هاوپەیمانێتیی هیوا و چەند سەرنجێک !
1/20/2021 2:54:00 PM
ئاسۆ عەبدوللەتیف
هاوپەیمانێتی هیوا،
لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێکهات لە کۆمەڵێک فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردیی، بە ئومێدی
دروستکردنی لیستی ئینتیخابی و کێبرکێی سیاسی، ئەگەرچی فۆرمەڵەیەکی ئایدۆلۆژی بێ
گوتارو ستراتیژیی دورمەودان، لێ ئەم ماوەیە زۆر لێدوان و فۆکەسیان خستۆتە سەر نەوت
و موازەنەو بودجەی ٢٠٢١، وەک ئەوەی کەسیتر ئاگاداری نەبێت! زۆر باش گەمەی سیاسی و
زمانەوانیی پێوە دەکەن بۆ خۆیان و بازنە تەسکەکەی دەوروبەریان، ئەوان دەزانن زۆرترین
گرێ و گۆڵ و ناڕوونی لە سێکتەریی نەوتیی هەرێم
و سۆمۆ و گرێبەستەکاندا هەیەو ئەوە ڕونەو دەبێت حسابی بۆ بکرێت و پرسێکی میدیایی
نییە بۆ موزایەدات.
ئینجا لەم دەریچەیەوە
ئەم گروپە باشتر دەتوانن مۆدێلستی تازەی ئەم شانۆیەبن و پاڵەوانسازیی باشی تێدا بکەن
بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندەو مانەوەی خۆیان چونکە سیستمی فرە بازنەیی و هەڵبژاردنی ئایندەو
میکانیزمەکانی خۆکاندیدکردنەوە سەخت دەبێت بۆ ئەوان. ئەم گروپە بە نەتیجە ئیتر دەزانن
چ ریسکێک دەکەن بۆ داهاتوو، نەک ئێستای پێش هەڵبژاردن.
ئەگەرنا بەشێک لەو
ئەندامانەی هیوا، ئەگەر مارکێتینگ بۆ خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان ناکەن و نەکەوتونەتە
ژێر هەژموون و کاریگەریی کۆمەڵێک ئەقتابی شیعی گەورەو دەسەڵاتداریی مۆنۆپۆڵگەری عەسکەریی
و سەفەقاتی هەرێمایەتی، بۆچی تەواوی گەندەڵیەکانی دۆسیەی نەوت و فرۆشتنی بیرە نەوتییەکانی
خاریجی قەوس و یاسا و پاڵاوگە نایاساییە تاریکەکانی خواروی عێراق و شارەکانی تر، بە
یەک پاکێج و هەڵوێست و بەیاننامە باس ناکەن تا چەمکی دادپەروەری زیاتر بسەلمێنن و
هێندەش وەک وێناکەرو دیزاینەری دژە قەوارەی هەرێم نەناسرێن؟
لەکاتێکدا بەشێک لە ئەندامانی هیوا، ئەندامی ئەو لیژنانەی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقن، لیژنەکانیش بەتەنها تایبەت نییە بە کورد، بۆ هەموو
پارچەیەکی عێراقە بە گشتی نەک هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لیژنە گرنگەکانی وەک یاساو
دارایی و نەوت و وزە و ئاسایش و بەرگریی و ئابوریی و وەبەرهێنان و پەیوەندیەکان و
تاد.
کاتێک دەزانن کێشەی
گەورە لە تاڵانی نەوت و سامانە سروشتییەکان و کانزا و شوێنەوارە مێژوییەکانی عێراق
هەیەو تاڵان دەکرێت بۆچی باسی ناکەن بە یەک وشە و پرێس کۆنفرانسێکی بۆ ساز ناکەن!؟
لەکاتێکدا ئەوەش
دەزانن چاككردنهوهی پهیوهندییهكانی ههرێم و بهغداد، موعادەلاتی نێودەوڵەتییەو
راستە دەبێت حکومەتی هەرێم شەفاف بێت و بڕە نەوتی خۆی رادەست بکات و بژێوی خەڵک و
موچەکانیان چاک بکات، بەڵام هەموو ئەمانە به تونێلی چاككردنی کۆی پرۆسێسی نهوتی
و ئهمنی و عهسكهریی عێراقدا تێپهڕ دهبێت و لەدەسەڵاتی ئەو فراکسیۆن و مەندوبانەدا
نییە.