بەزمەکانی موقتەدا !
5/6/2022 5:00:00 PM
245 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف
یەکەم هەڕەشە دژی سەربازانی ئەمریکی و هاوپەیمانان
لە دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق، سەماحەتی سەیید موقتەدا سەدر بوو .
یەکەم سەرکردەی شیعیی لەدەرەوەی سوپای نیزامیی،
کەسەربازگەی نایاسایی و میلیشیایی دامەزراند لە عێراق موقتەدا سەدر بوو، سوپای مەھدی
و لیوای رۆژی دوایی و سەرایا سەلام.
یەکەم کەس کە تۆمەتبارکرا بە تیرۆری کەسایەتییە
دیبلۆمات و بیانییەکان بەتایبەت زانای ئاینی و مەرجەعی دیار عەبدولمەجید خوئیی لەساڵی
٢٠٠٣ موقتەداو گروپەکەی بوون.
یەکەم کاراکتەری پۆپۆلیزمی شیعیی کە یەکەمجار
دوای میسڕ، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە ناوچەی سەوزی بەغداد داهێناو بانگەشەی ڕیفۆرمی
حوکمڕانی کردو داوای حکومەتی تەکنۆکراتی دەکرد هەر سەیید موقتەدا بوو.
یەکەم سەرکردەی شیعەی دەسەڵاتدار کە بەنهێنی
و ئاشکراو بە تۆپزیی ھێزی پێشمەرگەی بە میلیشیا
ناوبردو داوای ھەڵوەشاندنەوەی کرد هەر موقتەدا بوو.
یەکەم کەس لە نێو مەرجەعیەتەکانی شیعیی و نزیک
لە حەوزەی قوم، وەک دۆستی ئەمریکا و دەوڵەتانی سوننە نواندن و مانۆڕ دەکات و دەیەوێت
ئەندازەگیریی چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز بکات موقتەدایە.
تەنانەت یەکەم سیاسی بوو سەرنجی
گەنجانی ڕاکێشاو وێنەی خۆی و پلەیستەیشنەکەی بەکارهێناو کردیە مەوزوع و بەسەیارەی
شڕو کۆن هاتە ناوخەڵک.
یەکەم سەرکردەی شیعیی بوو کە ڤاکسینی کۆرۆنای حەرام
کردو بەداهێنانی ڕۆژئاواو زایۆنیزمی زانی و هەر خۆشی یەکەم کەس بوو کە لەجۆرە باشەکەو
هەردو ژەمەکەی ڤایزەری بەکاری هێنا لە ٢٠٢١.
یەکەم کەس بوو دوای ناساندنی قودس بە
پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن ترامپەوە لە مانگی ١٢/٢٠١٧ ، وتی یەکەم سەرباز دەبم بۆ
جیھادکردن دژی ئەو کارەو رەفتارەکانی ترامپ و ئیسرائیل و دیسان نەیتوانی ھیچ بکات
و مانۆر دەرچوو.
هەر ئەو عالیی سەییدەش بوو گوتاری کوردیی شەقکرد
لە پێناو ئامانجە سیاسییەکانی خۆی و دژی یاساکانی نەوت و گازی هەرێم وەستایەوەو
پشتگیریی لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کرد.
ئێستاش یەکەم ئەکتەری سیاسی باڵای مەزهەبییە هیچی
ناوێت و بە سەربەخۆکان دەڵێ وەرن ئێوە حکومەت پێک بهێنن و یەکەم کەسیشە هەموو شتێکی
دەوێت و داوای حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکات و مەحاڵیشە جێبەجێ بکرێ.
یەکەم سەرکردەشە بەو شێوە بەرفراوانە تۆڕی تویتەری
ئەمریکیی بەکار دەهێنێت و بە تویت و جریوەکانی دنیای لەخۆی کۆکردۆتەوەو هێشتاش
داوای کردنە دەرەوەی ئەمریکیەکان و پچڕاندنی پەیوەندیەکانی ئیسرائیل دەکات لە عێراق
.