10 جیهان

جەنگ وەستاو ئاگربەست راگەیەنرا

01:48 - 08/04/2026

زەمەن – هەواڵ

 

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لەسەر بنەمای نێوەندگیریی پاکستان، رەزامەندی نیشانداوە لەسەر هەڵپەساردنی هێرشە سەربازییەکانی سەر ئێران بۆ ماوەی 14 رۆژ. ئەم هەنگاوە وەک گەورەترین وەرچەرخان لە جەنگی پێنج هەفتەی ناوچەکە دەبینرێت.

رۆژی چوارشەممە 08-04-2026 سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەم ئاگربەستە "دوولایەنە" دەبێت و مەرجی سەرەکیی بۆ جێبەجێکردنی، رەزامەندیی ئێرانە بۆ کردنەوەی "تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەتی" تەنگەی هورمز بە رووی کەشتیوانیی جیهانییدا.

ترەمپ گوتی: "لەسەر داوای شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیران و عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بڕیارم دا ئەو هێزە وێرانکەرەی کە بڕیار بوو ئەمشەو بەرەو ئێران بەڕێ بکرێت، رابگرم."

ترەمپ جەختی کردەوە، هۆکاری ئەم بڕیارەی ئەمریکا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپای وڵاتەکەی هەموو ئامانجە سەربازییەکانی پێکاوە و تەنانەت لەوەش تێپەڕیوە. ترەمپ گوتی: "ئێمە ئێستا لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووداین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ئاشتیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست."

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، واشنتن پێشنیازێکی 10 خاڵیی لە ئێرانەوە پێگەیشتووە. ترەمپ گوتی: "بڕوامان وایە ئەمە بنەمایەکی کارپێکراوە کە دەکرێت دانوستاندنی لەسەر بکرێت. نزیكەی هەموو خاڵە جیاوازەکانی ناکۆکییەکانی رابردوو چارەسەر کراون و ئەم دوو هەفتەیەی ئاگربەست بۆ ئەوەیە رێککەوتنەکە بە فەرمی کۆتایی پێ بهێنرێت."

دۆناڵد ترەمپ لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەک نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان و وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، گوتی: "جێگەی شانازییە کە دەبینم ئەم کێشە درێژخایەنە لە چارەسەربوونی یەکجاری نزیک بووەتەوە."

ئەم بڕیارەی ترەمپ تەنیا چەند کاژێرێک بەرلە تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە هات کە تێیدا هەڕەشەی وێرانکردنی هەموو وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ئێرانی کردبوو. ئێستا چاوەکان لە سەر تارانن تاوەکو بزانرێت بە فەرمی کردنەوەی تەنگەی هورمز رادەگەیێنێت یان نا.

دەقی پۆستەکەی ترەمپ لە بارەی راگرتنی جەنگ:

"لەسەر بنەمای گفتوگۆکان لەگەڵ سەرۆکوەزیران شەهباز شەریف و عاسم مونیر لە پاکستان، کە تێیدا داوایان لێکردم ئەو هێزە وێرانکەرەی کە ئەمشەو بۆ ئێران دەنێردرا رابگرم و بە مەرجی رەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کردنەوەی تەواوەتی، دەستبەجێ و سەلامەتی تەنگەی هورمز، من رەزامەندم بۆ هەڵپەساردنی بۆردوومان و هێرش بۆ سەر ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە. ئەمە ئاگربەستێکی دوولایەنە دەبێت.

هۆکاری  ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە پێشتر هەموو ئامانجە سەربازییەکانمان پێکاوە و تەنانەت لەوەش تێپەڕیوین، لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووداین بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە ئاشتیی درێژخایەن لەگەڵ ئێران و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئێمە پێشنیازێکی 10 خاڵیمان لە ئێرانەوە پێگەیشتووە، بڕوامان وایە بنەمایەکی کارپێکراوە کە دەکرێت دانوستاندنی لەسەر بکرێت. نزیكەی هەموو خاڵە جیاوازەکانی ناکۆکییەکانی رابردوو لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران رێککەوتنیان لەسەر کراوە، بەڵام ماوەی ئەم دوو هەفتەیە رێگە دەدات رێککەوتنەکە کۆتایی پێ بهێنرێت و تەواو بکرێت.

بە نوێنەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، وەک سەرۆک و هەروەها وەک نوێنەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، جێگەی شانازییە کە دەبینم ئەم کێشە درێژخایەنە لە چارەسەربوون نزیک بووەتەوە."

رۆژی سێشەممە، 7ـی نیسانی 2026، شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەکە رایگەیاند: "هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەری ئاشتییانەی جەنگی بەردەوامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە شێوەیەکی جێگیر، بەهێز و کاریگەر بەرەو پێش دەچن، کە توانای ئەوەیان هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەنە ئەنجامی بنەڕەتی."

سەرۆکوەزیرانی پاکستان بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دیپلۆماسی، روو لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات و دەڵێت: "بە پەرۆشەوە داوا لە سەرۆک ترەمپ دەکەم کە ئەو وادەیەی بۆ ئێرانی دیاریکردووە، بۆ ماوەی دوو هەفتە درێژ بکاتەوە."

لە بەرامبەردا، شەهباز شەریف داوایەک ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایدەگەیێنێت: "پاکستان بە هەموو دڵسۆزییەکەوە داوا لە برایانی ئێرانی دەکات کە وەک نیشانەیەک بۆ نیازپاکی، تەنگەی هورمز بۆ ماوەی دوو هەفتە بکەنەوە."

سەبارەت بە هەڵگیرسانی ئاگری شەڕ لە بەرە جیاوازەکاندا، سەرۆکوەزیرانی پاکستان داوای ئاگربەستێکی گشتگیر دەکات و دەڵێت: "داوا لە هەموو لایەنە شەڕکەرەکان دەکەین لە هەموو شوێنێک ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتە رابگەیێنن، تاوەکو رێگە بۆ دیپلۆماسی خۆش بێت بۆ گەیشتن بە کۆتاییهێنای یەکجاری بە جەنگ."

شەهباز شەریف جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوانە تەنیا لە پێناو "بەرژەوەندیی ئاشتی و سەقامگیریی درێژخایەن لە ناوچەکەدا" پێشنیاز کراون، بۆ ئەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی بگاتە ئەنجامی خوازراو.

هاوکات، کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی بە پێگەی "ئەکسیۆس"ـی راگەیاند، ئاگەداری پێشنیازەکەی پاکستانن بۆ درێژکردنەوەی ئەو ماوەیەی کە بۆ ئێران دانراوە و وەڵامی پێشنیازەکە دەدەنەوە.

بەرپرسێکی باڵای پاکستانیش قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە و دەڵێت، بە ئەرێنییەوە لە پێشنیازەکەی پاکستان دەڕوانن.

ئەمڕۆ ترەمپ لەبارەی ئەو وادەیەی بۆ ئێرانی داناوە قسەی کرد و رایگەیاند، ئەمشەو یەکێکە لە گرنگترین ساتەکانی مێژووی جیهانە و شارستانییەتێک لەنێودەچێت.

سەرۆکی ئەمریکا پێشتر مۆڵەتێکی 10 رۆژی دابووە ئێران بۆ ئەوەی رێککەوتن بکات و تەنگەی هورمز بکاتەوە، بەڵام رۆژی 5ـی ئەم مانگە مۆڵەتەکەی بۆ 20 کاژێری دیکە درێژکردەوە و لە "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، وادەی نوێ تاوەکو کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی سێشەممە دەبێت، واتە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە بەکاتی هەولێر.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن