نوێژو بانگەشە
10/6/2025 10:57:00 AM
ئاسۆ عەبدوللەتیف
هیچ بەربژێرێک بە بانگەشەو فلێکسی سەر
جادەو نوێژو تاعەت و ڕیابازیی و ئیمامەتی دروستکراو، نابێتە ئەندام پەڕلەمان ئەگەر
ناوی لەقائیمە نهێنیەکەی سەرۆک و ڕابەرو ئەمیندارو گیرفانی ئاغای دەستڕۆشتوودا نەبێ.
هۆشیارو چاوکراوەبە تۆزێ، ڕیکلام و بانگەشەو فلێکسی دڕاوی بەردەم ڕەشەبا بەبۆینباخی
سەوزو مۆرو شین و زەردەوە ناشیرینت دەکات و پێش خۆت دەرونت دەڕوخێنێ، وەرەخوارەوە
لەسەر عەموودو دارتێلەکان و بچۆ بنج و بناوانی یاریەکەو سەوداسەریەکان.
هەندێ کاندیدای نائەزموون، لەحیزبەکەی
خۆشیدا سێدارەی بۆ هەڵخراوەو پێویستی بە لۆبی و پشتگیرییەو دەنگی پێویست ناهێنێ ئیتر
نازانم ئەم هەموو پارەیە بۆ سەرف دەکات لەفلێکسی ڕەنگاو ڕەنگ و ڤیدیۆی سەقەت و ناشیرین
و تاقەتپڕووکێندا.
بانگەشەو دەنگە دەنگی زۆرو دەعوەت و بەرخۆریی
و مەسرەفگەرایی دەلیلی بێبڕوایی و ڕوخانی سایکۆلۆژیی کاندیداکەیە، خۆت لەو نەخۆشیە
بەدووربگرەو بڕۆ بگەڕێ بۆ ناوەکەت لەخشتەی نهێنی ئیتیفاقیە نهێنیەکان و پسوڵەی بەخششی
گروپی کۆمپانیاکان و گەمەی ئەکتەرە سیاسیەکان و دیزاینەری نەخشەکەدا، بزانە تۆ هەیت
یان نا ئەگەر نیت پارە سەرف مەکە؟
توندترین موزایەدات لەسەر جادەو عەموودەکان
نییە، دەنگ کۆکردنەوەش لەمەسنجەرو میحراب و بەکردەی نوێژکردن و عەمرەو ڕیکلامی سادەو
جنێودان بەدەست نایەت، توندترین موزایەداتی دینی لەهەولێرەو یەکلاکەرەوەیە، توندترین
موزایەداتی قەومی و وەتەنیش لە کەرکوکە تێمەکەوە، توندترین موزایەداتی گەندەڵیش لەسلێمانییەو
ئاسان نییە بیبەیتەوە، ئینجا ئاگاداربن بزانن دەنگی سەلەفیەکان و سۆفیەکان و تەریقەت
و پەکەکەو گۆڕانخوازان و بایکۆت و خەڵکی نوستوو بۆ کێیەو کێ کڕیویەتی.