556وتار

میکانیزمی سێیەکی پەکخەر و موشەکباران !

3/28/2022 12:30:00 PM
ئاسۆ عەبدوللەتیف


ئەو جەنگ و ئاریشە سیاسییەی ناو پەڕلەمانی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستەکانی هەر سێ سەرۆکایەتیەکە؛ بەتەنها پرسی ململانێی مەزهەبی و ئایدۆلۆژیی کەمپەکانی سێیەکی پەکخەرو دوانەی دروستکەر نییە، واتە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی ڕزگاریی بۆ دەستەبەری ڕێژەی یاسایی پەرلەمان و پەکخستنی ئەو دەزگایە؟

بەڵکو دەرخەری قۆناغێکی تازەی ناو نەخشە تازەکەیە، گەشتنی عێراقە بە پاڕادایمێکی گرنگ کە ئیتر کۆتایی مۆدێلی سەپاندنی زۆرینەیەکی سەربازیی توندی مەزهەبیی فاشیزمە لە عێراقی ئایندە ئەگەر هێزە مەدەنیەکان بەرگەی بگرن. بۆیە هێزی ئیقلیمی بەتوندی لەناو هاوکێشەکەدان بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ململانێ توندەو ڕەنگە بە ئاسانی کۆتایی نەیەت.

عێراق لە دیدی عێراقناسەکانەوە هێشتا نەبۆتە دەوڵەتی سیستم و خۆبەڕێوەبەریی و میحوەریی بڕیاردەر، بەڵکو هێشتا خەریکی ڕێکخستنەوەی پەرژین و ناوماڵی خۆی و سەوەریەکانی و ئەو هەموو دەستێوەردانە دەرەکیانەیە کە ڕۆژانە پێشێلی سنورو یاساو دەستورو پرەنسیپەکانی دەکەن ئەوەتا بۆیەکەم جار لە دانیشتن و جەلسەیەکی پەڕلەمانییدا ٢٦-٣-٢٠٢٢. هەموو کارتێکی فشاریان بەکارهێنا،  بەتەواوی ڕێگاکان ڕۆشن بویەوەو دەرکەوت کێ زۆرینەیەو کێ کەمینەیەو مۆری ڕەوایەتی پێکهێنانی حکومەت لە بەرەنجامی هەڵبژاردنی ١٠-١٠-٢٠٢١ لە دەستی کام بلۆکی سیاسییدایە؟

عێراق چەندە کێشەی دەستوریی و حوکمڕانیی و سەروەریی و ئیداریی و ئابوریی هەیە ئەوەندەش کێشەی مەزهەبیی و دینیی و شوناسی پێکەوەژیان و پلوڕالیزمی مەزهەبی و حیزبی و ئەتنیکیی هەیە بۆیە کورد دەبێ هەمیشە لەم پرسەدا دورە پەرێزبێت، هەر ئەوەش وایکردوە دەوڵەتانی مەزهەبی بە سوننەو شیعەوە خۆیان بە خاوەنی عێراق بزانن و کەسیشیان لە واقیعدا خاوەنی نەبن. کاتێک بۆیەکەمجار میکانیزمی سێیەکی پەکخەر بەکارهێنرا بۆ کۆتاییهاتنی پرۆسەی سیاسی بە نیازی دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردن، ئەوە ئیتر یەکپارچە بۆنی کۆدەتاو قاچی عەسکەرو خوێن و هاتنەوەی دنیایەکی تاریکی لێ دێ لە ئایندە.

سەد ساڵە ئەم عێراقە بێ سەروەرییەو وێڕای چوار دەستووریی بنچینەیی دەوڵەت هەر بێدەستوورو بێ نەزم و ئیقاعەو کۆبوونەوەیەکی دیموکراسی پەڕلەمانیان بۆ بەڕێوە ناچێ . قانونی بنەڕەتی پاشایەتیی ١٩٢٥ و دەستوری قەومییەکان و عارفەکان لە ١٩٥٨ و دەستوری ئیشتیراکیی بەعسییەکان لە ١٩٦٨ و دەستوری ٢٠٠٥ ی عێراقی پاش پرۆسەی ئازادی و ئێستاش بەنیازی هەموارکردنەوەن لە ساڵی ٢٠٢٢، تا وەختی تاموشەکبارانکردن و ئه‌و په‌لاماره‌ مووشه‌كییه‌ی شه‌وی (12-13ی ئاداری 2022) كرایه‌ سه‌ر ئامانجه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی هه‌ولێر لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانییەوە ، کەچی هێشتا عێراقیەکان توانای خۆبەڕێوەبەرییان نییەو ناگەڕێنەوە بۆ وەرەقەو دیباچە دەستووریەکان و سنورێک بۆ ئەو پاشاگاردانییە دابنێن.

دەبێت ئیتر عێراق لەدوای ئەو کردەوانە هەم موشەک و هەم پەکخستنی دەزگای تەشریعیی، فۆڕمۆلەی نوێی هەبێت جیاواز لە ڕابردوو، ناشبێت تەسلیمی ئەو ئیرادە دەرەکییە ئێرانیزمە بێت کە لە پشتی گوتاری مەزهەبیی و هێزی وەلائیەوە وەستاوە بۆ دووبارەکردنەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن و ساختەکاریی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن