کازمی، کۆدی پەیوەندیی ئەمریکا ئێران!؟
5/9/2020 2:58:00 PM
579 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف
نوسەرێک لە پێگەی میدیایی مۆنیتەری ئەمریکییەوە بۆ پێگەیەکی بەرزی هەواڵگریی نیشتیمانی عیراق و پاشان وەک نوخبەیەکی ئیستیخباراتی و وەرگرتنی متمانەی پەڕلەمانیی و پێکهێنانی حکومەتێکی پڕلە کێشە، کە پڕە لە کۆدو نهێنی نەزانراوو سەفەقاتی گەورە لە نێوان ئەمریکاو ئێران و مەرجەعیەت، خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، کە ڕەنگە کورد وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراق ئاگاداری بەشێکی کەمی ئەم کۆدو کۆنتراکتە سیاسی و سەفەقات و وردەکاریانە بێت.
دواجار بینیمان پاش چاوەڕوانییەکی زۆرو بۆشاییەکی سیاسی گەورەو حکومەتێکی کاربەرێکەری دەسلەکارکێشاوەی لاوازو خواستی خۆپیشاندەران عادل عەبدولموهدی حکومەتەکەی سپاردەی کازمی کرد، بە کورتی، هێنانە پێشەوەی کتوپڕیی مستەفا کازمی، بۆ داڕشتنەوەی نەخشەو دیزان و دۆخی عێراقی دوای قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسە، دەبێ ئەو دوو مێژوە بەرچاو بگرین، بە ئامانجگرتنی قاسم و هاوڕێکانی کردەیەکی ئەمنی و ئیستیخباراتی ڕووت بوو، ئەمریکا بەبێ جیهازی ئیستیخباراتی عێراق هەرگیز بیریشی لێ نەدەکردەوە کە کازمی سەرۆکی ئەو دەزگایە بوو، هاوکات باڵێک لە ئیسلامی شیعی دژە حەشدو ئیسڵاحتەڵەبی ئێرانی و عێراقیش ئاگادار بوون و ئەپروڤیان کردبوو، بۆیە کازمی لەدرزی ئەم گەمەو ململانێ تازەیە لەدایک دەبێت، ڕێک کۆدی نهێنی ئەمریکاو ئێران.
بۆیە ئەمریکاو ئێران و سەرکردەکانی عێراق و لەسەرو هەموشیانەوە مەرجەعیەتی نەجەف، بە فەرزو لەژێر جەبریی ناچارییەکی کوشندە بەبێ پرۆسەی هەڵبژاردن و بە تەوافوقاتی نهێنی و دوور لە نۆرمەڵایزی سیاسی و دەستاودەستی دەسەڵات، هێنایانە سەرشانۆ سیاسیەکە، کە ڕەنگە تەنها بۆ پۆشینی ناڕێکییەکان و کەڤەری قەیرانەکان نەبێت هێندەی بۆ هاوسەنگی هێزەکان بێت تا کاتی هەڵبژاردنی نوێ لە ئەمریکاو دواتر عێراق.
هێنانە پێشەوەی مستەفا، هیچ میدیاو کاراکتەرێکی نەجوڵاند بەتایبەتی ئەوانەی باسی دیموکراسی و میکانیزمەکانی هەڵبژاردن و مەنتیقی حوکمرانییەکی تەندروست و دوور لە دەستێوەردانیان دەکرد، بگرە هەندێکیان بە کوتلە پەرلەمانییە میانرەوەکانیشەوە هەرزوو موبارەکەیان کرد بەبێ ئەوەی شارەزای ئەجێنداکەی بن.
مستەفا کازمی، وەک خۆی ئەو کەسایەتییە ئایدیا شیعی و لیبراڵمەزهەب و پاشخان ئەمریکی و ژۆرنالیستە کراوەیەی کە بە تەزکیەی مەرجەعیەت و لایتی زینۆنی ئەمریکیەکان، تونێلە تاریکەکەی ڕۆشنکردەوە بۆخۆی و پلیکانەکانی بڕی بۆ سەرەوەی هەرەمەکە، بەڵام هەرەمێک تەنها بەرزیی و لوتکەیەکی هەستبزوێن نیە، بەڵکو، تەژییە لە ئاریش وکێشەی قوڵی سیاسی و ئابوریی و مەزهەبیی و ئابوری و قەرزی بانکی و سیاسەتێکی شێواوی دەرەکی کە راستکردنەوەی ئاسان نابێت بۆ کازمی و تیمەکەی، کەواتە یان ئەمریکا پاڵپشتی توندی دەکات یان بەنجێکی کاتییە بۆ عێراقیەکان و نابێ هێندە هیوای پێوە ببەسترێت.
دۆسیەکانی وەک دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لە عێراق و دۆسیەی هەناردەی نەوت و سامانی سروشتی و ئەو قەرزە زۆرانەی لەسەر عێراق کەڵەکە بوەو گەندەڵی بەرپرسان و پرسی حەشدی شیعی و میلیشیاکانی ئێران کە وەک حکومەتی سێبەر کاردەکەن و هادی عامیریی سەرۆک وەزیرانیانەو چارەسەرکردنی کێشەی خزمەتگوزاری پارێزگاکانی خواروی عێراق و ئینجا بودجەو موچەی هەرێمی کوردستان و مادە دەستورییەکان و پرسی کەرکوک و ئازادی سیاسی بەشێکن لەو کێشەو دۆسیە کراوانەی هەڕەشەیەکی حازربەدەستن لە کازمی و تیمەکەی؟
کەواتە ئایا کازمی عێراق بەرەو دەوڵەتێکی کراوەو مۆدێلێک لە حوکمی ڕاقی دەبات، یان بەرەو حوکمڕانییەکی پۆلیسی و ئیستیخباراتی؟
دیارە ئەم دوو ڕوانگەیە، هەردوکی ئەگەرێکی لەپێشن کازمی دەستیان بۆ بەرێت، یەکەمیان حوکمی رەشیدو ڕاقی و مۆدێلێک لە کرانەوەی زیاترو شەفافیەت و ئازادی و کورتکردنەوەی دەستی گەندەڵکاران و کۆتاییهاتنی فەوزای سوپاو میلیشیاکانی حەشد قورسترین کارێکە بۆ کازمی و هەرگیز ناتوانێ دەستی بۆ بەرێت، چونکە کارێکی ئاسان نییە، ئەگەری دوەم چانسی زیاترە بۆ ئەوەی کازمی تاقی بکاتەوە بەو حوکمەی خۆی پێشتر دەرچوی ئەو دەزگا ئەمنی و ئیستیخباراتیانە بوەو سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی بوەو پشگیریکاری سەربازی و ئەمنی زۆرەو مەرجەعیەتیش زیاتر مەیلی ئەوەیان هەیە عێراق بۆ ئەو بازنەیە بەرن تاوەکو بتوانن وەک سێبەری ئێران بمێننەوەو خۆپیشاندەران سەرکوت بکەن و کۆتایی بەو کەمە ئازادییە سیاسیی و هیومانیەتە بهێنن.
بۆیە دیزاینی دۆخی ئایندەی عێراقی دوای عادل عەبدولمەهدی و خامۆشکردنەوەی نارەزایەتیەکان، وەک ئەرک سپاردویانە بە کازمی گەرچی ئەوەندە ئاسان نابێ، چونکە ئەو کاندیدی تەواوی عێراقیەکان نییەو فاکت و قۆناغەکە خستیە کەناراوەکانی دیجلەو کۆشکی سەرۆکایەتی، بۆیە ناتوانێ پیاوی ئەرک و پرۆژە سەختەکان بێت، بەڵام دەتوانێت پیاوی کۆدە نهێنیەکان و ڕێکخەریی پەیوەندیەکانی ئەمریکاو ئێران بێت، ئەوەش ڕوونە کە کازمی کار بۆ ئەوە دەکات بە تۆپزیی دەستی هەندێک ئیسلامحەشدی ئێرانی و نزیک لە میلیشیا چەکدارەکان کورت بکاتەوە لە ئایندەی حوکمرانی عێراق بە هێزو پاوەریی ئەمنی و ئیستیخباراتی.