نوێژ، وەک کردەیەکی بێدەنگ؟
3/7/2020 3:49:00 PM
ئاسۆ عەبدوللەتیف
نوێژ پەرستشێکی ڕۆحییە بەرەو ئیشراق، پەیوەندی بە جێگەو شوێنەوە نییە، تۆ بۆ شوێن مەگەڕێ بۆ نوێژ، بەڵکو بۆ نوێژێکی بێ شوێن و بێ مەکان بگەڕێ وەک خەڵوەت و ڕۆچوون، لەکاتێکدا ئەوەش دەزانیت کە خوای گەورە تەنها مزگەوتی وەک ناوەندی نوێژخوێنان دانەناوە، بەڵکو بەپێی فەرموودە جگە لەو چوار دیوارەی مزگەوت تەواوی جێگاو دەشت و کێوەکان بۆ مرۆڤایەتی وەک مزگەوت شەرعییە نوێژی تێدابکرێت.
وجعلت لي الأرض مسجداً وطهوراً
کەواتە نکوڵیکرن لەم چەمکەدا بەهیچ جۆرێک لە مەقاسیدی شەریعەدا جێگای نابێتەوەو جەسارەتێکی جاهیلانەیە.
• پاشان بەپێی لێکدانەوەی زۆرێک لە موفەسیران و شێخانی تەریقەت و عاریفانی دین و موتەقییان، نوێژ سروتێکە بۆ پاککردنەوەی دەروون و نیشاندانی دیوی تاریک وباتینی خۆت بۆ خودا، نەک پیشاندانی دیوی ڕوناک و ڕیاکاریی خۆت بەخودا، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت، ریاکارییەکی موجەڕەدە بۆ نمایشێکی بێمانایە، خۆدەرخستنێکی عەفەویی و دەرچونە لە تاعەتی وەلی ئەمر و فەرمانرەوای وڵات،
يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا أَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَأُولِي الْأَمْرِ مِنكُمْ ۖ فَإِن تَنَازَعْتُمْ فِي شَيْءٍ فَرُدُّوهُ إِلَى اللَّهِ وَالرَّسُولِ إِن كُنتُمْ تُؤْمِنُونَ بِاللَّهِ وَالْيَوْمِ الْآخِرِ ۚ ذَٰلِكَ خَيْرٌ وَأَحْسَنُ تَأْوِيلًا.
• نوێژ، جوڵەیەکی فیزیکی و کردارێکی قەرەباڵخ نییە وەک ئەوەی ئێستا تەرویجی بۆ دەکرێ لە شەقام، ڕێک ئەو جوڵە زیهنی و ڕۆحی و تەجەللابوون و زوهدگەرا و تەنهاییەی ناوەوەی خۆتە بەرەو وەرع و موناجاتی ئیلاهیی.
• نوێژ بە ڕقەوە مەکە واجب نیەو دەرچوونە لە ڕێسا شەرعیەکان، نوێژ بۆ کۆتایهاتنی مێژووی ڕق و کینەو بوغز بوو لای بەندەکانی خودا بۆ ئەوانیتر لە سەردەمی تاریکیدا بەرەو سەردەمی نورو فەتح و کرانەوە.
• نوێژ، لە ڕقی ئەویتر مەکەو نوێژ بکە بۆ ئەوەی ڕقی ئەو بۆ خۆت کەم بکەیتەوە ئێستا لە هەمووکات زیاتر پێویستیمان بە ڕوانگەی دینی و تولێرانسی ئاینی هەیە و نابێت بیشێوێنن، نوێژ بە بێدەنگی بکەو نوێژی بێدەنگ و ناو سروتێکی ڕۆحی و مەولانایی ئارامترت دەکاتەوە لەسەردەمی کۆرۆناداو هێزی مانەوەو بەرگریت بەهێزتر دەکات و ئاگاییت بۆ دەگەڕێنێتەوە، دەبێت تۆی موسوڵمان لەویتر نەرمتربیت بۆ ڕێنماییە تەندروستیەکان.
تۆی نوێژخوێن ئاگات لە دڵت بێ بزانە لە چەندلاوە بیمارەو نوێژەکانت چارەی نەکردوە بۆت دەی ئایا نوێژی دەرچوون لە رێنمایی و سەرشەقام چەندیتر بێچارەت دەکات؟ خوایگەورە خۆی دەفەرموێت “نوێژ لە کاتی خۆیدا” کات گرنگترە لە شوێن بۆ ئەم سروتە ڕۆحی و فەرزە دینییە.