7وتار

لە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا با میدیای کوردی لەوشەی ناشیرین پاککەینەوە

4/21/2026 12:34:00 PM
فارس نەورۆڵی

لە ساڵی ١٨٨٩، واتە ١٢٨ ساڵ پێش ئێستا، میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە چاپگەیاند بەناوی ڕۆژنامەی کوردستان. لەو کاتەوە ڕۆژنامەگەری بووە بە پایەیەکی گرنگی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک دەنگی گەل و ئامرازێکی گرنگی پاراستنی ناسنامەی کورددا بووە.

هەر لە سەرەتادا ڕۆژنامەی کوردستان وەک شۆڕشێکی مەعریفی و ڕۆشنبیری و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و بڵاوکردنەوە و برەودان بە زمانی کوردی، وشیارکردنەوەی هەستی نەتەوەیی و گواستنەوەی هەواڵی فیکری، سیاسی و کولتووری ئەژمارکراوە.
بۆیە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی تەنها یادکردنەوەیەک و بیرهێنانەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەبێت وەک هەلومەرجێک و وێستگەیەک بیکەینە هۆکاری بەخۆداچوونەوەی کۆی میدیای کوردی و پشکنینی ئێستا و دانانی بەرنامەیەک بۆ ئێستا و داهاتووی ڕۆژنامەگەری کوردی.

چونکە ئەرکی ڕۆژنامەگەری کوردی لە ئێستادا زۆر قورس و سەخت و هەستیارە. ڕۆژنامەگەری کوردی، یان بە فراوانتر میدیای کوردی، تەنها وەک بڵاوکردنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو وەک چاودێر و ڕەخنەگرێکی بێلایەن و ڕاستکەرەوەی خواروخێچیەکان دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.

هەمووان دەزانن، لەبەر پاڵپشتیی دارایی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن حیزبەکانەوە، ڕەنگدانەوەی هەژ مونی  ئەو لایەنانەی پێوە دیارە کە پاڵپشتی دارایی ڕۆژنامە یان میدیاکان دەکەن. لێرەدا ئەو ڕاستییە خۆی نیشان دەدات: مادام میدیا داهاتی سەربەخۆ نییە، ناتوانێت بیرکردنەوەی سەربەخۆی تەواوی هەبێت.

بۆیە ئەو وتەیە خۆی مانیفێست دەکاتەوە کە دەڵێت: (ڕۆژنامەگەری درێژکراوەی ئیحساسی ئەو ناوەندو کەسایەتیانەیە کە پاڵپشتیی دەکەن).

بەڵام دەکرێ لە پرسە هەستیارە نیشتیمانییەکاندا، بە تایبەتی کە ئێستا لە سەر دەمی  تەکنەلۆجیا و میدیای کۆمەڵایەتی و خێرایی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانداین و لە دۆخێکی پڕکێشە و قەیرانداین، پێویستە میدیا و ڕۆژنامەگەری کوردی بۆ چاکەی گشتی کار بکەن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێرشە میدیایی و دەرونییانەدا ببنەوە کەدەکرێتە

سەر هەرێمی کوردستان کاری دڵسۆزانەی لەسەر بکرێت و حیزبەکان و ئەوانەی پاڵپشتیی میدیای سێبەر و حیزبی دەکەن، ڕەچاوی ئەو خاڵە بکەن و داوای حیزبی یان  بەسەردا نەسەپێنن. بۆ هەمو دۆخێک.

بۆ ئەوەی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی بکەینە وێسگەیەک بۆ بانگهێشتکردن و کارکردنێک بۆ پاککردنەوەی میدیای کوردی لە وشەی ناشیرین و نا ئەخلاقی و گەڕانەوە بۆ ئەرکە ڕەسەنەکەی، لە هەمان کاتدا پێویستە هەموو میدیاکان پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ خۆیان وەک میدیاکار و وەک دامەزراندنەکانیان بکەن و ئەرکە پیشەییەکانیان وەک خۆی جێبەجێ بکەن.

خزمەتی کوردستان و هاوڵاتیانی کوردستان دەبێت لە پێشینەی کارەکانیان بێت. لێرەوە دەبێت بزانین میدیایەکی ئازا و ئازاد و نیشتیمانپەروەر دەتوانێت هێزی بەرگری نیشتیمانی لە ڕۆحی هاوڵاتیاندا بەهێز بکات.
ئەوە ئەرکی سەرەکی ڕۆژنامەگەری و ئەو هێزانەیە کە پاڵپشتیی دەکەن.
پیرۆزە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن