ناوبانگی هەرێمی کوردستان لە چاوەڕوانی یەکلاکردنەوەی دۆسێی شەهید "غەزەل مەولان"
4/20/2026 11:44:00 AM
بڵند دلێر شاوەیس
خودای گەورە شکۆ و ڕێزی تایبەتی بە مرۆڤ بەخشیوە هەروەک لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە: ﴿وَلَقَدْ كَرَّمْنَا بَنِي آدَمَ﴾.[ الإسراء: 70].
گەر مرۆڤ لە پێناو پاراستنی خاک و نیشتماندا شەهید بوو ئەوە دوو جار خودای گەورە شکۆمەندی دەکات، جارێک وەک مرۆڤ جارێکی تر وەک شەهید.
بەڵام بەداخەوە لەلای ئێمە بە پێچەوانەوە دوو جار شکۆی مرۆڤ شکا و بێ ڕێزی پێکرا، جارێک کە نەخۆشخانەیەکی سلێمانی بێ ڕێزییان بە مرۆڤێکی ئاوارە و شۆڕشگێڕی بریندار کرد و ئامادەنەبوون چارەسەری بکەن، جارێکی تر وەک شەهید کە لە پێناو خاک و نیشتماندا گیانی سپارد، بەڵام چەند مزگەوتێک دەرگاکانیان بە ڕووی تەرمەکەیدا داخست تا بشۆردرێت و کفن بکرێت، لە کاتێکدا مزگەوت ماڵی خودایە.
شەهید "غەزەل مەولان"ی شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەو ڕۆژهەڵاتەی هەمیشە پەناگەیەک بووە بۆ ئێمەی کوردی باشوور، لە سەرجەم ئەو نەهامەتیانەی بەسەرماندا هاتووە لە کارەساتەکانی کیمیاباران و ڕاگواستن و تاوانەکانی ئەنفال و ئاوارەیی..هتد، ئامێزێکی گەرم و میهرەبان بووە بۆ ئێمە، بەڵام ئێمە نەک هەر نمەک بە حەرام بوین بەرامبەریان، پێچەوانەی هەموو شەریعەت و ئاینە ئاسمانیەکان وەستاینەوە، جگە لەوەی ئەم کارە پێشێلکردنی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و یاسا بەرکارەکانیشە.
لە 18/4/2026، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەیدا بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی گیان لەدەستدانی کچە پێشمەرگە (غەزەل مەولان )، پاڵپشت بە یاسای مافی نەخۆشی ژمارە چوار لە ساڵی 2020 و پەیڕەوی لێکۆڵینەوەی ژمارە 16ـی ساڵی 2022.
بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەک ڕاسپێردراوە بۆ ئاشکراکردن و دڵنیابوونەوە لە تەواوی راستییەکانی ئەم رووداوە و وەرگرتنی رێکاری یاسایی و بەسزا گەیاندنی سەرپێچیکاران، هەروەها لە راگەیەنراوەکدا هاتووە وەزارەتی تەندروستی راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی و داواکاری گشتی لەسەر هێڵ بووە بۆ ئەم مەبەستە.
ئەم ڕووداوە بە ڕوونی بۆمان دەردەخات لە چ قەیرانێکی قوڵی سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی، مرۆڤایەتیداین....
لە ئێستادا بۆتە پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەیی و ڕای گشتی وروژاندووە، هەربۆيە بە گرنگییەوە هەموو لایەک چاوەڕوانی ئەنجامی لیژنەکەین، کە ڕاشکاوانە لایەنی کەمتەرخەم و سەرپێچیکار دیاری بکات و سزای یاسایی بدرێت، ناوبانگی هەرێمی کوردستان و شکۆ و پێگەی ئێمەی کوردی باشوور لە بەردەم کوردانی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستان بپارێزێت.