دژی چیت؟
4/7/2026 5:02:00 PM
عیماد حەمید عەلی
وەها پڕ فـیتنە بـوو عــالەم کـە ئـیبلیسێکـی
وەك ئـیبلیس
نەماوە مەئمەنی غەیری کڵێشە و کەڵکەڵەی
مــــە خلووق
سەرهەلدانی جەنگ بەتەنها
پرسی سەربازی و سیاسیی و ئابوری ناهێنێتەکایەوە ، بابەتە ئایدۆلۆژی و فیکری و
ئەخلاقییەکان بەشێکی گرنگی جەنگەکانن ، بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک ئێمە کەبەردەوام لە
بازنەی جەنگدا خولاوینەتەوە کەمتر توانیومانە تێڕامان و خوێندنەوە بۆ رووداوەکان و
لێکەوتەکانیان بکەین ، لەهەر ڕوووداوێکدا دوکەرتبونێکی کۆمەڵایەتی دوچاری ئێمە
دەبێت هەندێک جار ئەو بابەتانەش کە دەبنە هۆی ئەو دوکەرت بونە دورونزیک
پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نییە بەڵام باکگراوندە ئایدۆلۆژیی و سیاسییەکان
کاریگەرییان هێندە بەهیزە پرسی یەکبونی نەتەوەیی و تێکنەدانی هاوهەڵوێستییمان
دەخەنە مەترسییەوە.
نەک بە تەنها پرسی
نەتەوەیی و مەترسییەکان و ئایندەی ناڕوونمان نابێتە سفرەی کۆکردنەوەی هەموان بەڵکو
زۆرجار لایەن ئەخلاقییەکان و بەرپرسیارێتی ئەخلاقی بەرامبەر ڕووداوەکان دەبنە
قوربانی ئایدۆلۆژیا و حەزو ویستە سیاسییەکان ، بەڕوونی نازانین ئەوکەسانەی دژ یان
هاوسۆزی ڕووداوەکان دەبن بنەما ئەخلاقی و پاساوەئەخلاقییەکانیان چییە بۆ پشتگیری
یان دژ بون بۆ ئەو بابەتە؟
ئەگەر بابەتەکە هەندێک
کردەیی بکەینەوە و بە نمونە ڕوونی بکەینەوە دەبینین لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
کۆماری تورکیا لەنێوان دووکاندیدی هەڵبژاردنەکەدا ململانێیەکی توندی بێسود سۆشیال
میدیا و دونیای کوردی دابەش دەکات ، لەڕوداوێکی
وەک ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ کاتێک فەلەستینییەکان هێرش دەبەنە سەرئیسرائیل و دەبیتە
جەنگێکی دولایەنەی درێژ خایەن لێرەوە بەهەمان شێوە فەزای گشتی باشوری کوردستان
دەبێتە دووبەرەی دژ وناکۆک ، کە دژایەتی و ناکۆکیەکە
تا ئاستی شکاندنی سنوری بازنە ئەخلاقییەکان هەنگاو دەنێت لەلایەک کەسانێک بە ناوی
کوردبون خەریکە بازنەی مرۆڤبونیشیان دەخەنە ژێر پرسیار لەلایەک کەسانێک بێ
هەڵسەنگاندنێکی وورد و پاشخانی جەنگەکە بەرگرییەکی کوێرانە لە شەڕەکە دەکەن ، لە
روداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان گرفتەکە خەستتر و پرسیارە ئەخلاقییەکان قوڵتر بونەوە
کاتێک هەمو ئەوانەی بەرگرییان لە حەماس و فەلەستینییەکان دەکرد بەجۆرێک لەجۆرەکان
بە پاڵنەری فیکری و ئایدۆلۆژی پشتگیری ئەحمەشەرع و هیزەکانی ئەویان دەکرد بە هەمان
شێوە بەرامبەرەکانیشیان بیریان چووبویەوە کە دژی فەلەستینیەکان وەستابون بۆ بەرگری
لەخاکەکەیان و داوایان دەکرد هەمومان بچین بۆبەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان (
کەبەدڵنیایی ئەوە ئەرکە) بەڵام پێوانە کردن بەدوپێوانەی جیا دەبێتە دروستکردنی
تەنگەژەی فیکری و ئەخلاقی و ناتونرێت ڕوون بزانرێت کە تۆ دژی چیت و پاڵپشتی لەچی
ئەکەیت؟ ئەگەر بروات بە بەرگری لەخاک هەیە دەبێت پاڵپشتی فەلەستینییەکان بیت کە
کورد لەمێژوودا بە جەپەکانیشییەوە پاڵپشتی ئەو پرسە بووە ، ئەگەر بڕواشت بەو
جۆرەشەڕە نییە بەناوی ئەوەی نابەرامبەرە چۆن بڕوات بە بەرخۆدانی پەکەکە و یەپەگە
هەیە لەبەرامبەر دوو دەوڵەت کە هەموو دونیا پاڵپشتیانە ؟
لە
جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیل – ئێران بەهەمان شێوەکۆمەڵێک پرسیارو پرسی ئەخلاقی
دەوروژێت کە دەبێتە دژیەکییەک کە قابیلی چارەسەرکردن نییە و بە هەمومانەیەک دژیەکی
ئەخلاقی تێدایە ، کاتێک ماف دەدەیت بە وڵاتێک بەرگری لەخۆی بکات بەڵام هیرشی درۆنی
و شەهید کردنی پێشمەرگە و هاولاتی کوردستان نابێتە پرس و بابەتێک ، کاتێك هەواڵی
پەسەندکردنی پرۆژەیاسایەک لە ئیسرائیل بۆ لەسێدارەدانی ئە زیندانییە فەلەستینیانەی کە تۆمەتبارن بە
تاوانی کوشتن دەبێتە جێگەی نیگەرانی و هەڵمەتی بۆ ڕادەگەێنرێت و بەتاوان سەیردەکرێت
(کە لەراستیشدا تاوانە و مەبەستی پاکتاوکردنی لە پشتە) بەڵام لە ناوخۆی هەرێمی
کوردستان و عێراق پاڵپشتی لە سێدارەدان دەکەیت لەکاتێکدا دەشزانرێت پرۆسەی
دەستگیرکردن و لیکۆڵینەوە دادگایی چۆن بەڕێوەدەچێت ،یان بۆ لەسیدارەدانی ئەو هەمو
ئازادیخوازەی رۆژهەڵات و زیندانیکردن و سزادانی شۆڕشگێڕانی باکوری کوردستان نابێتە
پرسی ئەخلاقی لەلات دەبێتە نیشانەی قەیرانێکی ئەخلاقی کە دەریدەخات هەڵوێستەکان
پاڵنەری فیکریی و ئایدۆلۆژیی و سیاسییان هەیە نەک پاڵپشتی مرۆیی و ئەخلاقی .