کازمی، دەستی بۆ ئایندەمان برد، خۆشمان بۆ ڕابردوو
9/13/2020 8:59:00 PM
814 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف
چۆن ئەو میتۆدە کلاسیکیە بگۆڕین لە زیهنیەت و بیری
سیاسیماندا کە چیتر پیشەسازی خراپ بە ڕابردوی شۆڕش و قوربانیان و بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕیەوە
نەکەین، بەراستی چەمکی چیکراو چیمانکرد و بۆ کرا لە دنیای کۆن، دەبێت بگۆڕین بە چی
بکرێت و چی بکەین لە دنیای تازە، هەمیشە بەستراوینەتەوە بە رابردویەکی پڕ تەئویل و
تەفسیری جۆراوجۆری تەمومژەوە، دیلی ئەو تەئریخە پڕ لە ئیشکالەین، یەک میللەت خەریکە
بەکاوەخۆ و بە بێ پلان دەمرێت بەڵام خەریکی ئەوەین، یەک کەس کێ بوو کوشتی لە رابردوو، لەکاتێکدا هێشتا لە قۆناغی
ڕزگاریی نیشتیمانیداین و بە دوسێ کاراکتەری میدیاگەرو نمایشکەری وەک مالیکی و کازمی
و عەبادی، دەتوانن ئەم ئەزمونە دیموکراسیە بکەنە خەرابستان، ئەوکات وشەی چیمانکردو
بۆکرا هیچ تەوفیرێکی نابێت ئەو شۆرش و رابردوە جوانەشمان لەکیس دەچێ.
وەرن مێنتاڵیتی تاکی کوردی و ئینتیمای خەڵک بگۆڕن
و ڕابهێنن لەسەر دەرەنجامەکانی ئایندەو لێکەوتەکانی،
ئایندەی ئابوری و نەوت و هەڵبژاردن و دیسپلینی حوکمرانی و دەستورو یاساکان و فیدراڵیەت،
#چی_بکەین_بۆ_سبەی؟ دەبێت بکرێتە هاشتاگ و پڕۆژەی نەتەوەیی و ستراتیژیی؟ ئەم خۆ هەڵواسینە
بە ئەلاگەی مێژووی کۆن و سڕینەوەی ئەویتر هیچ خزمەتێک بە دنیای هاوچەرخی حوکمڕانی
کوردی ناکات کە هەڕەشەی ناسیۆنالیزمی مەزهەبی تاریکی لەسەرە، کاراکتەرو بکەری سیاسی
و کاریزمای راستەقینە یەک جار ئاوڕ لە دواوە ئەداتەوە نەک سەدجار، بێگومان لیدەرو
سەرکردە کاریزماتیک و ئەفسانەییەکانی ناو مێژووش هەر ئەمەیان کردوە بۆیە بونەتە دەوڵەت،
کەمتر لاپەڕەی کۆنیان هەڵداوەتەوە، ئێستا فیکری سیاسی ئێمە پێویستی بەو ڕیفۆرمە هەیە،
کە ئەوەندە لەسەر خوێن و ئاژاوەو بیمارییەکان نەژین، ئایندەو ڕێبازی نوێ و مۆدێرن و ئەجێندای سیاسی گرنگترن بۆ ئێستامان، کازمی لە
باشماخ نەیوت وەرن ئادەی کورد چەند ڕەبیەی گرت و چەند شەهیدی بەخشی لە رابردوو؟ لە
هەڵەبجەش نەیگوت کوان بریندارانی بە جێماوی چەکی کۆکوژو کوا مۆزەخانەی قوربانیان و
تەنانەت باسی فرۆکەوانە ئازادکراوەکەشی نەکرد، ڕێک پێی وتین هاتووم تا ئایندە مەرحەباییەکی
ترتان بکەمەوە بەڵام ئەمجارە بە کراسێکی سادەوە نا، بەڵکو بە کراسی عەرەبی و بیرۆکراسیەتێکی
تازەو توندو بە دەنگی خۆشتانەوە، ئێمەش دەبێت هەر خەریکی جوینەوەی دەهالیزەکانی ڕابردوو
بین و یەکتری بهاڕین.