63وتار

شۆڕش و دەرئەنجامێکی تاڵ

4/8/2026 12:54:00 PM
لوقمان چاوڕەش

 لە شەرعیەتی شۆڕگێڕییەوە بۆ کودەتای ناوخۆ !

 لە سەرەتای هەموو شۆڕشەکانی باشوردا خەڵک بە گوڕو تێنێکی گەورەو  هیوایەکی زۆرەوە ، بە ئاواتی بەدی  هێنانی مافە نەتەوایەتیەکان و بەدی هێنانی ئازادی دەستیان دایە چەک ،
 بەخوێن وئارەقەو بەخشینی سەرو ماڵیان ئاگری شۆڕشەکەیان هەڵگیرساند.
وە سەرکردەکانیش لەو سات و سەردەمانەدا بەوتاری حەماسی  وەک نوێنەری  گەل و فریاد ڕەسێک نمایشی خۆیان دەکرد و بە ناوی شەرعیەتی شۆڕگێڕیەوە ببون بە بڕیاردەر لەدیاری کردنی چارەنوسی گەل و نیشتماندا.
هەر بۆیە لەئەنجامی بەردەوام بونی شۆڕش و لە چاوەڕوانی وەرچەرخانێکدا بەنمونە (ڕاپەڕین یان کودەتا)
دەسەڵاتی  شۆڕشگێڕەکان  دەگاتە ناو شارەکان وئیتر  ئەرکەکەیان لە بەڕێوەبردنی شاخ وشەڕگەو گوندەکانەوە دەگۆڕێت بۆ ئەو  حوکمڕانیەی کە پێویستە لەناو شارەکاندا  بەشێوازێکی مۆدێرنەوهاوچەرخ بونیات بنرێت لە بەڕێوەبردنی ودەزگاو دامەزراوە حکومیەکاندا.

 بەڵام  هەر لەسەرەتای هاتنەوەیاندا بۆ ناو شارەکان بەناوی شەرعیەتی شاخەوە کە لەبنەڕەتدا دەبێت ئەم شەرعیەتە  پەیوەست بێت بە خزمەتکردنی گەلەوە کە تیایدا  بەردەوامیدان بێت بە درێژکردنەوەو پاراستنی  ئەو ئامانجانەی کە شۆڕشی لەپێناودا کراو خەڵک پشتیوانی لێ کردن.
 بەڵام بەپێجەوانەوە  زۆرجار دامەزراوە  نیشتمانیەکان  دەگۆڕدرێت  بۆ  دامەزراوەیەک کە لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتدا کاربکات .

بەڵام لەدوای تێپەڕاندنی چەندین ساڵ  لەشێوازی حوکمڕانی  شۆڕشگێڕە سەرەتاییەکان بە هۆی هەندێک هۆکاری وەک(مردن  ماندوبوون، ململانێی ناوخۆو دابەش کردنی بەرژەوەندیەکان) دەچنەوە ژێر فشارو کاریگەری هەمان ئەو دەسەڵاتەی کە خۆیان داینەمۆو دامەزرێنەری بوون.

چونکە ئەوان لەناو ماڵەکانی خۆیان ولەناوخزم وکەسە نزیکەکانیاندا نەوەیەکیان پێ گەیاند کە دەخوازن درێژە پێدەری ڕێگاوڕێبازەکەی باوک و ڕیش سپیەکانی ناو شۆڕش و ئەو سیستەمە بن کە کاری لەسەر دەکەن .

لێرەوە گرفتەکان قوڵترو ئاریشەکان ئاڵۆزتر ئەبێت.
چونکە هەر کوڕو نەوەکانی خۆیانن   بە بێ ئەوەی بەشداری شۆڕشە سەرەتاییەکەیان کردبێت ،
 بەهۆی نزیکایەتیان لە دەسەڵات، خۆیان بەمیراتگری  شەرعیەتەکانی شاخ و دەسەڵاتەڕەهاکانی باوکیان دەزانن.

لە ئەم قۆناغەدا مناڵ و نەوەکان جارێکی تر  دەبن بە لەشکرێک و شۆڕشێکی خێزانی دەخەنە ڕێ بۆ ئەوەی ئەو  سیستەمەی کەبونیات نراوە بیکەن بە موڵکی تایبەتی خۆیان و جیلی پێش خۆیان بخەنە دەرەوە.

ئەمەش دەبێتە بنەمای سەرهەڵدانی کێشەیەکی گەورە بۆ ئەو کەسانەی کە شۆڕشەکەیان دروست کرد، دەبینن کە دەسەڵات لە دەستیان دەردەچێت و دەچێتە دەست نەوەیەک کە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی بە قوربانییەکانی شۆڕشەکەوە نەبوە.

کودەتای ناوخۆیی لەم کاتەدا دروست دەبێت.
( نەوەی نوێ) بە پشتبەستن بە( هێز و پارە و تۆڕی پەیوەندی)  هەوڵ دەدات هەموو جومگەکانی حیزب و دەسەڵات بگرێتە دەست.
ئەوان نەک تەنها شۆڕشگێڕە ئەسڵیەکان  پەراوێز دەخەن، بەڵکو زۆرجار هەوڵ دەدەن مێژوی
 ئەو کەسانەش بسڕنەوە کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبووە لە دروستکردنی شۆڕشەکەدا.
لای ئەوان  کەسایەتییە دێرینەکان وشۆڕشگێڕەکانی ڕابردوو دەبن بە کەسایەتیە ناڕەحەتەکان و دەبێت خامۆش وسەرکوت بکرێن.

لەو کاتەدا پێیان دەڵێن:
 ئەوەی مل کەچ نەکات ئامادەین لەناویان بەرین.
  دەسەڵاتێک کە لە بنەڕەتدا دەبێت دەسەڵاتێکی نیشتمانی خزمەتگوزاری بێت، بەڵام  دەگۆڕدرێت بۆ سیستەمێکی سەرکوتکار کە لەلایەن کۆمەڵێک گەنج ومێردمنداڵی ناڕەحەتەوە بەڕێوە دەبرێت کە هیچ سۆزو خۆشەویستیەکی نیە بۆ گەل وخاک ونیشتمان چونکە ئەم جۆرە گەنجانە قۆناغی مناڵییان بەجۆرێک بەسەر نەبردووە تا لە ئازارو ئەندێشەو موعاناتی خەڵک تێ بگەن .
هەر کەسێک کە هەوڵی ئەوە بدات ڕەخنەیان لێ بگرێت  یان داوای گۆڕانکاری بکات بە ناحەزو دوژمن دەناسێنرێت.
ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی کەشێکی ترسناک کە تێیدا دڵسۆزی و ڕاستگۆیی دەبێتە تاوان.

ئەم دۆخە تەنها کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییە.
بەداخەوە ئەم دەرەنجامە تاڵەی ئێمە لەوێوە دەستی پێ کرد کە شۆڕشگێڕەکان نەیان توانی لەسەر ئامانجە ڕاستەقینەکەی خۆیان بمێننەوە .
بۆیە لەدوای ڕاپەڕینەوە هەتا ئێستا کەشی سیاسی وکۆمەڵایەتی ئەم دەڤەرە دەشێوێنرێت وتەواوی سێکتەرەکانی ژیان تێک چون و ئاڵۆز کراون.
هیچ جۆرێک لە خۆشەویستی و پیرۆزیەکان لەشوێنی خۆیاندا نەماون!

 ئەگەر شۆڕش ودەسەڵات لەناو دڵی گەلدا نەبێت، دەبێتە تەنها وشەیەکی بێ ڕۆح و هیچ کەسێک نامێنێت کە شانازی بەبونیەوە بکات.
 چونکە نەوەی شۆڕشگێڕەکان  دەبێتە دەسەڵاتێکی ستەمکار و  سەرچاوەی سەرکوتکردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن