وتار

کورد و بایدن

11/8/2020 1:39:00 PM 609 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف

دەکرێت ئیدی واز لە خۆهەڵواسین و پیشەسازیی گوتاریی سادەو خۆشباوەریی بهێنن بە گوتارو سیاسەتی تەمومژاوی ئەمریکاوە، هێشتا نازانین ئەمریکاو ئەمریکاناسی چییە و لە کام فۆڕمدا سیاسەت دەکەن، ئەمریکا سیستم و دەوڵەتی قوڵی دامەزراوەیی مۆدێرنە، کورد وەک ستاتۆیەکی نوێ و ئاکتەری نادەوڵەتی دەبێت دامەزراوەیی مامەڵە بکات و لە گرنگی دامەزراوەش بگات، سەرەتا گرنگە گوتارو مۆدێلی کاری سیاسی خۆی بگۆڕێت لە ئایدۆلۆژیای کلاسیکەوە بۆ چەمک و کۆنسێبتی نوێ، جۆ بایدن و دۆناڵد ترامپ بۆ کورد جیاوازییان نییەو نابێت، خودی ترامپ بوە قوربانی لێدان لەو دیسپلین و دامەزراوە ڕەگداکوتراوە مێژوییەی ئەمریکا ئاخۆ کورد چی بکات.

ئەوە راستە دۆناڵد ترەمپ نەماو کۆتایی هات وەک دیاردەیەکی سیاسی نامۆو پیاوی موجازەفەو تویتەکان، بەڵام نەزعەی ترەمپیزم و پۆپۆلیزم و جادوی سپیپێست و رەیسیزمی کوشندەو پرۆژەی پراگماتیزمی سەرمایەداریی و قوسوەت و دڵڕەقی ئەمریکا لەسەر دەستی بایدن نەک کۆتایی نایەت بەڵکو ڕەنگە درێژە بکێشێت بۆ بزوتنەوەیەکی سیاسی نوێ لە ئەمریکا لەسەر دەستی ئەم نەوە دەنگدەرە سەرکەشە بێمۆراڵ و تازەی کۆماریەکان، بۆیە باشترە خەون نەبینین بە دونیایەکی جوانترەوە لە ئەمریکاوە کە کاراکتەرە دیموکراتیست و لیبراڵ و چەپەکانی ئەمریکا بۆ کوردی ڕەنگڕێژ بکەن، خەون پێویستی بە پرۆگرام و ئەجێندای نەگۆڕ هەیە.

ئەمریکا یاری دەکات لە جێگایەک، بۆ ئەوەی جوڵە بکات لە جێگایەکی تر، شکۆی لە جێگایەکەو ئابوریی لە جێگایەکی تر، پێکەنین و گریانی وەک یەکە، دەوڵەتی کەسایەتی نییە، خێرا چەتر هەڵدان باش نییە، کورد دەبێت لەو یاریانە تێبگات، ھەموو جارێک جوڵەی جەنگاوەریش بۆ جەنگ نییە، ئەمریکا مۆدێلت بۆ ناگۆڕێت بۆت پێشنیار دەکات، زاكیره‌ی كۆن و نوێی ئێمه‌ هێشتا به‌رگرییه‌ له‌ سه‌روه‌ری و ئاڵاو خاك و نیشتیمان، ئه‌م دۆخه‌‌ وایكردووه‌ هیچ جۆره‌ جوڵه ‌و ئاكشنێك وه‌رنه‌گرین به‌ ئاراسته‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی كرده‌یه‌كی دیكه‌، هەموو نەیارەکانی کوردیش هیواخوازن كورد له‌م دۆخی به‌رگریه‌دا بمێنێته‌وه‌، هه‌ر به‌رگری بكات له‌ ئاڵاو خاك و سه‌روه‌ریه‌كه‌ی دەی چ زیانێکی هەیە؟ كه‌واته‌ پێویسته‌ دۆخی به‌رگریی و مانه‌وه‌ به‌م فۆرم و میتۆدە‌ بگۆڕین به‌ شتێكی دیكه‌ كه‌ ئه‌ویش گوشارو مانۆڕی سیاسی و لۆبیكردن و فێڵی سیاسی و خۆبەدەزگاییکردن و تێگەیشتنە لە رێککەوتن و کۆنتراکتەکان‌.

لۆبیکردن دیبلۆماسیەت و گەڕان نییە، رەسمگرتن و سێڵفی نییە، کردنەوەی مەکتەبی حیزبی و چالاکی میدیایی نییە لە وڵاتان، تەخشان و پەخشانی پارەش نییە، ململانێی حیزبیش نییە، هەناردەکردنی ئایدۆلۆژیاش نییە، بەڵکو ھونەری پەیوەندیی و رێگای تازەیە بۆ دروستکردنی بریاری سیاسی و پێشنیارو ئۆفەری باشتری بەرژەوەندی و شوێنی وزەو نەوت بۆ بەرامبەرەکەت جیاواز لە وەی نەیارەکانت، ئێمە چیمان هەیە بۆبایدن وەک پاکێج و ئەجندای سیاسی؟ نەک وەک گوتاریی عاتیفی و سیاسی و دووبارە، وەک ئەوەی سعودیەو تورکیاو ئازەربەیجان دەیکەن و لە ئێستاوە ئامادەسازیی بۆ دەکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ