وتار

ھەڵەبجە، خراپترین بەرێوەبردن لە مێژوودا

3/21/2019 9:58:00 PM 749 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف

• دەسەڵاتی کوردی، ھێشتا وەکو پێویست لە مانای شار تێناگات و ناشیەوێت تێبگات، ئاخر شار بەم شێوە نۆستالیژیە نە گەشە دەکات و نە گەورەش دەبێت، ڤیستیڤاڵی شارت بۆ  بەرێوە نابرێ و بەگوند قەرەبووی دەکەیتەوە!


 • فراوانخوازیی و میتۆدی گەورەکردنی شار بە پاشگرو پێشگری وەک پارێزگاو فوتێکردن و دروشمبازی و کورسیخوازیی و شاری ئەنفال و ھەزاران شەھیدو ڤیستیڤاڵی یەک رۆژەو میوانی یەک سەعاتی دروست نابێت، یەکەم ئابوری بەھێز و گوژمەی بەھێز دروستی دەکات کە نییەتی، دوەم دەریچەی بازرگانی و ستراتیجی کە ھەڵەبجە نییەتی لە ئێستادا.


 • ئەم دەسەڵاتە خاوەنی باکگراوندێکی تۆزاوی و دۆگماتیزمی خێڵ و عەشیرەتگەرییە، شۆڕشی کوردیش لەو ناوچەیە بۆخۆی درێژکراوەی ئەم خەونەیە، سەیرکەن پاڵەوانەکانی حیزب کاتێک توانای دروستکردنی شاریان نییە بە مانا سیاسی و مەدەنی و دامەزراویەکەی و شکست دەھێنن لەم چیرۆکە، ئیدی دەکەونە وێزەی گوندو دروستکردنەوەی حیکایەتە کۆنەکانی گوندو ئاغاو دەرەبەگ و کەلەپورو ختوکەدانی نەزعەی خێڵگەریی و ھەموو ئەیەنە کەژو کێوو ڕەشماڵ و بەخشینەوەی ئەم ڕۆژ بۆ ئەو گوندو ئەو رۆژ بۆ ئەو خێڵ و بەمەش ھیچ ناکەن جگە لە راکردن لە واقیعی دروستکردنی شارو تێکدانی فەزای شارو ئەو تۆزە دامەزراوەیەش کە لە شاردا ھەیەو میراتی قەزاکەیەو بەجێماوە.


• لەو ھەڵەبجەیە ھەزاران عەشیرەت و گوندو خێڵ و بەرەباب ھەیەو ھەموو شایەنی رێزن بەڵام بە رێگەی خۆی، چۆن سبەی کۆنترۆڵی دەکەن ئەگەر یەکی رۆژێکیان بۆ تەرخان بکەیت، ئەی شار چی لێدێت لەم نێوانەداو چ رۆژێک دەمێنێتەوە بۆ شار ئەگەر ئەم ناوچەگەرێتی و عێل و رمبازێنە بەردەوام بێت، ھەر گریان و فرمێسک و ژان، لە کوێی سۆسیالدیموکرات و فیکرەی شارو دیموکراسیەت و گەشەسەندنی دەوڵەتداری و پرەنسیپەکانیدا ئەم نەریتە ھەیە!؟ 

• ئەم خۆدانە کەژو گوندو جیاکارییە جگە لەوەی چەقۆدانە لە ملی شار، ھاوزەمان، بەش بەشکردن و ھەلاھەلا کردنی جەستەی شاریشە، بەڵگەی شکستێکی حەقیقی کارەساتھێنە کە تۆی بەرپرس و دەسەڵات ناتوانی شارێکی مەڵتی کەڵچەرو فراوانخواز و یەکترقبوڵکەر دروست بکەیت، ناتوانی ئارامی و ئاوەدانی و دامەزراوەی مۆدێرن و زانکۆو خوێندنگەی کوالیتی باش و بەرێوەبەرایەتی و شەقامی جوتسایدو ستراتیجی بۆ بەریت، ناتوانیت رەمزو دەموچاوی مۆدێرنی شاری بۆ دروست بکەیت، بۆیە ناچار پەنا دەبەیتە دەشتاییەکان و کێوەکان و کەلەپورەکان و شتە کۆنەکان بۆ ئەوەی ئەم شکستە حەتمییەی پێ بشاریتەوە، ئەمە ئیتر خراپترین بەرێوەبردنی شارە لە مێژوودا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ