تەوافوقی_نەوتیی هەڵبژاردنی ئایندە دەباتەوە ؟
4/13/2021 11:04:00 AM
611 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف
بە مەفهومە سیاسیەکەی عێراق بەتەواوی دابەشبوە
بۆ هێزو بلۆکە گەورەکانی نەوت و سەرباز، هەر ئەوەش زامنی هەڵبژاردنی ئایندە دەکات
ئیتر مانایەک بۆ چەمکەکانی دوای رێنیسانسی ئەوروپی و شۆڕشی ڕۆشنگەریی فەرەنسی و دیموکراسیەت
نامێنێتەوە، ئەوەش کە باسی ئەو خەون و چەمکانە دەکات لەناو ئەو جەنگەڵە پڕفاشیزمە
ئاینییەی عێراق سەرکێشی و شەڕێکی دۆڕاو دەکات بۆیە یان لەگەڵ بلۆکی گەورە خۆت تەیارو
ڕێک بخە یان ئۆپۆزسیۆنێکی جددی بە، بەڵام پیاوبەو بەدەنگی بەرز !
عێراق چیتر وەک
دەوڵەتێکی دیموکرات و خاوەن سەروەریی و دەستوریی و بریاردەر کۆتایی هاتوە، ئەوەی ئێستا
کاری پێ نەکرێت دەستورو یاسا مەدەنیەکان و تۆلێرانسە. ئەوەش کاری پێ دەکرێت شەرعیەتی
شۆرشگێریی و هەژموونی حیزبی و مەزهەبییە. ئەوە ئیتر کۆتاییش دەهێنێت بە ریسکی موزایەداتی
سیاسی و پروپاگەندەی حیزبی و پەرلەمانی و پرسی لامەرکەزیەت و بەهەرێمکردن و
قاژکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و پرسی موچە کە هەندێک حیزب و مەندوب بۆ مەرامی
هەڵبژاردن جارناجار دەیکەنە سلۆگان و دروشمی خۆیان و کوللی جارێکیش شکست دەهێنن و
دیسان قەوانەکەمان بۆ لێئەدەنەوە.
رێککەوتن لەسەر بودجە بەتەنها ڕێککەوتن نەبوو لەسەر
داهات و نەوت و رەقەمەکان بەڵکو ڕێککەوتن بوو لەسەر دەسەڵاتەکانی مەرجەعیەتی دینی
و نەتەوەیی کوردیی و عێراقی و مانەوەی پێشمەرگەو میلیشیاکانی حەشدو لیواکان وەک خۆی.
بەواتایەکی تر تێپەڕاندنی موازەنەی ئەمساڵ داننان بوو بە قەوارە ئەمنی و عەسکەریی
و هەژموونە جوگرافیەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئیتر هەندێک گروپی بچوک نیگەرانن
ئەوە هیچ لە گەمەو تەونەکانی سیاسەت نەگەشتوون.
ئێستا ئیتر شتێک نییە لە ئێستادا ناوی پەیمانی
کۆمەڵایەتی و دینی و شەراکەت و تەوافوقی پۆلەتیکی سروشتی بێت. ئەوەی هەیە تەوافوقی
فرۆشتنی نەوت و کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی داهات و هەبوونی هەژمونگەریی سەربازو خاک و
پارەیە. وەک بینیمان پرسی ژینگەو کارەباو ڕێگاوبان و کەرتی تەندروستی و ئەنفال و جینۆساید
بەتەواوی لە پرۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢١ وون بوو هیچ ئۆپۆزسیۆن و مەندوبێکیشی نەجوڵاند.
ئەوەی هەبوو لە رابردوو جەنگێک بوو بۆ دەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی حیزبی و کورسی
ئایندەی پەرلەمانی و دەبێ لەو هاوکێشە تێبگەین.
بۆیە فۆرمی سیاسەتکردن
و مۆدێلی حوکمرانی بەتەواوی گۆڕاوەو بەرەی ئۆپۆزسیۆنی کوردیی کە نییە دەبێ لەوە تێبگات.
مەرج نییە ئەو فۆرمەی عێراق دیموکراسی بێت دەرکەوت دیموکراسیەتی ساختە عێراق بەرێوە
دەبات ئیتر لات وانەبێ کوردستان پاریس و لاسفیگاسە. بۆیە باشترە هەندێک هاوپەیمانی
و بەرەی تازە ئەندێش و خەیاڵاویی، ئەوەندە ئیش لەسەر میزاجی شەقام و ختوکەدانی رای
گشتی کوردیی نەکەن بەمەبەستی لێدان لە قەوارەی هەرێم، سیاسەتکردن بریتی نییە لە دەنگە
دەنگ و زاهیرەی سەوتی بەتەنها بەڵکو هەندێک جار خۆگونجاندنە لەگەڵ واقیع و خۆنەرمکردنە
لەگەڵ سێبەرە گەورەکاندا.