وتار

بە ئایدۆلۆژیاکردنی خەم

2/13/2023 11:34:00 AM 98 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف


سیستم خۆی کارەسات دەخوڵقێنێ، میللەت دێت هاوخەمیەکەی ڕادەگەیەنێت، هەرگیز سیستم و حوکمڕانی ناتوانێ بەبێ گەل هاوخەم بێت بە تراژیدیاکانی خەڵکانیتر، ئەوپەڕی ئاڵا دێنێتە خوارو پشوو ڕادەگەیەنێت ئەرکە سەختەکە بۆ خەڵکە. سیستم شەڕو کاولکاری دەخوڵقێنێت و پرسەگێڕیەکەی جێدەهێڵێت بۆ خەڵکی، کوڕەکانت دەبات بۆ جەنگ و دواتر پارەی پرسەکەت بۆ دەخاتە زەرفێک و موچەیەکت بۆ دەبڕێتەوە.

کارەساتی سروشتی وەک تسۆنامی و بورکان و ڕەشەباو لافاوو زەمین لەرزەی خواییش بەهەمان شێوە مرۆڤ هەر بێدەسەڵاتە لەبەردەم قودرەت و شەئن و عەزەمەتی ئیلاهیی، عەبدەکان تەنها دەتوانن ئامەننا بکەو هاوخەم بن و ڕازی بن بە قەدەر. وَعَسَىٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا وَهُوَ خَيْرٌ لَّكُمْ ۖ وَعَسَىٰ أَن تُحِبُّوا شَيْئًا وَهُوَ شَرٌّ لَّكُمْ ۗ وَاللَّهُ يَعْلَمُ وَأَنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ. بەڵام خوای گەورە عەبدەکانی بێئومێد ناکات لەو کاتانەداو هەمیشە لەبەرچاوانیت بۆ پاداشت. وَاصْبِرْ لِحُكْمِ رَبِّكَ فَإِنَّكَ بِأَعْيُنِنَا ۖ.

 ئیشکالیەتی سیستم ئەوەیە دێت هاوخەمیەکە دەدزێت و بارگاوی دەکات بە ئایدۆلۆژیا بۆ مەبەستی ڕیکلام و پڕوپاگەندەی سیاسی و حوکمڕانی، سیستم ئیشی چییە ئەگەر نەتوانێت قەبارەی خەمەکان کەم بکاتەوە و ڕێگربێت لە گەورەکردنی قەبارەی کارەسات و نەهێڵێت چیتر تەلاری بێکوالیتی و سوکەڵەو بێ پایەڵ بچێت بە ئاسماندا.لەولاوە بێت لەو خەمە گەورەیە وەبەرهێنان بکات بۆ شەرعیەتی سیاسی خۆی و مانەوە وەک ئەو دوو سیستمەی ئەنکەرەو دیمەشق کە بەردەوام لەسەر ماکینەی مەرگدۆستی دەژین و ناخوازن ڕۆژێک گەلانیان ئارام بن و لە ڕوداوە سروشتیەکانیشدا خەریکی ئەو تەوزیفە ساختەیەن.

#کورد!
مادام خەم هەیە کەواتە مرۆڤی ڕاستەقینەش هەیە، خودی کاراکتەری مرۆڤ و دەزگا ئەقڵگەرا و عاتیفەسازیەکەی ناوی وابەستەیە بە خەمەکانەوە، خەمی گشتی مرۆڤ و خەمی دەوروبەرو خەمی گەردوون و خەمی لەناوچوون و دۆخە کارەساتبارەکان هەموو خەمن بۆ ئامانجێک ئەویش مرۆڤدۆستییە بەرامبەر مەرگدۆستی، خەم وەک چەمک پانتاییەکی زۆری داگیرکردووە لە ئەدەبیات و زیهنیەت و ڕۆحی مرۆڤی ئێمەدا. وەک دەوترێت کاراکتەری کورد لەگەڵ خەمدا شێلاویانەو گەورە بووە و شلکوتکراوە، کوردێکی بێخەم هەرگیز وجودی نییە. خەم و خەسارەتەکان و حوزن و ماتەم و کارەساتەکان بەستراون بە وجودی مرۆڤی کوردەوە، بۆیە سۆسیۆلۆژیای خەمناسی و خەسارەتناسی بۆ گەلی کورد دیاردەیەکی نوێ و نامۆ نییە، هەمیشە کورد هاوخەم و پشتیوان بوە لەو کارەساتە سروشتی و سیاسی و مرۆییانەی دەوروبەرمان، یەک کورد نییە سیماکانی ئازار نەناسێتەوە، یەک کورد نییە خەمناس نەبێت و نەزانێ دەربەدەری و کارەسات و گیانلەدەستدان و وێرانبوونی زێدو ماڵبات و سوتاندن و قەهرو دڵڕەقی چییە؟ 

ئەوەی تازەیە ئەو خۆدەرخستنە میدیایی و کەمپەین و بەرش و بڵاوییەی کوردە بۆ کارەساتەکان و ناردنی سیگناڵی هاوخەمی بۆ ئەوانیتر کە جۆرێکە لە نمایش و فەوزا، خەریکە ئەو هاوخەمییە دەبێتە کەرەستەو ململانێیەکی ئایدۆلۆژیی و خەمەکان بیردەچن و ئامانجەکەش وردوخاش، بە پێکەنینەوە دەچینە ناو هاوخەمیەکانی ئەوانیترو هێشتا دەستمان لە چێژە زیادەکان هەڵنەگرتوە، کورد دەبێ وەک جەستەیەکی یەکپارچەو یەکگرتوو خەمەکانی بە تۆپزیی بەدەزگایی بکات و خەم بخوات بۆ ئەوانیتر وەک سۆسیۆلۆژیایەکی دەستەجەمعی کارتێکەر، دەبێت ئەو خەمخواردن و کەمپەین و کۆنەستە میللیە وەک گوتارێکی ڕاقی بەدەزگایی بکرێت و لۆبی پێوە بکەین بۆپرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکەمان.

خەمناسی و خەسارەتناسی و بەدەمەوەبوونی هاوخەمی میللی ئێمە دەبێ وەک پەیام بگات نابێت خەمخواردنێکی ڕواڵەتسازیی میدیایی و کەمپەین بێت بەتەنها، کە ئەمە دیوێکی زۆر باشی هەیە کە بەهاناوە چوون و  ئینساندۆستی میللەتی کوردە، بەڵام دەبێت هەمانکات وەک حوکمڕانی ڕێک بخرێتەوەو کۆمەک بێت بە خودی خەم و برینە ناوخۆییەکانی خۆشمان و بیخەینە ناو ئەجێندایەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژی خۆی.

پێم ئەڵێ بۆ خەم ئەخۆی سوڵتانی سەییاسی وەتەن
هەر بە قانوونی موحیببەت دوژمنی تەسخیر ئەکا

عاقیبەت میعماری فیکری ئیتیفاقی قەومی کورد
دارولئیحسانی بیلادی کوردەکان تەعمیر ئەکا.

شێخ بابا ڕەسوڵی بێدەن، لە سییەکانی سەدەی بیستەم ئەو دەقەی سەرەوەی نوسیوە لەسەر خەم و ژانەکانی گەلی کوردو کۆی ئەو کەسەرو زوڵم و جیاوازییە چینایەتیانەی تورک و عەرەب و فارس و ڕۆم بۆ کوردیان دروست کرد.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن