22 کەلتور

سینەمای کوردی ، فیلمی ئاوای گەرەکە!

05:55 - 20/10/2025

كولتوری زەمەن

 

هەڤاڵ كوێستانی
زەوی سەخت و ئاسمان دوور، ناونیشانێکی شیعری ــ ئیدیۆمی پڕ سەلیقەی ئەم فیلمەیە..ناونیشانێک، گوزارشتێکی ورد و دروست لە ناوەڕۆکی فیلمەکە؛ ئەوەش ئەو کاتەی کە کێشە و گرفتەکانی مرۆڤ ئەوەندە سەخت و دژوار دەبن، نە لەسەر زەوی دەریچەیەکی رزگاربوون بەدی دەکرێ و نە دەنگ و هاواریش دەگەنە ئاسمان.

جەنگ بەرپا دەبێ؛ خەڵکانی دڵسۆز دەبنە سووتەمەنی و قوربانی، جا قوربانییەکان کوژراو بن یان بکوژ.

جەنگ بەو هەموو کارەسات و کاولکارییەی لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێ، لە شوێنێکدا کۆتایی دێ.. جەنگ کۆتایی دێ ، بەڵام ئەو وێرانکارییە نا کە بەدوای خۆیدا دەیهێنێ و شوێنەواری قووڵ، بەسەر روح و دەروون و جەستەی بەشداربووانیەوە جێدێڵێ.. زۆرێک لە بەشداربووان ، تووشی هەڵچوون و داچوونی دەروونی دەبن؛ خەویان پڕ دەبێ لە مۆتەکە؛ بیرەوەرییەکانیان دەبنە برینی ساڕێژنەکراوی ئازار بەخش؛ ترس روحیان دەسمێ ؛ هیچ شت و هیچ کەسێکی دەوروبەریان دڵنیاییان ناداتێ ؛پەیوەندییە خێزانی و کۆمەڵایەتییەکانیان تووشی لەبەریەکترازان و هەڵوەشانەوە دێن ؛ هەستی نامۆبوون و پەراوێزکەوتن ، تێکەڵبوونەوەیان بە کۆمەڵگە زەحمەت و دژوار دەکات؛ لە هەموو ئەوانەش سەختتر، بەتاڵ بوونەوەیانە لە هەموو ئەو خەون و هیوا و ئامانجانەی کە لەپێناوی بەدیهێنانیاندا خۆیان هەڵداوەتە ناو دۆزەخی جەنگەوە.

فیلمی زەوی سەخت و ئاسمان دوور، چیرۆکی پڕ لە تراژیدیای یەک لەو مرۆڤە جەنگزەدانەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دڵسۆزی و خەمی نیشتمان، دەستی پێ لە ژیانی ئاسایی و خێزانیی خۆی هەڵدەگرن و دەیکەنە :

پێشمەرگە، خەتمایل، دیل، زیندانی و دووبارە بوونەوەی بە پێشمەرگە و دواجاریش بکوژ. ئەم مرۆڤە ، بۆ وەدەستهێنانی ئازادی دەچێتە جەنگەوە، کەچی جەنگ ئەم دەکاتە دیلی ئازارە ویژدانییەکانی و دواجایش کوشتەی دەستی ئەو ئازارانە. ئەم چیرۆکە چەندین وردە چیرۆک و بەسەرهاتی دیکە لەدووتوێی خۆیدا هەڵدەگرێ، کە هەر یەکێکیان دیوێکی دیکەی ژیان، داب و نەریت و کەلتووری کوردەواریمان پیشان دەدا و هەر هەمووشیان خزمەتی بەرەوپێشەوەچوون و کامڵ بوونی چیرۆکە سەرەکیەکە دەکەن..تێکڕای وردە چیرۆک و بەسەرهاتەکان، رەگی قووڵیان لەناو دیرۆکی نەتەوەکەماندا هەیە کە هەندێکیان یان لەناوچوون ، یان بەرەو لەناوچوون و فەرامۆش کردن دەڕۆن، لەوانە:

خاڵکوتان، چەمەری ، گوڵاوپژێنی و مەراسیمی تەمبوورژەنین:
ــ خاڵکوتان، نەریتێکی زۆر کۆنی کوردەوارییە، هەم بۆ جوانکاری، ئاماژە، لە چاوزار پاراستن و هەمیش وەک چارەسەری دەرد و کەسەری دەروونی و جەستەیی بەکار هاتووە.

ــ چەمەری ، مەراسیمێکی تایبەتە بە ناشتنی مردوو..لەو مەراسیمەدا دەهۆڵ و زووڕنا ، یان ئامێری تری مۆسیقی بە ئاوازێکی غەمگین لێدەدرێ و کەسێکیش مردووەکە دەلاوێنێتەوە و ئەوانی دیش بە چەپۆکان بەسەری خۆیان دەکێشن و سنگیان دەکوتن.
ــ گوڵاو پژێنی، کۆڕی یارانی یارسان ومەراسیمی تەمبوورژەنین، دیوێکی دیکەی داب و نەریتی کوردەواریمان پێدەناسێنن..لەپاڵ ئەمانەشدا هەندی دیمەنی دی، وەک دەرکەوتنی گروپێکی ژنە گەریلا ، یان رۆشنایی خستنە سەر ژیانی سەختی کۆڵبەران ، جوانی و قووڵاییەکی دیکە بە (دەق )ی فیلمەکە دەبەخشێ و کاریگەریی چیرۆکە کە لەسەر بینەرانی زیاتر دەکەن.

فیکر و چیرۆکی فیلمەکە ، لەسەر شەڕی ناوخۆ و کاریگەرییە نەرێنییەکانیەتی لەسەر بەشداربووانی و لەسەر هەموو ئەوانەش کە لێکەوتەکانی ئەو شەڕە دەیانگرێتەوە.. پەیامی سەرەکی فیلمەکەش نەفرەت کردنە لەشەڕ بەگشتی و لە شەڕی ناوخۆ ( براکوژی) بەتایبەتی.. دواجاریش پەیامی لێبووردەیی و لێخۆشبوونە لەوانەی بوونەتە مایەی خەسارەت و ئازاردانت.
ئەم فیلمە , هەر لە (دەق) ەوە تا دەرهێنان ،نواندن، وێنەگری ، مۆسیقا، دەنگ، رووناکی، ماکیاژ، جلوبەرگ ، مۆنتاژ ، ئیدارەدان و بەرهەمهێنان، وەک یەکەیەکی کامڵ، هەر لە یەکەم دیمەنەوە تا کۆتا دیمەن، هەست و هۆشی بینەر وا بەخۆیانەوە شەتەک دەدەن کە لێناگەڕێن بۆ چەند چرکەیەکیش لێی داببڕێ.

* دەق، کە بە دڵی زیندووی فیلم دادەنرێ ،مامەڵەیەکی ژیرانە لەگەڵ بابەتێکی هەستیار ی وەک شەڕی براکوژی و لێکەوتە دەروونی ، جەستەیی و کۆمەڵایەتیەکانی دەکا ، ئەوەش بەمەبەستی ریسواکردن و نەفرەت کردن لەو دیاردە کوشندەیەی کە پانتاییەکی زۆری لە مێژووی کۆن و نوێی ئێمە دا گرتووە و بە زیانی زۆر و کارەساتبار بۆ نەتەوەکەمان شکاوەتەوە . من ئەگەر تێبینییەکم لەسەر دەقەکە هەبێ ئەوەیە کە حەزم دەکردلە هەندێ شوێندا ، سیناریۆنووس هەر بە وێنە نەدوابا، بەڵکو هەندێ گفتوگۆ پێویست بوون، وەک لەو دیمەنەدا کە دیلەکە دەکوژرێ.. ئەو دیمەنە قورسایی و چەقی فکری فیلمەکەی لەسەر وەستاوە، دەبوایە هەم بکوژ و هەم کوژراویش، کە هەردووکیان قوربانین، هەستە شاراوەکانی خۆیان لە چەند وشەیەک دا دەربڕیبا.. رەنگە ئەمە بۆ بینەری کورد زۆر پێویست نەبێ، بەڵام بۆ بینەری بیانی نا، بەتایبەتی کە رەنگە ئەوان زانیارییەکی وایان لەسەر بابەتی شەڕی ناوخۆی کورد نەبێ.
* چیرۆکی فیلمەکە، چیرۆکیکی واقیعی و رەسەنی ناو کۆمەڵگەی کوردەوارییە و پەیامێکی مرۆیی و فیکریی جیهانیی هەڵگرتووە ، تەنانەت ئەگەر کەسێک لە زمانی فیلمەکەش تێنەگا، دەزانێ باسی چ دەکا، چۆن کێشەیەک دەخاتە روو، چۆنیش چارەی دەکا.
* رووداوەکان، بەشێوەیەکی رەوان و لۆژیکی، پلە بە پلە بەرەو ترۆپکت دەبەن، بەشێوەیەکی وا کە هەست بە هەبوونی نوقسانی یان زێدەڕۆیی نەکەی. لەپاڵ ئەمەشدا، زمانی شیعریی چیرۆکەکان و بەشێک لە دایەلۆگ و مەنەلۆگەکان، فەزای خەیاڵاوی دیمەن و رووداوەکان ئەفسووناوی تر دەکەن و هەست و هۆشت بەتەواوەتی کەمەندکێش دەکەن.
* دەرهێنان، لە ئاستێکی باڵا و پرۆفیشناڵ دایە. دەرهێنەر سەرکەوتووانە دەقێکی نووسراوی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی بینین. دەرهێنەر لاسایی کەس ناکاتەوە، بەڵکو ناسنامەیەکی سینەمایی سەربەخۆ بە فیلمەکە دەدا؛ هەڵبەتە زۆر بە ئاگاییشەوە سوود لە ئەزموونی دەوڵەمەندی سینەمای ئێرانی دەبینێ، کە لە ئێستادا، یەکێکە لە گرنگترین سینەماکانی جیهان و هەر لە نەوەدەکانیشەوە پێگەیەکی پتەوی لە ناو فیستڤاڵە سینەماییە نێودەوڵەتیەکاندا بۆخۆی گرتووە.
* نواندن،لە لووتکەدایە. نواندن ئەوەندە راستگۆیانە و قەناعەت پێهێنە کە لە هیچ شوێنێکی فیلمەکەدا هەست ناکەی ئەکتەرەکان و تەنانەت کۆمبارسەکانیش رۆڵ دەبینن، بەڵکو ئەو قەناعەتەت لا دروست دەبێ کە ئەمانە کەسانی راستەقینەن و هەر بەکردەنی لە ناو بەسەهات و رووداوەکان دا دەژین.. لێرەشدا دەبێ ئاماژە بەلێهاتوویی و ئەزموونی بەپیتی ئەکتەرە رۆژهەڵاتیەکانی ناو ئەم فیلمە بدەم کە رەنگدانەوەیەکی گەورەیان لەسەر کوالێتی ئەم فیلمە هەیە.
* وێنەگری،لە ترۆپکی سەلیقەی هونەری دایە.. زمانی بە بینین داوە ؛ بێ ئەوەی پەنابەرێتە بەر وشە ، بەشێوەیەکی کارامایانە گوزارشت لە کرۆکی چیرۆکە کە و لە هەست و نەست و حاڵەتی دەروونی کاراکتەرەکان دەکا.. ناهێڵێ سەرنجمان پەرت ببێ و لەگەڵ خۆیدا بەرەو ئەو شوێنانەی دەبا کە چیرۆکەکە دەخوازێ . دیمەنە سادە و ئاسییەکانمان لا دەکاتە کۆمەڵێ تابلۆی هونەری و کاریگەرییەکی قووڵی دیدەیی و ئێستاتیکایی لە زیهنماندا بەجێدێڵێ.
* مۆسیقا، لەم فیلمەدا رۆڵێکی جەوهەری دەبینێ لە گواستنەوەی ئەو حاڵات و ئەو هەست و واتایانەی کە نە وێنە و نە گفتوگۆ دەرەقەتی گەیاندنی نایەن. هەر لەسەرەتاشەوە زەمینەی دەروونیمان بۆ رووداوەکانی ناو فیلمەکە سازدەکا ، دەستمان دەگرێ و پێ بەپێش پەلکێشی ناو ئەو کەش و هەوایەمان دەکا کە چیرۆکەکەی پێدا رەت دەبێ..مۆسیقا لەم فیلمەدا ، تەنها هەر وەک باکڕاوندێک بەکار نەهاتووە، بەڵکو وەک بەشێک لە چیرۆکەکە و لە حاڵەتە درامیەکە تەوزیف کراوە..بەدرێژایی چیرۆکەکەش ، مۆسیقا لەگەڵ دیمەن، رووداو و لەگەڵ جووڵە و ئاماژە و ئاخاوتن و حاڵاتی دەروونی ئەکتەرەکان هەماهەنگە و لە هیچ شوێنێک دا هەست بەزاڵبوونی یان بە بەژێرەوبوونی ناکەی..هەندێ لە گرتە مۆسیقیەکانیش هێندە کاریگەرن کە دەتوانن تا ماوەیەکی دوورودرێژ لە زاکیرەی بینەردا بەزیندوویی بمێننەوە.
* بەرهەمهێنان، ئەگەر دەرهێنەر لایەنی هونەری و داهێنانی فیلمەکەی خولقاندبێ، ئەوا بەرهمهێن ئەو کەشوهەوا و ژینگە دروستەی خولقاندووە کە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمەی تێدا مومکن بووە. بە واتایەکی دی ، ئەگەر دەرهێنەر فیلمەکەی لەرووی هونەریەوە ئەنجام دابێ، ئەوا بەرهەمهێن لەرووی واقیعییەوە ئەنجامی داوە و فیلمەکەی لە خەونەوە کردۆتە واقیع . وێڕای دابینکردنی خەرجیەکانی فیلمەکە، تواناو سەلیقەی بەرهەمهێن بەروونی لەهەموو ئاست قۆناغەکانی دروستکردنی فیلمەکە دا دەردەکەوێ، هەر لە پەسندکردنی دەق و لە هەڵبژاردنی دەرهێنەر، ئەکتەرەکان،تیمی کارکردن، بەرێوەبەری وێنەگری و مۆسیقا ، ماکیاژ و جلو بەرگ ، مۆنتاج و کات و شوێن و تا ئەو جێیەش کە دڵنیایی بەهەمووان دەدا کە هەرهەموو تیمەکە بەشێوەیەکی هەماهەنگ لەگەڵ یەکدیدا کاردەکەن.
* بەگشتی ئەم فیلمە، ئەزموونێکی فکری و مرۆیی و کۆمەڵایەتی و سیاسی وا پێشکەش دەکا کە تا زەمەنێکی زۆر لەگەڵیدا بژین.
* لە کۆتاییدا دەڵێم ، ئەم فیلمە، سەرباری هەندێ تێبینیم لەسەر سیناریۆکەی، هەموو ئەو مەرج و خەسڵەتە هونەری و تەکنیکی و کارگێڕیانەی تێدایە کە بتوانێ بەشداری فیستیڤاڵ و پێشبڕکێ جیهانیەکانی بواری سینەما ، وەک ( کان، ئۆسکار، بەرلین و فیستڤاڵی ڤینیسیا) بکا و ببێتە بەربژێری خەڵاتێک یان زیاتر.

هەڤاڵ کوێستانی
١٤/ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن