28وتار

هەرێمى سلێمانی لەنێوان خواستى سیاسى و ئاستەنگى یاساییدا

11/9/2026 12:51:00 PM
عارف قوربانی

پرسى جیاکردنەوەى سلێمانى لە هەولێر تازە نییە، بەڵام لێکەوتەى نیگەرانیى یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان لە کاراکردنەوەى پەرلەمان، کشانەوەى تیمى حکومیی یەکێتی لە هەولێرەوە بۆ سلێمانى، بابەتەکەى دەمەزەرد کردووەتەوە. پێش چەندین ساڵ بزووتنەوەى گۆڕان کە لە هەڵبژاردنەکان براوەى یەکەمى زۆنى سەوز بوو، مەیلى بە هەرێمکردنى سلێمانى ئامانجى سەرەکییان بوو، بەڵام زوو تێگەیشتن کە هیچ رێکارێکى دەستووری و یاسایى نییە بۆ بەدیهاتنى، بۆیە دەستیان لەو خواستە هەڵگرت.

لە نزیک بە 10 ساڵى رابردووش، گرووپێک لەناو (ی. ن. ک) لەژێر سێبەرى لاهوور شێخ جەنگییەوە پڕۆژەیەکی جیاوازیان خستەڕوو بە جیاکردنەوەى سلێمانى نەک وەک هەرێم بەڵکو وەک ئیدارەیەکى سەربەخۆ، پوختەکەى ئەوە بوو هەرێمى کوردستان هەبێت، بەڵام بە دوو ئیدارەوە، ئیدارەى هەولێر و ئیدارەى سلێمانى، بەڵام لەناو یەکێتی نەیارى زۆر بوو، بۆیە زوو ئەو داوایەش کپکرایەوە.

ئەوەى ئێستا باسەکەى گەرموگوڕتر کردووە، دەربڕینى هەندێ چەمک و دەستەواژەى ناو پەیامەکەى بەڕێز بافڵ تاڵەبانى بوو کە گوتى (ئەگەر لە هەولێر سەرۆکى هەرێم هەڵبژێرن، ئێمەش لە سلێمانى سەرۆکى هەرێم هەڵدەبژێرین، سەرۆکى حکومەت هەڵبژێرن، ئێمەش لە سلێمانى سەرۆکى حکومەت هەڵدەبژێرین، وەزیر دانێن، وەزیر دادەنێین). هەرچەندە دەکرێت ئەم دەربڕینە بۆ ئەوەبێت پارتى دواى کاراکردنەوەى پەرلەمان بەبێ یەکێتی، هەنگاوى دیکە نەنێت، بەڵام هەندێک چاودێرى سیاسى و میدیاى کوردى و عەرەبى وەک ئاماژەى بە هەرێمکردنى سلێمانى خوێندنەوەى بۆ دەکەن.

دەمەوێ ئەوە بڵێم وەک خواستى سیاسى، خواستى بە هەرێمکردنى سلێمانى لەمێژە هەیە، بەڵام بەپێى ئەم دەستوورەى ئێستاى عێراق و یاساى تایبەت بە پێکهێنانى هەرێمەکان لە عێراق، دەروازەیەکى دەستوورى و یاسایى نییە تاوەکو بتواندرێت بەهۆیەوە ئەم خواستە سیاسییە پراکتیزە بکرێت. ئەگەر دەرفەتێکى دەستووری و یاسایى هەبووایە، ئەم پرسە نەدەمایەوە بۆ ئەمڕۆ تاوەکو ئەم نەوەیەى ئێستاى ناو دەسەڵاتى حیزبى و حوکمڕانى داواى بکەن. دەستوور رێگەى بدایە کاک نەوشیروان سلێمانى دەکردە هەرێم و گۆڕان حوکمى دەکرد نەک یەکێتی.

ئەوەى لە دەستوورى ئێستاى عێراقدا هەیە، داننانە بە هەرێمى کوردستان و دەسەڵاتەکانى پێشووى وەک هەرێمێکى فیدراڵى. هەروەها رێگەدان بە دروستکردنى هەرێمى دیکە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق. لە یاساى تایبەت بە پێکهێنانى هەرێمەکان کە لە ساڵی 2008 لە پەرلەمان پەسند کرا، رێکارەکانى چۆنێتى دروستکردنى هەرێمى دیاریکردووە بۆ 15 پارێزگاکەى دەرەوەى هەرێمى کوردستان. هەر پارێزگایەک بە تەنیا یاخود چەند پارێزگایەک پێکەوە دەتوانن بەو مەرج و رێکارانەى دیاریکراون ببن بە هەرێمێک. هەروەها چۆن پارێزگایەک خۆى پەیوەست بکات بە هەرێمێکەوە، بەڵام هیچ بەند و بڕگەیەکى دەستوور و یاسا باسى ئەوەى تێدا نییە چۆن پارێزگایەک لەناو هەرێمێک بێتە دەرەوە، جا بیەوێ ببێ بە هەرێمێکى دیکە یاخود وەک پارێزگایەک بمێنێتەوە.

لە رووى کرداریشەوە دواى پەسندکردنى یاساى تایبەت بە دروستکردنى هەرێم، چەندین پارێزگا بە جیا جیا و هەموو ناوچە سوننییەکانیش پێکەوە، داواى ئەوەیان کردووە ببن بە هەرێم، بەڵام لەبەر ئەوەى لە بنەڕەتدا مەنزوومەى حوکمڕانیی عێراق باوەڕى بە ناوەندێتییە و هەرێمى کوردستانى وەک دیفاکتۆیەک پەسند کردووە، بۆیە رێگەیان بە دروستکردنى هیچ هەرێمێکى دیکە نەدا لە عێراق دروست بکرێت، لە کاتێکدا بە دەستوور و یاسا رێگەپێدراوە.

تاکە هۆکارێک هەبێت کە ئەگەرى ئەوەى لێ چاوەڕوان بکرێت بەغدا (حیلە شەرعییەک) بدۆزێتەوە بۆ ئەوەى سلێمانى ببێتە هەرێمى سەربەخۆ، ئەوەیە کە بەغدا دەیانەوێ دەستوورى عێراق بگۆڕن. لە کاتی نووسینەوەى دەستووردا سەرکردەکانى ئەوکاتى کورد کە رۆڵیان لە داڕشتنى نەخشەى دەستوور هەبوو، توانییان جۆرێک لە دڵنیایى بۆ هەرێمى کوردستان دەستەبەر بکەن بەوەى دوو لەسەر سێى سێ پارێزگا پێکەوە دەتوانن رێگە لە گۆڕانکاریی دەستووری بگرن. بەغدا حەز دەکەن ئەو پارێزبەندییەى کورد نەمێنێ و بەربەستى بەردەم نووسینەوەى دەستوورێک بەخواستى شیعە فەرز بکەن. بە دروستکردنى هەرێمى سلێمانى ئەو پارێزبەندییەى کورد نامێنێت و شیعە دەتوانن دەستوورێک بە خواستى خۆیان بسەپێنن، بەڵام گرفتى گەورەى بەردەمیان ئەوەیە کە ئەگەر دەرگاى دروستکردنى هەرێمى تازە بکەنەوە، پارێزگاى بەسرە کە شادەمارى ئابووریی عێراقە، داواى بە هەرێمبوون دەکات. هەروەها هەموو پارێزگا سوننییەکان هەمان داواکارییان هەیە. ئەمەش لەگەڵ خواست و ویستى شیعەدا یەک ناگرێتەوە. بۆیە شانسى دۆزینەوەى دەروازەیەکى دەستووری و یاسایى بۆ بە هەرێمکردنى سلێمانى ئاسان نابێت.

لە ململانێى نێوان یەکێتیى و پارتیدا، کارتى دروستکردنى هەرێمى سلێمانى، کارتێکى لاوازە و سلێمانى هیچى لێناچنێتەوە. وروژاندنیشى لەناو خەڵک و هێزە سیاسییەکانى دیکە نەیارى زیاتر بۆ یەکێتی دروست دەکات، چونکە بە دابەشکردنى جوگرافیاى کوردستان لێکدەدرێتەوە. لەناو خودى یەکێتیش، یەکێتییەکانى دەرەوەى جوگرافیاى زۆنى سلێمانى لەگەڵ پڕۆژەیەکى وا نابن. بۆیە بۆ یەکێتی واباشترە جۆرى کارت و یارییەکەى بگۆڕێت بە شتێک کە خۆى وەک حیزب و سلێمانیش وەک خەڵک و جوگرافیاکەى دەستکەوتێک بەدەستبهێنن

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن