وتار

وردە گەمەی ئێران ئەمریکا؟

12/6/2020 1:59:00 PM 666 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف

بۆ ئەوەی لە شیعەو سیاسەتی مەرجەعیەت و ویلایەتی فەقیهو جوڵەکانیان تێبگەیت پێویستت بە توێژینەوەی مێژوویی و دینی سەردەمی خەواریج و ڕۆچوون لە میراتی ئیمامەتەکان نییە. داعش كە شوێنەوارو پەرستگاو سیمبول و حەزارەتەكانی سوننەی هاڕیی،ئەوانەی شیعە پارێزران، دواتر یەك تەقینەوە نەبووە بڵێن ئەوە تەقینەوەی شیعەیە هاوشێوەی گروپە توندڕەوە سوننەكان بە ئەمریكیەكاندا، هەمیشە ئێران خۆپارێزییەکی توندی هەبوە بۆ ئەوەی تیرۆرو کوشتن ئەڵقەی پەیوەندی خۆی و ئەمریکا نەبێت.

ئێران بەو هێزە گەورەو میحوەرییەی کە هەیەتی یەك جولەكە لەخۆی ناتۆرێنێت و هەمیشە هەرەشەکان، دەلالەتی زمانی و مەجازییان هەیەو میمبەر بۆ جنێودان و مەیدان بۆ سیاسەتکردن، کەر لە شوێنێک ئەتۆپێ و کونەش لە شوێنێک ئەدڕێ.

کاتی خۆشی كۆتایی خێڵی بەنی قورەیزەی جولەكە لە ساڵی پێنجی كۆچی لەلایەن قورەیشییەكانەوە، شیعە نەك خۆی لێ بێ بەری دەكات بەڵكو تا ئێستاش ئەهلی سوننەو جەماعەی پێ تاوانبار دەکات، شیعە هەڕەشە دەکات نایباتەسەر، ئەوەش عەقڵە، سوننە بەبێ هەڕەشە پەرپوت و جینۆسایدت دەکا، دەی ئەوەش گەمژەییە.

لە زۆر شاری عێراق، ئەمریكا بە تەوافوقاتی سیاسی و گەنم بە ئەسکەناس، خۆی میلیشیاکانی دروست کرد، بۆئەوەی شیعە بێکار نەبن و خەریکی زانست و ئیمامەتگەریی و زانکۆ و موزیک و مەعریفە نەبن، بەبەرچاویەوە لەشكركێشی حەشدو لیواو كەتیبەو میلیشیاكانی سەرایاو قودس و بەدرو عەسائبی ئەهلی حەقی دەبینێ و لە دەیان وێسگەی جیاوازدا چاوپۆشی لێدەکردن تا ئاودیوی سوریاش دەبوون و کارگەیشتە ئەوەی کۆپی حیزبوڵای لوبنانییشیان بۆ دروست بکات لە عێراق.

ئێران دوای کوشتنی قاسمی سولەیمانی چۆن هیچی نەکرد جگە لە هەندێک موشەکی نەرمە باروت، ئاواش دوای کوشتنی فەخریزادەی باوکە ئەتۆمیەکەی، هیچ ناکات، ئەوەی ئێران دەتوانێ بیكات زۆرترەو نایکات، دەتوانێ کێشە بۆ گەرووی هورموز دروست بکات و بەرژەوەندی نەوتی ئەمریكاو ئەوروپا تا رادەیەک بخاتە مەترسی، لێدان لە ئامانجەكانی ئەمریكا لە عێراق بخاتە ئەجێنداوە، كوشتنی ئەمریكیەكان بکات بە کردار، ناردنی موشەكی حوسەین بۆ تەلئەبیب و جۆلان زیاد بکات،دەركردن و تەنگ پێهەڵچنینی جولەكەو بەرەگەز ئەمریكیەكانی ناو ئێران دەستپێبکات، هیچ یەك لەمانە ناکات ئەوە سیاسەتی مەرجەعیەتە، بەدیوی ئەمریكاشدا وایە، ئەمریكا دەخوازێت كۆپی خۆی لەناوچەكە بەرهەم بهێنێت، ئێرانیش بەهەمان شێوە خەریکی چەند ئێرانێكە دروستی بکات هاوشێوەی لوبنان و سوریاو عێراق.

پارساڵ 21/1/2019 ئیسرائیل بۆ ئەوەی موشەكەكانی تاقی بكاتەوە هەستا هەندێ مۆڵگەی سوپای قودسی ئێرانی لە سوریا كردە ئامانج، گوایە لە ئامانجە ستراتیجیەكانی ئێرانی داوە، ئەمە ئەسڵەن ختوكەدان زیاتر هیچیتر نەبوو، لەكاتێكدا هێزی ئەو موشەكە كیشوەربڕانە بۆ قوم و تارانیش بڕدەكات، بەڵام ئیسرائیلیش ئەوە ناکات، بەپێی بەڵگە نامەیەك 68 گروپ و كەتیبەو لیوای جۆراوجۆری شیعە هەیە لە عێراق و بە ملیارەها دۆلار بودجەی ساڵانەیان هەیە جگە لە بیزنسی رەش و دەرهێنانی نەوت کەچی ئەمریکا بێدەنگە لێیان. ئێستاش عێراق بۆتە ناوەندی ململانێکانی ئەم دو دەوڵەتەو ڕەنگە چیتر تیمەکەی جۆبایدن بەو شێوە کلاسیکییە یاری نەکات و بیەوێت هەندێک فاکت و سیاسەت بگۆڕێت کە مەرج نییە بەدڵی نوخبەی حوکمڕانی شیعەبێت لەم ناوچەیە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ