وتار

چۆن لە كازمی تێگەیشتین؟

10/11/2020 12:20:00 PM 976 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف


ئەو بیرۆكەیە بەتەواوی جێگیر بوو كە گۆڕینی مۆدێلی حوكمرانی لە عێراق ئەوەندە ئاسان نییە كاراكتەرێك بەتەنها خۆی لە ئەستانەی بدات، ئەوەی گۆراوە تەنها تەكنیكی حوكمرانی و هەندێك میكانیزمی شكڵی بوە لە بەرێوەبردنی عێراقدا، نەك بیركردنەوەو مۆراڵی ناوەوەی گوتاری زاڵی شۆڤێنیزمی عەرەبی و دیسكۆرسی مەزهەبی، دەسەڵاتی سوننەگەراش، پێش ویلایەتی مەرجەعیەت لە عێراق بەهەمان ئالیەت عێراقیان بەرێوەدەبرد بەناوی ناسیۆنالیزم و سۆسیالیزم و هاوبەشیكردن و یەكسانی، بەڵام هێشتا نەیانتوانی پایەكانی ئەو دەوڵەتە راگرن چونكە لە بنەرەتدا عێراق خاوەنی حەزارەت و كەلتوری حوكمرانی نییە، بۆیە ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لە بەردەم حكومەتی كاربەرێكەرو نوخبەی سیاسی دەوری  بەرێز مستەفا كازمی، پەیوەندی بەو پێشینە مێژوویی و كۆنكرێتیەی عێراقەوە هەیە كە ئاسان نییە دەستكاریكردنی، عێراق یان ناگۆرێت یان دەبێت هەمووی پێكەوە بگۆرێت و هەڵتەكێ و دەستكاری ستراكتۆرو بناغەكەی بكەیت و یاسای فیدراڵیزمی  بە شێوەی دەستووریی بەسەردا جێبەجێ بكەیت، ئەمەش ئیرادەیەكی نێودەوڵەتی دەوێت و بە كاراكتەری ناوخۆیی ناكرێت.


 ئەوانەی كەوتنە ناو موغازەلەی مستەفا كازمی و خێرا پەنجەی رازیی بوون و بەیعەتیان بە ئەجێنداكەی دا، بە هەڵەدا چوون كە وایان زانی ئەمریكا وەك حاكمی ریفۆرمخوازو دەستكراوەو كاراكتەری نەمبەروەنی خۆی دایناوە لەبەغدا بۆ راماڵینی میلیشیاتی حەشدو رێككردنەوەی باری لاری عێراق و نەهێشتنی گەندەڵی،  لەوە حاڵی نەبوون كازمی پەروەردەی چ كەلتورو جیهانبینیەكەو  هەر خودی خۆی سەر بە كام مەدرەسەی بەرێوەبردن و مەزهەبگەرایەو ئەگەر تەوافوقاتی گروپگەلی شیعی نەبوایە لە بنەرەتدا نەئەچوە سەری سەرەوەی هەرەمەكە.

لەم دۆخەی پاشەكشەی باڵوێزخانەی ئەمریكاو هاتنە سەرخەتی ئێران و هەرەشەكانی حەشدی شەعبی و حیزبوڵاو بزاڤی نوجەباو تەنانەت مالیكی،  كازمی و تیمەكەی هیچ تەرح و جیهانبینی و ئیزافەیەكی نوێیان نییە بە ئاراستەی چارەسەركردن و ناشیەوێت عێراقیەكان وا تێبگەیەنێت كە هیچ دەسەڵاتێكی نییە، لەكاتێكدا لەناو هەمان ستراكتۆری كۆن و كۆنزەرڤاتیڤی شیعەكانی عێراقدا دەخولێتەوەو ناشتوانێت تەجاوزی عەقڵی پۆپۆلیستیانەی ئەم نەوە تازەیەی شیعەكانیش بكات، هەندێكیش خەونی شۆڕش و گۆرانكارییان پێوە هەڵواسیبوو، كەواتە هەر بكەرێكی تازە، دەبێت وەك ئاكتەرێكی سیاسی و موتیع و پەیوەست بە هاوكێشە نەگۆرەكەی ئەمریكا ئێرانەوە، مامەڵەی لەتەك بكەین و لە سیاق و فۆرمی خۆیدا، چونكە گەورەكردن و بە كاریزماكردنی بۆ عێراقیەكان و كورد دەرەنجامێكی باش نادات بە دەستەوە، هەر ئەو بەكاریزماكردنە ساختەیەش بووە سەدەیەكە عێراقی دوچاریی وەستان و چەقبەستوویی سیاسی و فیكریی و عیمرانی كردۆتەوە.
بەتایبەتی مستەفا كازمی پیاوی پرۆژەی گەورەو ستراتیژیی قوڵ و دوورمەودا نییە، تەنها بكەرو جێبەجێكاری پرۆژەی ئەوانیترەو بكەری دونیابینیەكی كوشندەی ناو ماكینەی تائیفەگەریی شەقامی عێراقیەكانەو ناتوانێت بەبێ ئەوانیتر بڕیاری یەكلاكەرەوە بدات، دەركەوت لۆبیست و پشتگیریكارەكانی كازمی پشتگیریكاری پراگماتی پرۆژەكانی خۆیان بوون، ئەوانەی كە پێگەو بەرژەوەندیەكانیان لە مەترسیدایەو كازمی وەك چەتری پاراستنی ئەو بەرژەوەندیانە بەكاردەهێنن بۆ خۆیان و ئەمەش لە باشترین پێناسەدا دەكرێت پێیان بوترێت ڤایرۆسەكانی ناو هەناسەكانی كازمی،  هەندێك بۆ پۆستی گەورەو هەندێك بۆ مانەوەی لە پۆستی خۆی بەكارییان هێناو هەناسەسواریان كرد بەتایبەتی حیزبە ئایدۆلۆژیستە گەورەكان، بۆ نمونە سەرۆكایەتی كۆمار هەروا بە ئاسانی پشتگیریی لە كازمی ناكات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت كە پێشێلی دەستوریشی كرد بە دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردن بەبێ گەرانەوەی بۆ رەزامەندی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەگەر كازمی بۆ خولی ئایندە بەڵێنی گەورەی بە سەرۆك كۆمار نەدابێت ئەمە چۆن بێدەنگی لێدەكرێت، یان قەوارەی سائیرونی موقتەدا سەدر بە ئاسانی پشتگیری كازمی ناكات ئەگەر لە بەرژەوەندی سەدریەكان یاسای هەڵبژاردن و فرە بازنەیی نەخەنە دەنگدانەوە بۆ مانەوەی خۆیان، تەنانەت سوننەكان خەریكی وەدەستخستنی پشكی گەورە بوون لەم گەمەیە بۆ ئەوەی لە نەخشەی سیاسی داهاتوو ئەكتەری بەهێزبن و بۆ ئەم مەبەستەش حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان لەو گەمەیەدا بوو.

 پرسێك هەیە گرنگە رای گشتی بیزانێت، لە سەرەتای هێنانە پێشەوەی ئەم كاراكتەرە بۆ ناو دەزگایەكی هەستیاری وەك موخابەرات و هەواڵگریی، بە پاڵاوتنێكی نهێنی و نایاسایی هات بەبێ ئیستیحقاق و تەنانەت بەناو فلتەرو بیركردنەوەی شیعەدا تێپەریوە نەك بەهۆی لێهاتووی و جەسارەتەوە، كەچی كوتلەو قەوارە قورسەكانی پەرلەمان بە كوردیشەوە وەك كاراكتەرێكی مەدەنی و لیبراڵ  وێنایان دەكردو  لە بێكەسیدا وەك رزگاركەرو ریفۆرمخوازێك هێنایان و ناساندیان بە شاقامی نارازی عێراقی ، وەلێ بەو چەند مانگە كەمە زۆرێك لەو پێشبینیانە دەركەوت سەرچیخ چوون و خوێندنەوەكان هەڵەبوون.

 كاتی خۆشی وتمان كازمی ئەركدار كراوە بۆ كاری گەورەو كۆدی پەیوەندییە بۆ "ئەمریكا ئێران" بەتایبەتی دوای كوشتنی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس عێراق ئاتاجی بە پیاوی ئەمنی و ئیستیخباراتیی بوو، نەك تەكنۆكرات و لیبراڵ، تەنانەت بۆ گفتوگۆی ئەمریكا ئێران ئەم تەرزە گرنگترە بۆ هەردوو دەوڵەت بۆ ئەوەی گەمەكەی پێ تەواو بكەن، ئەو گەمەیەی ئێستای كازمی  هیچ بەدەر نییە لە گەمە گەورەكەی شیعە لە عێراق بۆ ئەوەی تۆزی سەر  شانی خۆی بتەكێنێت و بێ زیان دەرچێت لەو هەموو گەندەڵی و ماڵوێرانی و بیزنسە رەشەی كە بە نەوتەوە دەیكەن و عێراقی دوچاری قەرزداریی كردەوە، ئێستاش بۆ ئەوەی كێرڤی دەنگەكانی ترەمپ هەڵكشێنن بۆ سەرەوە بەرامبەر جۆبایدنی كاندیدی دیموكراتیەكان، خەریكی ئەم سەوداگەریە تازەیەن كە هەموو ئەمانە كۆمەڵێك ئەگەری مەترسیدارن بۆ توندبوونەوەی هەناسەسواریی كازمی و بەرتەسككردنەوەی چالاكیەكانی  كە بە ئاسانی نەتوانێت خۆی لێ قوتار بكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ