وتار

هەر ناردنی موشەک و درۆن نییە !

3/14/2022 12:35:00 PM 144 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف



بە تەفسیری ئەو ئێرانیانەی، چەند جارێکە لە ناوعێراق و دەرەوەی عێراق موشەک و درۆن تاقیدەکەنەوە لە ئاسمان و خاکی هەرێمدا، ئەربیل وەک قوڵایی ستراتیژیی ئەنکەرە ئیسرائیل و هەڕەشەیەکی جددی تەماشای دەکەن. موشەکەکان چەندە ناردنی سیگناڵە بۆ تێکدانی ئەو هێڵ و قوڵاییە سیاسی و ستراتیژییە هەمان کات بۆ لێدانە لەو ڕێڕەوە نەوتی و گازە سروشتییەی کوردستان. پاشان بەشێک لە گەرمایی ئەو موشەکانە ناردنی دەفع و غيرەتە بۆ برایانی حەشدی شەعبیی و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعیی، بەجۆرێک ئێران دەستبەرداریان نابێ و دەبێ ئێوەش بکەونەخۆتان، بۆیە دور نییە هەنگاوی داهاتوو موشەک نەبێ بەڵکو ئەمجارە جوڵەیەکی تربێت لە ناوخۆی عێراق و لەسەر ئەرزی واقع و بە تەسنیعی حەشدی شەعبیی.

هەمان کات ئەو بەرەیەی ئێرانیزم، #ئەربیل_هەولێر وەک مەتبەخێکی گەرم و ئەکتیڤی سیاسیی وێنا دەکەن بۆ دورخستنەوەی شیعەی وەلائیی و حەشدی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران و باڵی ڕەهبەریی. بەڵام هەر ئەو ڕوانگە ئێرانییە شاری سلێمانی وەک قوڵایی ستراتیژیی تاران تەماشا دەکات. واهەست ناکات مۆڵگەی مۆسادو ئەمریکی تێدابێت و دژیی وەلائیەکان بن، بەو دیدە جەهەنمییە هەرێمی کوردستانیان کردوە بە دوو قاژی سەرەکییەوە هەم شەرقی و هەم غەربی، لە ڕووی جوگرافیی و حەتمەن بۆ کارگێڕیەکەش کارو موشەکیان بۆ ئامادە کردوە لە ڕێگەی وەکیل و پرۆکسیەکانیانەوە بەناوی هەرێمی سلێمانی و دوور نییە ئەو قەوانەش لێبدرێتەوە دیسان!

ئامانجەکەی ئێران لەم موشەکانە، ئیسرائیل و دیپلۆماتە ئەمریکیەکان نییە ئەوە ڕوونە. بەڵکو، فشارێکی سیاسییە لە هەرێم، فشارێک لەرێگەی دیبلۆماسییەوە بۆی چارە نەکراو دەخوازێت بە درۆن و گراد بیکات، ئەگینا هەر ئەو موشەکە کیشوەربڕانە ئاسانتر دەگەنە قودس و تەلئەبیب و پایتەختەکانی نزیک خۆی؟ بەشەکەی تری فشارەکە بۆ ئەمریکایە تا زووتر ڕێککەوتنی ڤییەنا بگەیەنێتە ئاستانەی کۆتایی.

هەموومان چیرۆکی ٥٢ بارمتە ئەمریکیەکەی ناو باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران دەزانین لە ساڵی ١٩٧٩ لەسەر دەستی قوتابیانی ئیسلامی. کە لەسەردەمی جیمی کارتەری سەرۆکی ئەمریکا ٤٤٤ ڕۆژ ئەو کارمەندو دیبلۆماتانە بارمتەکران و تەنانەت پاش هەوڵی ئۆپەراسیۆنی چرنوکی هەڵۆی دابەزینی سەربازی ئەمریکیی لە ٢٤/٤/١٩٨٠ کە شکستی خوارد، دواتریش وەک پەڕەی گوڵ مامەڵە کران و ئازادکران، دەی ئەوە چل و دوو ساڵە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران داگیر کراوە لەلایەن ئێرانەوەو تەلارەکەی و ناوە مەعنەویەکەی و پەرچەمە ئەمریکیەکەی وەک خۆی بەجوانی ماوەتەوەو تەنانەت ئاوی درەخت و ئینجانەکانیشی ئەدەن و ئێران هەر بیزنسی سیاسی و ئایدۆلۆژیی پێوە دەکات، کە دەبوو بکرایەتە تەویلەو زبڵدان.  ئیتر موشەکی گراد بۆ ئەنێرن بۆ قونسوڵخانەیەکی بچووک لە هەولێر و ناشیپێکن، هەر لەو ماوەیەشدا پەراوەیەکیان کرد بە بەرزکردنەوەی ئاڵای ئەمریکا لە ناو حەوشەی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەتاران وەک نیازپاکی بۆ ئەمریکاو دواتر پۆزشیان هێنایەوە کە هەڵەبوە، یانی ئێران قەت نایەوێ لەگەڵ ئەمریکا بیگەیەنێتە کۆتایی.

ئێران خۆی خەریکی گفتوگۆیە لەگەل ئەمریکاو موشەکیش لە هەرێم تاقی دەکاتەوە؟ حەقە کوردیش نەفەس درێژانە مانۆڕ بکات و نەیگەیەنێتە دوژمنایەتیی و مام جەلال ئاسا، گوڵ لەسەر مەزارگەی ئیمام دابنێ و دەستیش بهێنێت بە تەوێڵی برایانی دیموکرات و کۆمەڵەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن