49وتار

ئەنجامە سەرەتایییەکان

4/20/2026 1:32:00 PM
فازڵ میرانی

ئەنجامەکانی جەنگی چوارەم بەو وشانەی  بە یەکەوە گرێدراون، لەو شوێنەدا ناوەستن کە زۆر کەس ئێستا بیری لێ دەکەنەوە؛ چونکە ئەنجامی جەنگەکان لە کاریگەرییەکانیاندا بەردەوام دەبن، هەر کەسێکیش نەیەوێت ئەمە تێبگات ئەوە پەیوەندی بە خۆیەوە هەیە. تەنانەت "ئاشتیی جەنگ"یش جیاوازە لەو ئاشتییە پەتییەی کە هیچ ڕەگێکی لە ململانێوە نییە.

گۆڕانی سیاسەتەکان یەکێکە لە خانە چاوەڕوانکراوەکانی جەنگ ئەگەرچی دواش بکەوێت. لە سەرەتاکانی ئەم سەدەیە و سەدەی پێشووتردا، کۆمەڵگە لە نێوان توندوتیژییەکی زۆر و توندوتیژییەکی کەمتردا هەمیشە شڵەژاوە. ئەمانە جەنگگەلێکن لە پاشخانی ئەو پڕۆژە سیاسییانەی کە جڵەوی قەوارە سیاسییەکانیان گرتبووە دەست بۆ ئەوەی کۆنترۆڵیان بکەن؛ وەک هەردوو بەعس لە عێراق و سووریا، نەمانی شای ئێران، ململانێی عەرەبی بە ئاراستە و دیدگا و ئامرازە جیاوازەکانی بەرامبەر ئیسرائیل، دەوڵەتانی مەغریبی عەرەبی و کێشەکانی بیابان، لەگەڵ ئەمانەشدا گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و عەقیدەییە کاریگەرەکان؛ هەموو ئەمانە پاڵیان بە یەکەوە نا و تەقینەوە بۆ ئەوەی ئەو دۆخە بخوڵقێنن کە ئێستا و لە ڕابردوو و لە داهاتووشدا ئەنجامەکانی بەردەوام دەبن.

لەبەردەم بەرژەوەندیی گەلان، بەرژەوەندییە سروشتییەکان و بەرژەوەندییە ڕاستەقینەکاندا، بڕیاری جەنگ بڕیارێکی ترسناک و تۆقێنەرە، چونکە هیچ گەرەنتییەک بۆ ئەنجامەکان نییە. تێکهەڵچوونی نێودەوڵەتی ئاڵۆزە، ئەوەی کورتبینەکان لە سیاسەتدا دەیبینن، ڕەنگدانەوەی ئەو مەودا ڕاستەقینەیە و ئەوەی تێیدایە نییە. هیچ لایەنێک نییە ئارەزووی جەنگی هەبێت و پڕوپاگەندەیەک بڵاو بکاتەوە کە پێویستیی توندوتیژییەکەی ڕەت بکاتەوە؛ ئەمە سروشتێکی مرۆیییە، ئەگەر لە ململانێیەکی کەسیدا سوودی هەبێت، ئەوا لە بڕیاری سەروەریدا کارەساتە.

ئێستا ئاگرە گەورەکان لەم ململانێ فرە-تەوەرەیەدا سارد بوونەتەوە؛ ململانێیەک لە نێوان کۆنترۆڵکردنی جوگرافیا، جیاوازیی شارستانییەکان و پاڵنەرەکان. بەدەر لە هەڵسەنگاندنی ئەخلاقی و ڕۆمانسییەت، جەنگ لە کاتی خۆیدا و دوای خۆیشی، لاوازی لە هێز جیا دەکاتەوە.

دوور لەو پڕوپاگەندە "نۆژەنکەرەوانەی" کە دەیانەوێت دۆڕانی سەربازی بگۆڕن بۆ دەستکەوتێکی دەرەکی کە لە دەرەوەی وردەکارییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەکەیە، کێشەکە پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی واقیع هەیە. پێویستە نەخشەیەک ڕابخرێت بۆ  ئەوەی ڕوویداوە بنوسرێت: ئایا ڕووبەرەکە پارێزرا؟ لەو شوێنەی ڕووبەڕووبوونەوەکە تێیدا ڕوویدا چی گۆڕا؟ ئایا بەرگری لە ئاستی هێرشەکەدا بوو؟ بە کورتی: قازانجەکان چین و زیانەکان چین؟ و پێش هەموو ئەمانە، ئایا دەکرا لەو ڕووبەڕووبوونەوەیە دوور بکەوینەوە؟
وەڵامی پرسیاری "دوورکەوتنەوە" ڕەنگە زۆر کەس بیخەنە ڕوو، بەڵام جێبەجێکردنی پەیوەستە بە عەقڵی سیاسی"، کە ئەمڕۆ زۆر دەگمەنە. لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دوو ڕێگەی سەرەکی هەن: قەرەباڵغترینیان ڕێگەی "دروستکردنی قەیران و تێوەگلانە تێیدا"، ئەمە ڕێگەیەکە کە پاڵەوانەکانی ئابووری و هێز و فکرێکیان بۆ ئامادە کردووە کە ئەو کەسانەی تر کە بە خەیاڵ و وەهمەوە تێیدا دەڕۆن، نەیانەوێت. ڕێگەی دووەم، ڕێگەی خۆپاراستنە لە تێوەگلان لە دوژمنکاری و ڕووبەڕووبوونەوە؛ ئەمەش بەهۆی ئەو ئەزموونە کەڵەکەبووەی لە عەقڵی سیاسییدا هەیە کە لە مانای جەنگ و لێکەوتەکانی تێدەگات.
یەکێک لە ئافەتەکانی عەقڵی مرۆیی، ئافەتی "کۆنترۆڵکردنی ئەوانی ترە". کۆنترۆڵکردن جیاوازە لە ڕێکخستن و رێکوپێكردن. لەم ئافەتەوە ئەو هەوڵانە هاتنە کایەوە کە ساڵانێکی زۆر و خوێن و پارەیەکی زۆریان تێچوو بۆ چەسپاندنی بڕیاری بیانی لە ناو دەوڵەتانی ناوچەکەدا، ئەویش لە ڕێگەی جووڵاندنی دۆسیە کۆنەکانی ململانێی ئایینی، تائیفی، نەتەوەیی و فکری. گۆڕەپانی وا هەڵبژێردران کە ململانێکان تێیاندا ساغ بکرێنەوە، جا چ بە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ بێت یان بە وەکالەت.
دواتر ئەنجامەکان دەرکەوتن: زنجیرە جەنگی لوبنان، جەنگی یەکەمی کەنداو، پێش ئەو لە دوای ئەویش جەنگ دژی کوردستان، جەنگی دووەمی کەنداو و سێیەمیش. ئەو لایەنەی چووە ناو شەڕەکانەوە، بیری لەوە نەکردەوە بڕیارەکەی چ زیانێکی دروست کردووە کە هەندێکیان هەرگیز لەناو ناچن، و تا چەند بووەتە هۆی تێکدانی بەها ڕۆحی و کۆمەڵایەتییەکان. چەندە بەشدار بووە لە خوڵقاندنی ژینگەی گرژی و چاندنی هێزی توندوتیژی کە یەک لە دوای یەک لێ دەبنەوە. تەنانەت وای لە عەقڵدا چەسپاندووە کە جەنگ "کارتێکی شەرعییە" بۆ ئەوەی کاتێک ویستی لەبەر دەم هێزەکان ڕابکات بەهۆی کردارەکانی پێشووی، پەنای بۆ ببات و خۆی وەک کەسێکی سیاسی نیشان بدات و بە ڕواڵەت لە توندوتیژەوە ببێتە ئاشتیخواز، و ڕێگری بکات لە ڕەخنەگرتن لە سەرەتاکانی و توندوتیژییەکانی ڕابردووی جوان بکات.

بۆ ئەوانەی دەیانەوێت بە ژمارە نەک بە پێوەرێکی تر ئەنجامەکانی جەنگی دوایی و باجی سەر بڕیاری سەروەری بزانن، با سەیری مانگێک و چەند ڕۆژێک پێش ئەمڕۆ بکەن؛ ئەوکات تێدەگەن کە زۆربەی بڕیار بەدەستان لە ئاستی پێویستدا نین، نە بۆ تێگەیشتن و نە بۆ بەڕێوەبردن، و زیانە گەورەکان ئەنجامی دەستکردی خۆیانە پێش ئەوەی لایەنی بەهێزتر لە واقیعدا بەرجەستەی بکات.

ڕاشکاوی و ئاشکراکردن وا دەخوازێت کە خاوەن عەقڵە ڕێکخراوەکان شتەکان وەک خۆیان ناوبەرن بێ پەردەپۆشکردن، و لە پشتی پڕوپاگەندەی پڕوپووچەوە خۆیان نەشارنەوە. زۆرێک لە ناونیشانە فەرمییەکان لاوازترن لە ناونیشانەکانی تر. کێشەکە لە دەستووردا نییە ئەگەرچی هەموو دەستوورێکیش ڕەها نییە، بەڵام ئەو کەسەی بەرامبەر ناونیشانە فەرمییەکەی مووچە و ئیمتیاز وەردەگرێت، دەبێت لەگەڵ خۆیدا ڕاستگۆ بێت سەبارەت بە شیاوی و سنوورەکانی و ئەو بەربەستانەی ڕێگری لێ دەکەن لە ئەنجامدانی ئەرکەکانی. ئەگەر چارەسەر نەبوو، دەبێت بەدوای چارەسەرێکی گونجاودا بگەڕێت، ئەگەر لاوازیش بوو با بکشێتەوە، ئەگەر شەریکێکی ناچار بوو با دان بەوەدا بنێت، و ئەگەر شەریکێکی سوودمەند بوو دەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت؛ چونکە ئەم جۆرە کەسانە و ئەوانەی بە ئەنقەست قەیران دروست دەکەن، تەنها وێرانیی خێرا و دواخراو بەرهەم دەهێنن.

دەوترێت ئیبراهیمی کوڕی ئەدهەم جارێکیان لە ئامۆژگارییەکدا نووسیویەتی: "هەر کەسێک بزانێت چی دەوێت، ئەوەی دەیبەخشێت لای ئاسان دەبێت، و هەر کەسێک ئاواتەکانی (بەبێ کردار) درێژ بکاتەوە، کردارەکانی خراپ دەبن، و هەر کەسێکیش زمانی بەسەر خۆیدا زاڵ بێت، خۆی دەکوژێت."

وەرگێڕانی :
سەردار پێنجوێنی


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن