وتار

لە ڕاستیدا کیتۆنەکردن، مەترسیدارترە

11/19/2020 9:31:00 AM 534 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف

ئەوانەی کیتۆخوازن و مرۆڤی کیتۆیین دەبێت دڵخۆش و ئاسودەبن کە ڕێگاکەتان ڕون و ئاشکرایەو خاوەن کەلتورێکی خۆراکیی ڕاقین کە بێ گرفتە و راستگۆن لەگەڵ خۆتان و بیرکردنەوەکانتان، ئێستا مێشک و بیرکردنەوەشتان بەباشی کاردەکات و رازی نابن بە دنیای پوچگەرایی و هەواڵی ساختەو فەیک.

بڕوانن جیهان چۆن گیرۆدەی نەخۆشی و بیماریی و هەزاران دەردو عیللەت و بیزنسی ڕەشی دەرمانخانەکان و نەشتەرگەریی ئیجباریی، بۆتەوە بە هۆی دەستکاریی تەنانەت جیناتی مرۆڤ و ڕێچکە سروشتیەکەی و خواردنەکانی، کەچی کیتۆ بە مەترسی دەبینن بۆ مرۆڤ، ئەسڵەن کیتۆنەکردن خۆی مەترسیی گەورەیە، #چۆن؟

کیتۆ لە جیهاندا هێڵکارییەکی زۆر هۆشمەندانەو عەقڵانی و زانستی کردوە بۆ ژیان کە چیدەخۆیت و چی دەکەیتە ووزە، تۆ، یان تێدەگەیت یان تێدەکەویت، یان رزگار دەبیت، یان دەبیتە قوربانی، یان راو دەکەیت یان دەبیتە نێچیر. کۆمەڵگای مۆدێرن و دڵڕەق و بێویژدانی کارخانەکان و کۆمپانیاکان، سەدان ساڵە مرۆڤیان کردۆتە دیل و یەخسیری خۆیان و بە خواستی خۆیان بەکاریان دەهێنن، بەداخەوە هەم جیناتیان دەستکاری دەکات و توشی پیسخۆریی و مشەخۆرییان دەکات، هەم شکڵ و شێوەشیان دەگۆڕێت و مرۆڤەکان ئیدی خۆیان ناناسنەوە.

وەک چۆن دنیای مۆدێرنە، بۆ بەرژەوەندی و دەستکەوتی پارە، تەواوی بەرهەم و خۆراکە سروشتی و ناسروشتیەکانی ئەم هەسارەیەی دەستکاری کردوەو رەنگ و تام و بۆن و شێوەی گۆریوەو شیرینی کردوەو دەرخواردی بەشەریەتی ئەدات تا نەخۆش بکەون و دواجار پارەیان پێ پەیدا بکەن، ئاواش دێت دەستکاری جیناتی مرۆڤەکان دەکات، سەرکردەی جەللادت بۆ شیرین دەکات و سەرۆکی بکوژت لا شیرین دەکات، رازیت ئەکات بە هەموو شتێک، جیهان جیهانی مرۆڤی ساختەو خواردنی ساختەو شیرینیی قاتیلە، مرۆڤی ناو جل و بەرگی مارکەو گرانبەها، مرۆڤی پاکەتی و ئوتوکراو، مرۆڤی شکڵ گۆڕاوی لوت قنج و بێ گوێ، مرۆڤی بێهەستی داماوکراو، ئیتر مۆدێلی سەردەم و سەرمایەدارییە، نۆرەی دەسکاریی فۆرم و شکڵ و شێوەیە، تەجمیلی لوت و گوێ و قژو چەناگەو چاڵی ڕومەتی سلیکۆنکراو، مایکئەپ و فیلەرو بۆتۆکس و تاتۆکاریی، یەکپارچە بۆ گۆڕین و دەستکاری سروشتی حەقیقی مرۆڤەو بۆئەوەیە مرۆڤ چیتر تەندروست بیر نەکاتەوەو مێشکی ڕژاو بێت، ئەو سیستمە دەیەوێت ئەم مرۆڤە بە ڕوکەش شیرین بێت و ناواخنیش وێران و بیکاتە مرۆڤی پاکەتی و پێچراو وەک خواردنەکان، بەڵام ئایا ئەمە کردەیەکی دروستە، مرۆڤ دەبێت جوان و شیرینکراو بێت یان چاک و تەندروست؟ تۆی کیتۆ خواز وەڵام بدەرەوە.

هونەرمەندو سەرۆکەکان و سیاسیەکان بە پارەو سەرمایەکانیان خەریکی ئەم خۆ نواندن و شیرینکاریی و گۆڕینی جینات و شکڵەی خۆیانن و بوونەتە دەعباو عەبدی زانستی نابابەتی، بەبێ ئەوەی بزانن ئەوان شیرین دەبن بۆ فەترەیەک لەبەرچاوی رای گشتی، وەک مۆدێل و یوتوبەرو ئەفسانەی درۆینەی سۆشیالمیدیاو خاوەن فۆڵۆوەر دەربکەون، شیک و شیرین وەک میوەی شیرینکراوی مەترسیدارو برنج و نانی پڕکراو لە نیشاستەو ساردەمەنییە کهولیی و سۆدەکراوەکان،  بەڵام ئەوە بزانن هەرگیز تەندروست و جوان نابن بۆ ئەبەد، هەمیشە سایکۆلۆژیایەکی هیلاکیان هەیە، وەک خواردنی میوەکان و خواردنە موعەلەبات و پێچراوەکان و پڕ کاربۆهیدرات و شەکراویی و لۆگۆدارەکان، شیرین دەکرێن و چێژدارێکی کاتین بەڵام کوشندەو ناتەندروستن، ئەمرۆبێت یان سبەی مرۆڤ دەبێت دەستبەرداریان بێت و بێتە سەر ڕێبازو تەریقەتی کیتۆیی و خواردنی سروشتی دەستکارینەکراوی بێ شەکر بۆ ئەوەی هەم لە خۆی تێبگات و هەم دەوروبەر، کورت و پوخت کیتۆ ڕێگە نادات خۆت بشێوێنیت و دەستکاری درۆینەی خۆت بکەیت، وەک چۆن ڕێگە نادات خواردنی ناتەندروست بخاتە ئەودیو زمانیەوە ئاواش ڕێگە نادات هەواڵی فەیک و درۆ بچێتە ناو مێشکییەوە.
خۆش بژین

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ