1118وتار

هەڵەبجە پارێزگارەکەی باش نیە یان بێدەسەڵات کراوە؟

10/1/2019 10:06:00 PM
ئاسۆ عەبدوللەتیف

بۆ ئەوەی شارێکی باشت ھەبێت پێویستە پارێزگارێکی باش و بەدەسەڵات و خاوەن ڕوئیات ھەبێت، ئەمە فاکتێکی گرنگ و چەسپیوە، پارێزگاری باش بەتەنھا بریتی نییە لە دەرچووی مەدرەسەی حیزبی و تەنزیمی، یان خاوەن مەعریفەو ئەخلاقێکی باش، بەڵکو گرنگە دەسەڵاتێکی باش و کاریگەرو ئەنجومەنێکی راوێژکاریی یاسایی ھەبێت و بڕیاردەربێت لە ھەموو پرسێکی چارەنوسسازدا بچوک و گەورە، بۆ وێنە، "ئازاد تۆفیق" خۆ ھیچی کەمتر نییە لە "فرسەت سۆفی" وەلێ فرسەت بڕیاردەرو بەدەسەڵاتەو ئازادیش بێ دەسەڵات و بێ بڕیار، ئەگینا پارێزگاری ھەڵەبجە ئەوەندە یەخسیرو بێتوانا نەدەبوو بەدەست ئەم حیزب و ئەو حیزبەوە کە تائێستا نەتوانراوە ئەنجومەنێک و بانکێکی مەرکەزیی و دوو بەرێوەبەرایەتی ستراتیجی و گرنگی ھەبێت کە شار شانازی پێوە بکات و پێشیبخات!؟

 

ئاخر پارێزگایەک ھێشتا نەچوبێتە نێو نەخشەی سیاسی و کارگێڕیی لیستی پارێزگاکانی عێراق و تەنانەت ھەرێمی کوردستان، ھێشتا وەک پاشکۆی شاری سلێمانی وێنا بکرێت و مەرجەعەکەی مۆری نیزامولمولکی سەرای کۆن و سەردەمی سەدری ئەعزەم بێت چاوەرێی چ پێشکەوتنێکی لێ بکرێت؟ بە بڕوای من، ئازاد تۆفیق لە سبەی زووتر پێویستە ئازایانەو ئازادانە یان بچێتە بەغداد یان ھەولێرو چیتر رێگە بەخۆی نەدات واژووی بێ دەسەڵاتی لەسەر سیپارەی بێ پرۆژە بکات لە ژورێکی داخراودا، چونکە دوچاری بەرپرسیاریەتی مێژوویی دەبێتەوە لە داھاتوودا، ئەمەش بۆئەوەی ھەڵەبجە بخرێتە چوارچێوەی لیستی پەرەپێدانی پارێزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و ھیچ نەبێ وەک پارێزگایەکی نوێ و سیمبولیک و خاوەن گەورەترین تراژیدیاو زامی سەدە تەماشا بکرێت، نەک بۆ سپۆنسەری پێشانگایەک لە سلێمانیەوە بڕیاری لێ بدرێت، ئەگەرنا ھەڵەبجە تاماوە دەبێت بە شوێن ئەنجامدانی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی شانزەی سێوە بێت و بچوک بچووک تەماشای شارە گەورەکان بکات، خودی دەسەڵاتیش وادروست دەبێ لەدەرەوەی جوگرافیا گشتیەکەی شارەوە دەسەڵات بۆ خۆت دروست بکەیت، بۆ وێنە ھەڤاڵ ئەبوبەکر دەسەڵات و شەرعیەتەکەی و بودجەکەی ھی بەغدادو ھەولێرە نەک سابونکەران و جادەی پیرەمێردو سەرای کۆن، ئەی ھەڵەبجە بۆ نییەتی، کوا بودجەکەی، کوا جادەوبانی، کوا نەفەق و خەستەخانەو بەرزەپردیی، کوا بریاری مەرکەزیی، ھەڵەبجە پێویستە بێتەدەرەوە لەو فەزا ئایدۆلۆژی و خێڵگەریی و میللیگەراییەی بۆی دروستکراوەو لەشەتەکیان داوە، دو رێگەی لەبەردەستە سێھەمی نییە، یان ھەڵبژاردنی بەغداد یان ھەولێرو واز لە سلێمانی بێنن تکایە، پارێزگای باش و کاریگەر کایەی گشتیی دروست دەکات بۆ فەراھەمکردنی فەزیلەت و خۆشگوزەرانی تاکەکانی، ھەڵەبجە دروشم و گریانی لێ دەربھێنەو شانزەی سێ و باخە ھەنارەکانی لێبکەرەوە ھیچی نامێنێتەوە، دەی ئەمە کەی پایەو مقەوماتی شارە !؟

ھەڵەبجە فەزیلەتی تاک و خۆشگوزەرانی گشتی نییە، قوڵایی و رەھەندی ستراتیجی و ژێرخانی ئابوریی و دەریچەی بازرگانیی نییە باچیتر خۆمان فریو نەدەین، ئیرادەی لەژێر پرسیاری فەزای ئیداری و ئورستۆکراتی و سوڵتەویی شاری سلێمانیدایە مەبەستم شارە بە سیاسیکراوەکەیە، سلێمانیش بە ئارەزووی خۆی بچوکی دەکاتەوە تا ئاستی لێکردنەوەی دەشتی شارەزوریش لە جوگرافیاکەی وەک چۆن شارۆچکە خۆشەویستەکانی دەربەندو سەیدسادق و پێنجوێنی لێدابڕی! شاری دروست بریتییە‌ له‌ كۆمه‌ڵێك بڕیاری گرنگ، یەک لەو بڕیارانە ھێزی تەملیک و تاپۆکردن و وەبەرھێنان و پرۆژەی گەورەو كایه‌ی سیاسی و ئیداری و دیدی جیاوازە بۆ حوكمرانی کە پارێزگاو قائیمقامیەتی ھەڵەبجە بێبەشە لەم رێکارانەو ئەسڵەن نیەتی با چیتر خۆمان فریو نەدەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن