کۆنگرەی چوارەمی ھەدەپە و چەند پرسێک !؟
2/15/2020 11:01:00 AM
ئاسۆ عەبدوللەتیف
پارتێکی سیاسی کوردی_تورکی تەمەن ھەشت ساڵ، کە
مێژووی دروستبوونی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٢ بەرمەبنای واقیعی سیاسی تورکیاو باکوری
کوردستان و دۆخی ئەو کاتی خۆپیشاندانەکانی شەقام و مانگرتنی زیندانیان و پێکھێنانی
ئەنجومەنی عاقڵمەندانی کوردو تورک بۆ چارەسەریی بنەرەتی کێشەکانی نەتەوەی کورد، ھەدەپە
لەسەر دەستی سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوسکداخ و کۆمەڵێک چالاکوان و خەباتکاری
کوردو تورک ھاتە دروست بوون، بە بیرو ئایدۆلۆژیایەکی مەدەنی و شۆڕشگێریی مۆدێرن کە
گوزارشت بوو لەو دۆخە سیاسییە نابەرابەرەی کە پارتی فەرمانرەوای تورکیا ئاکپارتی
خوڵقاندبووی.
زۆرترین سەرکردەو رەمزو دەموچاوە دیارەکانی ھەدەپە
لە زیندان توندکراون بە ھاوسەرۆکەکانیانەوە، بێگوێدان بە زەبروزەنگ و فشارو رەشەکوژیی
و سیاسەتی قەییوم و تۆتالیتاریزمی دەسەڵات و دەوڵەتی قوڵی ئاکپارتی، ھێشتا بە جەسارەتەوە
خەریکی خۆنوێکردنەوەن، گرنگە حیزبێک ھەشت ساڵ تەمەنی بێت، ھەزاران کادرو سەرکردەو
سەدان سەرۆک شارەوانی لە گرتوخانەی تاریکدابن و ھێشتا بیر لە بەستنی کۆنگرە بکەنەوە.
٢٣-٢-٢٠٢٠، ھەدەپە چوارەمین کۆنگرەی
خۆیان دەبەستن لە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیا، دەیانەوێت بەربەستەکان تێک بشکێنن و
گوتارو دیسکۆرسی خۆیان دابڕێژێژنەوە کە بگونجێت لەگەڵ دۆخی تازەی تورکیا بەتایبەت
پرسی کورد، ھەرگیز بیر لەوە ناکەنەوە چی دەگوزەرێت،
ئەوان وەک حیزبێکی نوێی رادیکاڵ و ئۆپۆزسیۆنێکی سەردەم و عەقلانی بیردەکەنەوەو خەریکی
دروستکردنی سەرکردەو سیمبولی مێژوکردن، بەھێواشی ھەنگاو دەنێن، گرتن و کوشتن تۆنیان
تێک نادات، ورەبەرزن بۆ خەباتی مەدەنی و شار، بۆ بەرگریی و مانەوەو کێبرکێی دەسەڵات
تێدەکۆشن، کۆنگرەی ئەمجارە کۆنگرەیەو نابێت بۆ ھیچ بیانویەک و پێشھاتێک دوابخرێت،
ئەوەش دیسپلین و روانگەیەکی جددیەو دەکرێت سودی ھەبێت بۆ پارچەکانی تری کوردستان،
بەتایبەتی ئەوپارچانەی کۆنگرە وەک مۆتەکە سەیردەکەن نەک وێستگەی نوێبونەوەو گۆرانکاریی.
رەنگە ئەم پارتە، کە لە رابردوو سەرکەوتنی گەورەی
تۆمار کرد لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی لە کوالیسیۆنی چەپ و سیکولارو نەوەی دوەمی پارتی گەلی
کۆماری CHP و ئەکرەم
ئیمام ئۆغلۆ، ئەویش بە بردنەوە شارەدارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنکەرەو شارە
کوردیەکان کە ئاکەپەیان دوچاری چەقبەستن و ئیحراجیەکی کوشندە کردەوە، ئێستاو لەم کۆنگرەیە
کە لە ئەنکەرەی ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆندا گرێ دەدرێت، فەزایەکی لەبارتر ھەیە بۆ بیرکردنەوەو
دارشتنەوەی پەیرەو و پرۆگرام و بەرێوەبەرایەتی و ھاوسەرۆکایەتی، دەکرێت دەرفەت لەبار
بێت رواڵەت و فۆرمێکی نوێ رەنگرێژ بکەن بۆ دوو ساڵی ئایندە، یەک لەو فۆرمانە
پاراستنی ھاوپەیمانێتی ستراتیجی ھەڵبژاردنەکانی پێشووە لەگەڵ دۆستەکانیان کە گەمەیەکی
جوانیان پیشانداین و دەسەڵاتیان ملکەچی ھەندێک سازش کردو لەو فۆرمەی خۆیدا رایانگرت
نابێت ھەدەپە ئەم باڵانس و ھاوسەنگیە تێک بدات و ئەو ئاستە نەپارێزێت، دیوێکی دیکەی
ئەم کۆنگرە دەشێت خۆراپسکان بێت لە چەک و توندوتیژیی گەریلایی و ئەوەی کە لە
رابردوو پێی تۆمەتبارکران بە خەندەقلێدان و ھەناردەی کادیر بۆ قەندیل، واتە سیاسەتکردن
بە پێوەری عەقلانی دروست نەک سۆزداریی، بەواتایەکی سادە وازھێنان لە ھەندێک کاریگەری
نەگەتیڤی قەندیل و ئیمراڵی بەسەر بریارەکانیانەوە، دەبێت دوساڵی داھاتووی ئەم پارتە
ھەوڵدان بێت بۆ فڕینی سروشتی بە باڵەکانی خۆیان بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی، ئەگەرچی
ئاکپارتی ئرم نەھجەی ناوێت و بە تۆپزیی کار بۆ ئەوە دەکەن ھەدەپە بۆنی قەندیل و گەریلا
بدات و پاڵتۆی ئەوان بپۆشن تا باشتر بتوانن رایانکێشنە دادگاو زیندان.
دەبێت ھەدەپە ئەوەندە وردو عەقلانی بن ھاوسەنگی
ناوخۆیی رابگرن تا بەربگرن لە روبەرووبوونەوەی دەسەڵات و گۆڕین و ریفۆرمی ھەندێک بەندو
یاسا کە ئاکەپە نەتوانێت بە ھەندێک مادەی دەستووریی و عورفیی دەستیان بۆ بەرێتەوە،
وەک زیندانیکردنیان و داخستنی پارت و سیاسەتی
قەیوم و فشاری بەردەوام لەسەریان، ئەمەش بە ھێزی مەدەنی و دیبلۆماسی و سیاسەتی ژیردەکرێت
کە لە کۆنگرە فۆڕمۆڵە بکرێت کە رەنگە کۆمەڵگای رۆژئاوایی و ئەمریکاو ئەوروپاش پشتگیریی
ئەم کۆنسێبتە بکەن.