630وتار

رۆژاڤاو پاشەکشەی ئەمریکاو چەند سەرنجێک !؟

10/7/2019 10:49:00 PM
ئاسۆ عەبدوللەتیف


ھەندێ بەرچاو ڕونیی، سەبارەت بە دۆخی تورکیاو ئەمریکاو دۆزی کورد لە رۆژئاوای کوردستان.

• سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین ئەمریکاو ئیدارەی ترەمپ، تا ئەم ساتەوەختە بەشوێن بۆنی باروتەوە نین، ئەوەندەی بەشوێن سەرچاوەی داھات و دەستیشانکردن و رەنگکردنی جێ پێی بازرگانی و سیاسەتی ھەژمونگەرای خۆیانن بۆ جیھان و بەربەرەکانێی بلۆکی چین، ئەوەی لە باکوری سوریاو رۆژاڤا ڕوو ئەدات تازە نییەو سیاسەت و شرۆڤەی ئەو رەوشە بە تویت و لێدوانی سادەو ئایدۆلۆژی ناپێورێت، شتێک ھەیە پێی دەوترێت لۆژیکی ھێز، کورد ئەو لۆژیکەی ھێشتا بەدەستەوەیە ئیدی بۆ کامپی روسیا بێت یان ئەمریکاو دۆستەکانی، ئەم پێشھاتە تەکمیلەی ھاوکێشەیەکی کۆنی ئەمریکاو تورکیاو روسیایە، ئەمریکا شەڕ بۆ تورکیا ناکات، بۆ کوردیشی ناکات بەڵکو پیشەسازی بەشەرەوە دەکات، شەڕ دەخاتە بەردەرگای تورکیا، دوای ئەوەی کە دۆستەکانی پرچەک کرد"ھەسەدە_ یەپەگە" ئێ خۆ بۆ پۆزو گەشت و سەفا نییە، دروست بۆ پیشاسازی شەرە، بۆیە دەوڵەتانی میحوەریی " ئێران تورکیا" بە سەرگەرمبونیان بە جەنگەوە لاواز دەکات، تورکیا بەتایبەت دێنێتە بەردەرگای جەنگێکی سەخت و دەشزانێ جەنگی یەکلاکەرەوەی پێ ناکرێت، بێلایەنی ئەمریکا بۆ شەڕی رۆژاڤاو دروستکردنی ناوچەی ئارام، مانای جێھێشتن و پاشەکشە نییە لەو قوڵاییە ستراتیجییە کوردییە روسیی ئەمریکییە، دەیەوێت سەرەتا تورکیا وەک پۆلیس رام بکات، تەرە نەبێت، رۆڵی باشتر‌ ببینێت و خزمه‌ت به‌ ستراتیژیه‌تی ئه‌مریكا بکات و ھیچ نەبێت لە ئێستادا سەرئێشە نەبێت بۆ کۆشکی سپی.

• فەرھەنگی تورکی پڕە لە چیرۆکی رەشەکوژی و تۆماری رەشی فاشیزم و دژە ئینسانی، ئەمریکا دەزانێت تورکیا فایلی لەمە رەشتر نابێ بەھۆی باری لاسەنگی ئابوریی و لیرەکەیەوە، ھەنگاوی گەورەشی پێ ناھاوێژرێت دژی رۆژاڤا، تارادەیەک دەستکراوەی کردوە بۆ دوسێ ئامانج نەک زیاتر، بینیمان رەشەکوژیی لە کۆبانێ و عەفرین و ڕۆبۆسکێ کە پشتگیری و سەپۆرتی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتریش بوو ئەمریکا ھەر بێدەنگ بوو، ئێستاش بێدەنگی لێ دەکات بۆ کاتی خۆی، فرۆشتن لە ئارادا نییە وەک ھەندێ چاودێر باسی دەکەن، جەنگێک گەر روو بدات ھیچ لە سودی ئەنکەرە نابێت، ئەمریکا دەزانێت ئەردوغان وەک جاران سوڵتانی رەھا نییەو ئۆپۆزسیۆن و رای گشتی و ئابوریش رێگەی پێنادات جەنگی گەورە ئیدارە بدات.

• تورکیای سەردەمی ئەردوغان، دەرکەت مۆدێلی توندرەویی ئاینی بێفکرە، ئەمریکا ویستی بیخاتە ریزی بەرەی نوسرەو شام و داعش و کردیشی، بەس ھێشتا ماویەتی، ئێستا لە بەشێکی زۆری سوریا داعش و بەرەی شام لەبەرگی تورک و تورک لەبەرگی داعشدا ھەردوکیشیان لەناو مەنزومەیەکی ئاینی میتۆد فاشیدا کار دەکەن ئەمریکا ئەوەی دەوێت تا ھێڵەکان بە باشی بناسێتەوە، پێشتر دیدی خورافەو زیندوکردنەوەی خەلافەتێکی سوننی لەلایەن ھەندێک دەوڵەتی کلاسیکیی ناوچەکەوە بۆ ئەردوغان قەڵغان بوو، ئێستا ئیتر ئەو قەڵغانە لاواز بوە دوای کێشەکانی سعودیەو ئێران و یەمەن و تورکیاش ترسی گۆڕینی لێ نیشتوە، ئەم ترسە تاکە شتێک بیرەوێنێتەوەو شەقامی پێ رازی بکات مەسەلەی لەشکرکێشی دەرەکییەو تورکیا زۆر شانازی پێوە دەکات بەڵام رۆژاواش خاوەنی چەک و دسپلینەو پاروەکە ئاسان نابێت و دەستکراوەیی ئەردوغان لە کۆشکی سپیەوە بۆ لەشکرکێشی نوێ پلانی ئەمریکایە بۆ جەنگی دیکە، نەک بەدەستەوەدانی کانتۆنەکان!

• تورکیا ھێشتا بۆ ئەمریکاو ڕۆژئاوا گرنگەو ئەمریکا نایەوێ بەتۆپزی تورکیا بتۆرێنێ، بەڵکو دەیەوێ تورکیا بێنێتە سەرلێواری برسێتی بە جەنگی سوریاو رۆژاڤا، ماوەیەک خەریکی بکات، ئینجا کوردیش لە ئەجێندای ئەمریکا ئەوەندە فشار نییەو کۆنتراکتی نوسراوی نییە وابزانین ئەمریکا باوکە گەورەکەیە چیتر ئەم عاتیفەسازییە دەبێ کۆتایی بێت، کاتی ئەوەیە کورد چیتر چاوەڕوان نەمێنێتەوەو ئەوەندەش بە سۆزو موغازەلەوە سیاسەت نەکات بێئومێدی بچنێتەوە کاتێک زانی دەوڵەتێکی گەورە لە ھەڵوێستی پشتگیریکارانەوە دەگۆرێت بۆ ھەڵوێستی بێلایەنی، سیاسەت وایە خۆ ئەمە نوێ نییە بۆ کورد، چیرۆکی بێمروەتی لە دێرسیمەوە درێژبۆتەوە بۆ ئازاری حەفتاوچوارو داگیرکاری عەفرین و کەرکوک و شانزەی ئۆکتۆبەر، حەسەن نەسروڵا وتەنی ئەمریکاش جێگای متمانە نییەو دەبێ کوردیش چیتر وەک خۆی سیاسەت بکات و نمایشی بازوی خۆی بکات!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن