەمان بە ئاراستەی ئۆتۆنۆمی و تاکگەرایی و هەبوونی بژاردەکاندا ڕۆیشتووە. ئەمەش داهێنان و ئازادی دروستکردووە، بەڵام پەیوەندی نێوانی مرۆڤەکان و ئەو پابەندبوونە سەرەکییانەی کە لە پێش بژاردەکانەوە دێن وەک -خێزان، گەڕەک، باوەڕ و نەتەوە- لاوازکردووە. وەک بەشێک لەم مەیلە گشتییە بەرەو تاکگەرایی، ئەخلاقمانی وەک کەرتی تایبەتی لێ کردووە، بە خەڵک دەڵێت خۆتان بەهاکان بۆ خۆتان دابنێن.

ئازادی گەورەیە، بەڵام گەورە نییە ئەگەر نەزانیت بەدوای چ ئامانجێکدا دەگەڕێیت. کلتووری مۆدێرن و تاکگەرایی ئێمە کەوتۆتە ژێر ئەو باوەڕەی کە تاکەکان توانای داڕشتنی ئەخلاقی خۆیان هەیە. هیچ بەڵگەیەکی مێژوویی پشتگیری ئەم بۆچوونە ناکات.

هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنمان لە ڕووی زانستی و تەکنەلۆژیاوە، شتێکمان لەبیرکردووە کە نەریتخوازەکان لێی تێدەگەن: مرۆڤەکان بەهای ئەخلاقی و هەستی ئامانجداریان و شێوازی ژیانیان لە ناو نەریتێکەوە هەڵدەمژن. [بە نموونە] گرنگترین دەقی نەریتیی ئەخلاقی ڕۆژئاوا بریتییە لە (ئنجیل) یا کتێبی پیرۆز. تەنانەت ئەو کەسایەتییە مێژووییانەی کە باوەڕداری ئایینی گەورە نەبوون -وەک شکسپیر، تۆماس جێفرسن و ئەبراهام لینکۆڵن- ئنجلی ئایینەکەی خۆیان دەناسی. دووەم گرنگترین نەریتی دانایی ئەخلاقیمان بریتییە لەو لاشە گەورەیە لە کاری هیومانیزم و مرۆڤدۆستی (واتە ڕۆمان و تابلۆ و شیعر و دراما و مێژوو و کارە فەلسەفییە گەورەکانی بیرمەندان و هونەرمەندانی هەموو جیهان) .

لە پەلەپڕوزکێماندا بەرەو ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی خۆمان، نەمانتوانیوە ئەم سەرچاوانەی دانایی ئەخلاقی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر بگوازینەوە. ڕۆ‌حی تاکگەرایی وای لێکردووین خۆمان لە نەریتەکانی خۆمان داماڵین: ئێمە هێندە سەرنجمان خستووەتە سەر خودی تاکگەرای خۆمان کە شکستمان هێناوە لەوەی قەدری ئەو گفتوگۆ هەزاران ساڵەیە بگرین کە هەر خودێک لەناویدا مەلە دەکات. ئەم ڕەتکردنەوەی نەریتە بەشێکی خەتای ئایدۆلۆژیا بووە. بە نموونە ساڵی ١٩٨٧ کۆمەڵێک خوێندکاری پێشکەوتنخوازی زانکۆی ستانفۆرد لە ئەمریکا دروشمی "هێی، هێی، هۆ، هۆ ... کۆی کلتووری ڕۆژئاوا دەبێت لاچێت!" بەرز دەکەنەوە. ئەوان بەشێک بوون لە هەوڵێکی فرە-نەوەیی بە سەرکردایەتی کەسانێک کە پێیان وابوو لەبەر ئەوەی شارستانیەتی ڕۆژئاوا کۆلۆنیالیزمی بەرهەم هێناوە، ئیدی پێویستە هەموو دانایی بەکۆمەڵی نەریتی ڕۆژئاوایی فڕێ بدرێتە ناو زبڵ و خاشاکەوە. بەڵام پێموایە ئەمە بۆ خۆی کورتبینیی بوو. [یەکێ لە گرفتەکانی تر ئەوە بوو] چەند نەوەیەک لە دایک و باوک و پەروەردەکاران و قوتابیان بڕیاریان دا کە گرنگترین بابەتەکان بۆ خوێندن تەنها ئەو بابەتانە بن کە فێری بەدەستهێنانی پارە و داراییت دەکەت. ئەوان بەهای زانستە مرۆییەکانیان لەیاد کرد.

لەدەستدانی زانین (مەعریفە)ی شارستانی و ئەخلاقی کە ئەمەی سەرەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە، لێکەوتەی پراکتیکی هەبووە لەسەر ئەرزی واقیع، بە نموونە: بیرکردنەوەی شێواو لەلایەن کەسانێکەوە کە هەرگیز فێری ئەوە نەکراون کە چۆن بەڵگەکان بهێننەوە و بگەنە ئەنجام، یان دان بە کەموکوڕیەکانی بەڵگەهێنانەوەی خۆیاندا بنێن؛ هەروەها دابەزینی سەرسوڕهێنەری خوێندەواری؛ تەشەنەسەندنی تەنیایی؛ هەستی بێ ئامانجی کە چەندین کەس بە دەستیەوە دەناڵێنن؛ کەسانێک کە نە لە خۆیان و نە لەوانی تریش تێدەگەن. دەبێت شارستانییەتێک چەندێک نەخۆش بێت کە نەتوانێت سەرچاوەی حیکمەت و ماناکانی خۆی بۆ منداڵەکانی بگوازێتەوە؟

لەبەر ئەوەی ئێمە نەریتە مرۆڤدۆستانەکانی خۆمان پشتگوێ خستووە، کەلێنێکی گەورە لە نێوان پێشکەوتنی زانستی و تەکنەلۆژی و ئابووریمان لە لایەک و خراپبوونی کۆمەڵایەتی و سۆزداری و ڕۆحیمان لە لایەکی دیکەوە دروستبووە. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بەوە نییە کە بگەڕێینەوە بۆ کۆن و لەناو دەیر و خانەقا و ڕاهیبخانەکاندا بژین. هەروەها پێویست ناکات خۆمان لە دابونەریتی ساڵانی ١٩٣٠ی شارستانییەتی ڕۆژئاوادا قەتیس بکەین، یان لەناو بە حساب ئەوەی ناویان ناوە کلتووری باڵای ساڵانی ١٩٥٠دا بژین.

من لەگەڵ نەریتخوازەکاندا هاوڕام کە نەریت گرنگە، بەڵام وەک شتێک بیری لێناکەمەوە کە پێویستە بگەڕێینەوە بۆی. بەڵکو وەک شتێک دەیبینم کە هەر نەوەیەک پاڵ بەرەو پێشەوە دەنێت. بۆ ئەمەش پێویستمان بە ڕێنێسانسێک (ژیانەوەیەک)ی مرۆڤدۆستانە هەیە. لە قوتابخانە و زانکۆ و کلتووردا بەگشتی پێویستە ڕوونتر سەرنجمان لەسەر پرسیارە گەورەکانی ژیان بێت وەک:من ئامانجم چییە؟ نەوەی داهاتوو چۆن بژی؟ جوانی دەبێت چ ڕۆڵێک لە ژیانمدا بگێڕێت؟ چۆن هاوڕێیەتی دروست بکەم؟ چی قەرزاری هاوژینەکەم، کۆمەڵگەکەم، نەتەوەکەمم؟ پێویستە ئەوەی باشترینی هەموو شارستانییەتە گەورەکانی جیهانە و بیری لێکراوەتەوە و گوتراوە بەکاری بهێنین، بەڵام بە تایبەتی لەلایەن شارستانییەتی ڕۆژئاواییەوە کە ماڵی تایبەتی خۆمانە، سەرچاوەی سەرەکیمانە لە کاتێکدا هەوڵدەدەین بەرەو داهاتوویەکی باشتر هەنگاو بنێین.

هەرچەندە کریستوفەر لاش خۆی بە چەپی سیاسی دەزانی، بەڵام هەندێک جار بەهۆی شاگەشکەبوونی بە ڕەگوڕیشە داکوتین و کۆمەڵگە و خێزانی نەریتی و ڕەخنەی لە نوخبەی شایستگەرا، نەریتخوازەکان ئامێزی بۆ دەکەنەوە. لاش دەڵێت: "نەریتی پۆپۆلیستی هیچ دەرمانێکی بۆ هەموو ئەو نەخۆشییانەی کە جیهانی مۆدێرن تووشی بووە پێ نییە. ڕاستە پرسیارى دروست دەکەن، بەڵام کۆمەڵە وەڵامێکى ئامادەکراومان نادەنێ." نەریتخوازانیش هیچ دەرمانێکی چارەسەریان پێ نییە، بەڵام پرسیاری دروستیش دەکەن. ئەوان ئەوەمان بیردەخەنەوە کە چەندە گرنگە خۆمان و منداڵەکانمان لەناو ئەو گفتوگۆ گەورە مرۆڤدۆستانەدا بچەسپێنین کە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. ئەوەی پێویستە لە نەریتخوازەکان وەریبگرین، ئەو بیرۆکەیەیە کە گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەکەمان بۆ میراتی مرۆڤدۆستانە و سەرچاوە درێژخایەنەکانی مانا لە ڕاستیدا دەتوانێت یارمەتیدەرمان بێت باشتر بەڵێنەکانی پێشکەوتن بەدی بهێنین.

###
* دۆکترینی مۆنرۆ: ئاماژەیە بە بنەمایەکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا کە لەلایەن پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا (جەیمس مۆنرۆ)وە لە ساڵی ١٨٢٣ داڕێژرا و ڕاگەیەندرا .پەیامە بنەڕەتییەکەی بریتی بوولە: ١) نابێت زلهێزه کانی ئەورووپا کۆلۆنی نوێ دابمه زرێنن یان دهستێوەر بدەن له کاروباری وڵاتانی نیوه-گۆی ڕۆژئاوا 'واتە ئەمریکای باکوور و باشوور'. ٢) لە بەرامبەردا ئەمریکا بە گشتی دەستوەرنادات لە شەڕەکانی ئەوروپا و کاروباری ناوخۆی ئەوروپادا. کاتێک خەڵک دەڵێن ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت "بگەڕێتەوە بۆ دۆکترینی مۆنرۆ"، بە گشتی مەبەستیان زیندووکردنەوەی هەموو بەشەکانی ئەو سیاسەتە نییە، بەڵکو مەبەستیان سەیرکردنی نیوەگۆی ڕۆژئاوایە وەک ناوچەیەک کە پێویستە ئەمریکا کاریگەری باڵادەستی هەبێت. بە نموونە: کەمکردنەوەی کاریگەریی زلهێزەکانی دەرەوە -بەتایبەتی چین، بەڵام ڕووسیا و ئەوانی دیکەش- لەسەر ئەمریکای لاتین و ناوچەی کاریبی – و-.

Why Reactionaries Are Taking Over the World - The Atlantic


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن