907 کوردستان

کونسوڵی ئێران له‌ هه‌ولێر: خیانەتمان لێ کراوە

02:01 - 12/03/2026

زه‌مه‌ن -هه‌واڵ

فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە دواین گەڕی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لە جنێڤ، خیانەتی نێودەوڵەتییان لێ کراوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئازاری 2026، ئەسەدی ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو هێڵە سوورە نێودەوڵەتییەکان بەزێنراون و هێرشەکە لە کاتێکدا بووە کە شاندی دانوستانکاریان سەرقاڵی گفتوگۆ بوون و بڕیار بووە گەڕی دیکەی دانوستانیش بەڕێوە بچێت.

کونسوڵی گشتیی ئێران جەختی کردەوە کە شاندی وڵاتەکەی تەنیا لەسەر داوای وڵاتانی ناوچەکە گەڕاوەتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە بە گوتەی ئەو "ئەمریکا بە درێژایی مێژوو لە دانوستانەکاندا ڕاستگۆ نەبووە". ناوبراو ڕاشیگەیاند، شەڕ و دانوستان لە هیچ کاتێکدا پێکەوە ناکرێن و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەنیا دژی ئێران نییە، بەڵکوو هێرشە بۆ سەر دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی.
لەبارەی دەستپێکی ململانێکانەوە، ئەسەدی دووپاتی کردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر وڵاتەکەی و شەڕیان بەسەریاندا سەپاندوون، چونکە ئەوان خوازیاری جەنگ نەبوون. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران بە هەموو توانایەک بەرگری لە خۆی دەکات و ڕایگەیاند کە ئەم جەنگە ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی زۆر بووەتەوە.
کونسوڵی ئێران لە هەولێر باسی لەوەش کرد، لە ڕۆژی یەکەمی جەنگەکەدا ئەمریکا و ئیسرائیل قوتابخانەیەکی منداڵانیان بۆردومان کردووە. بەپێی گوتەکانی ئەسەدی، لەو ڕووداوەدا زیاتر لە 100 قوتابی کوژراون، ئەوەش دەنگدانەوە و ناڕەزایەتییەکی زۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و تەنانەت لە ناوخۆی ئەمریکاشدا لێکەوتووەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن