7وتار

جەنگی بەوەکالەت

4/8/2026 12:56:00 PM
سەردار پێنجوێنی

زۆربەی ئەو جەنگە بچووکانەی لە ماوەی سێ چارەگە سەدەی ڕابردوودا لە جیهاندا ڕوویان داوە -و ئێستاش بەردەوامن- سەر بە سیاسەتی وڵاتە زلهێزەکانی جیهانن.

مەبەستمان لەم تێبینییە تەنیا ئەوە نییە کە ئەم جەنگانە بە بڕیاری یەکێک لەو دەوڵەتانە دروست کراون، یان ئەندازیارییە ستراتیژییەکەیان زیاتر بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە نەک بۆ ئەوانەی تێیدا دەجەنگن، یان تەنیا بە پشتگیری سەربازی و دارایی و سیاسی ئەو وڵاتە زلهێزانە هەڵگیرساون؛ بەڵکو مەبەستمان هەموو ئەمانەیە. تەنانەت ڕەگەزێکی دیکەش بۆ پێناسەکەی زیاد دەکەین، ئەویش ئەوەیە کە سوپای ئەو وڵاتانەی دەچنە ناو ئەو جەنگانەوە، لە وێنە گەورەکەدا وەک ئەوە دەردەکەون کە لە زلهێزەکانەوە "بە قەرز وەرگیرابن" تا لە جیاتی ئەوان بجەنگن! ئەمەش لە بنەڕەتدا وا دەخوازێت کە دەوڵەتی ئەو سوپا بچووکانە بە زنجیرەی پاشکۆیەتییەوە بە فەرماندەرەکانیان (وڵاتە زلهێزەکان) بەسترابنەوە و لە ناوچەی هەژموونی ئەواندا بن، و خاوەنی بڕیاری سیاسیی سەروەری خۆیان نەبن تا بتوانن ڕەزامەند نەبن لەسەر ئەو "بێگارییە سەربازییەی" کە پێیان سپێردراوە.

لەوانەیە تەنیا ئەم پەیوەندییە فەرماندەییە نەبێت کە وادەکات "فەرمانبەرێک" ملبەری فەرمانی "فەرماندەیەک" بێت و بچێتە ناو جەنگێکەوە لە جیاتی ئەو، یان بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکی ئەو فەرماندەیە دژی دوژمنێکی تری گەورە: کە ئەویش لای خۆیەوە فەرمانبەری هەیە و لە ناوچەکەدا پارێزگاری لە هەژموونەکەی دەکات. بەڵکو لەوانەیە سیاسەتی زلهێزەکان ڕێگەیەکی تر بگرێتە بەر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی: پاڵنانی "هاوپەیمانەکەی" بۆ ناو جەنگ بێ ئەوەی پەستان یان فەرمانی ڕاستەوخۆی لێ بکات.
بۆ نموونە، دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان ئەو و ڕکابەرە مەبەستدارەکەدا (کە ئەویش وەک بریکارێکی ناوخۆیی دەوڵەتێکی زلهێزی تر دەبینرێت)، و دروستکردنی قەیرانگەلێک کە دەگەنە ئاستێک چیدی نەتوانرێت بە ئاشتییانە لە نێوان دوو دەوڵەتە بچووکەکەدا چارەسەر بکرێن، ئەو کات جەنگ دەبێتە تاکە ڕێگە کە هیچ کامیان ناتوانن لێی ڕزگار بن. لەوانەیە کەرەستەی ئەو قەیرانانە لە مێژەوە ئامادە کرابن، واتە لە سەردەمی داگیرکارییەوە (وەک کێشەی سنوورەکان کە دابەشکاریی ئیستیعماری دروستی کردوون)، ئەو کات تەنیا ئەوە دەمێنێتەوە کە مەرجەکانی تەقینەوەکەی ئامادە بکرێت کاتێک بەرژەوەندیی دەوڵەتی داگیرکەر یان میراتگری هەژموونەکەی وا دەخوازێت!

لەم حاڵەتەدا کە بێ فشارە -وەک لە حاڵەتەکەی پێشوودا- وڵاتە بچووکە شەڕکەرەکان ناتوانن دەستبەرداری وڵاتە زلهێزەکان بن، تەنانەت ئەگەر بزانن کە ئەوان بوون پاڵیان پێوە ناون بۆ ناو جەنگ. چونکە لە کۆتاییدا ئەو وڵاتە بچووکە دەزانێت کە پێویستییەکی زۆری بە دەوڵەتە زلهێزەکە هەیە بۆ ئەوەی پشتگیری سەربازی و ماددی و سیاسی بکات تا لە جەنگەکەدا سەربکەوێت، یان بۆ ئەوەی ڕێگری لە شکستی خۆی بکات ئەگەر هێرشی کرابێتە سەر.

بەم شێوەیە دەوڵەتە زلهێزەکان دەتوانن سیاسەتەکانی خۆیان (سیاسەتی تێکدانی نێوان گەلان و هەڵگیرساندنی جەنگەکان) لە ڕێگەی ئەو هاوکارییانەوە پاک بکەنەوە کە لە کاتی شەڕدا پێشکەشیان دەکەن. تەنانەت دەتوانن گومان لەسەر تێوەگلانی خۆیان لە هەڵگیرساندنی ئەو جەنگانە لابەرن و وای نیشان بدەن کە بۆ یارمەتیدانی لایەنی مەزڵووم یان بۆ گەڕاندنەوەی بارودۆخی "ئاسایی" کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دانی پێدا دەنێن، هاتوونەتە دەنگ.

ناوی ئەم جۆرە جەنگانە نراوە "جەنگی بەوەکالەت"؛ ئەم ناونانە ڕاستە و تەنانەت وردیشە؛ چونکە دان بەوەدا دەنێت کە لایەنێکی "ئەسڵی" لە پشت رووداوەکانەوە هەیە و لە پێشەوە دەرناکەوێت، بەڵام ئەو ئاراستەی دەکات و بەڕێوەی دەبات.

بەڵام بەشداربووی مەیدانی تەنیا "وەکیلێکە" کە ئەو جەنگە دەکات کە پێی سپێردراوە لە جیاتی لایەنە ئەسڵییەکە، سەرەڕای ئەوەی کە تەنیا ئەو خۆی باجە ترسناکەکان دەدات، لە گیانی سەرباز و گەلەکەی، لە زیانی ماددی سوپاکەی، لە وێرانبوونی ژێرخان و شار و گوندەکانی، و لە داڕمانی ئابوورییەکەی... هتد! بێگومان ئەم زیانە مرۆیی و ماددییە گەورانە هەر ئەوانە بوون کە بیرۆکەی ئەم جۆرە جەنگانەیان هێنایە ئاراوە؛ کە تێیدا لایەنێکی ژێردەستە بارگرانییەکان هەڵدەگرێت لە جیاتی کەسێک کە نایەوێت خۆی ئەو باجە بدات! ئەمە باجە قورسەکەی پاشکۆیەتییە.

ڕەنگە کەسێک بڵێت ئەم جۆرە جەنگانە لە سەردەمی جەمسەربەندی نێودەوڵەتی نێوان ڕۆژئاوا و یەکێتی سۆڤیەتدا ڕوویان دەدا، کاتێک جەنگی سارد هەبوو، و ئەرکی جەنگە بچووکەکان کەمکردنەوەی پستانی نێوان ئەو دوو زلهێزە بوو تا نەبێتە جەنگێکی گەرم (ئەتۆمی)، کە ڕەنگە ئەمە بۆ جەنگەکانی ئەمڕۆ نەیەتە دی.

بەڵام ئەم سەرنجە لە جێی خۆیدا نییە، چونکە جەنگی سارد لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەتەوە هەرگیز نەوەستاوە؛ چونکە ڕووسیا و چین لای ڕۆژئاوا تا ئێستاش وەک دوژمن ماونەتەوە. هەروەها خواستی نێودەوڵەتی بۆ ئەو جەنگە بچووکانە بە توندی ماوەتەوە، تەنانەت کاتێک دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناچار بوو ڕاستەوخۆ لە عێراق و سۆماڵ و سربیا و ئەفغانستان بجەنگێت. بەڵێ، گومانمان نییە کە جەنگی ئەسڵی هەیە -نەک بەوەکالەت- کە وڵاتان بۆ ڕزگارکردنی خاکە داگیرکراوەکانیان دەیکەن، بەڵام ئەمە بنەما نییە لەو جەنگە بچووکانەی کە تا ئەمڕۆش نەوەستاون.

هەرکەسێک گومانی هەیە، با سەیری قۆناغەکانی شەڕی ئۆکرانیا بکات، یان بڵێین ئەو جەنگەی ئۆکرانیا لە جیاتی ڕۆژئاوا و ناتۆ دەیکات، تا بزانێت سیستەمی "وەکالەت" تا ئێستاش کاری پێ دەکرێت!

وەرگێرانی :سەردار پێنجوێنی
 عەبدولئیلاه بەلقەزیز
نووسەر و بیرمەندی مەغریبی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن