کورد لەناو خەیاڵاتی دیموکراسی مەزهەبی عێراقییدا !
6/8/2022 11:55:00 AM
255 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف
هەرچی ماف و خواستی دیموکراسیی و کەلتوریی سەدەیەک شۆڕشی کوردیی هەیە لە عێراقدا
خەریکە دەبێتە هەڵم، گیری خواردوە لە گفتوگۆیەکی بێزەنتیی و پاڕانەوەیەکی سیاسی
سازشکارانەی داهات و بودجەو بەدەستهێنانی چەند پۆستێکی بێکەڵک و بێگیاندا.
بەبێ تەفسیری قانونی خەڵەتێنەر، کاتێک عێراق لەناو بۆشایی فەوزەویی و دەستووریدایەو هەشت مانگە هەڵبژاردن
کراوەو پێکهاتنی حکومەت لە هەرسێ بەرەکەوە، ڕوو لە شکستە، کورد بەزۆر خەرکی ئەوەیە
بچێتەوە ناو ئەو بۆشاییە دەستورییەوە، حەزی لەو جۆرە دانوستانەیە، دانوستانی پوچگەرایی،
تەقەدان لە دەرگای فاشیزمی نوستوو، ئەم حەزەی کورد سەیرەو هیچ بەهانەیەکی نییەو خەریکە
هەرێمەکەشی ڕادەستی ئەو فەوزایە دەکات. یانی کورد پرسیویەتی لەگەڵ کێ دانوستان دەکات و کام دەزگای سیاسیی عێراقیی بە پێوە
ماوە لەدەرگای بدات و کام یاساو دەستور ماوە کاری پێ بکرێت جگە لە یاسای جەنگەڵ؟
تەنها موقتەدا سەدرە بەتەنها، سەما بە هەموان دەکا،
تویت دەکات وەک پلەیستەیشن بۆ گەمەکردن، مانۆڕی سیاسی دەکات و ڕادەبوێرێ بە یاساکان،
خەریکی سیناریۆی دیکەیەو ڕەنگە بیەوێت ئەمجارە، بە پشتیوانی کورد، حەشدی وەلائیی هەڵە
گەورەکە بکات و هان بدرێت و بجوڵێت بە ئاراستەی فەوزای سیاسی گەورەترو ئەویش جوڵە
تائیفیی و نایاساییەکە بقۆزێتەوە بۆ مارکێتینگی سیاسی خۆی و کش مەلیک بکات لە هەمووی
بە کوردیشەوە.
وڵات ئاوا بەڕێوە ناچێت، ئەوە وڵات نییە مەزهەبخانەیەکی
ئایدۆلۆژیی نەوتزەدەیە، سوژدەگایەکی ئیقلیمییە، ئەو ئەزموونە ناشیرینترین مۆدێلی مەزهەبگەرای
توند بوو بینیمان لەو بیست ساڵەدا ! دەنگۆی رەتکردنەوەی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و هەڵوەشاندنەوەی
پەرلەمان و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی کە ڕۆژەڤی گەرمە، هەمووی بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکەیەو
بۆ ئەوەیە شیعە باشتر جێ پێی خۆیان قایم بکەن و کورد بکەنە دەرەوەی هاوکێشەکە، بۆچی
؛
• عێراق بۆتە مێرگی گەندەڵیی و عەڕابی
پاشاگەردانی و سپیکردنەوەی پارەو مەیدانی کۆنتەرات و وەکالەتسازیی نەوتی و هەواڵگریی،
حیزب و کورسی و جەماوەرت هەبێ و نەبێ وەک یەکەو وەلائیەکان و پیاوە شەبەحەکان کێیان
بوێت دایدەنێن بە زۆرەملێ و بەس کاتی ماوە، وەک ساڵی ٢٠١٩ چۆن عادل عەبدولمەهدیان گۆڕی بە مستەفا کازمی، بەبێ هەڵبژاردن.
• یاساو دەستوور هەبێ و نەبێ هیچ لەو پرسە
ناگۆڕێت کە عێراق، هی دیموکراسیەت و ئازادی سیاسی و یاسادانەران و مەدەنیخوازان نییە،
بەڵکو هی میلیشیاکان و گروپە تائیفییە مەزهەبگەراکانە، سودمەندی یەکەمی ئەو پەرتکردن
و فەوزاو بۆشایی دەستورییە، مافیای مەزهەبیی و میلیشیای موقاوەمەی دژە ئیسڕائیلییەو
کۆنترۆڵی مەرجەعیەتیشی کردوە، شیعەی حوکمڕان و ئەقتابی حەشدو بلۆکی بەرژەوەندخوازیی
نەوتی و نانەوتیی و کوتلە ئایدۆلۆژیستەکانی سوننەش موبارەکەی ئەو دۆخە دەکەن، کورد
دەبێ لەو گەمەیە تێبگات و خۆی نەبەستێتەوە بە کورسی و دانوستان و یاساو پەڕلەمان و
ئەو خەیاڵاتە پڕوپووچانەوە.
* کورد لە ژێر جەبری یاساکانی حەشدی شەعبی
و جەبری ئایدۆلۆژیکی مەرجەعیەتەکاندا یەک چڵە پوشی لەو کەرکوکە بەدەست نییە، بۆیە
پەخشکردنی ئەزموونی کەرکوک، واریدە وەک نمونەیەکی سەرکەوتوو بۆ بەسەربازگەکردنەوەی
هەموو کوردستان و کۆتایی بەو مۆدێلە فیدڕاڵییەو بەپارێزگاکردنەوەی ستاتۆکەی.
• هەموو دەزانین بەغداد ئەو مەرکەزە بەهێزە
دیموکرات و لیبراڵ و ئابوریە نییەو قەت نەبووە، نابێت چیتر کورد دەرگیریی ئەو وەهمە
بێت کە بەغداد دەستوری لێیەو حامییە بۆ کورد، ڕاستە هەرێم خۆشی ئەو مەرکەزییەت و کۆدەنگییە
سیاسییەی جارانی نەماوە، مەرکەزیەت واتە هاوسەنگی و هێزو بڕیاریی یەکلاکەرەوە،
ناتوانی باسی ڕێکی ئەویتر بکەیت لەکاتێکدا خۆت تەواو ناڕێک بیت
، کورد دەبێت لەپێشدا هیچ
نەبێ خۆی ڕێک و سێنتراڵ و بەمەرجەع بکات، ئینجا بۆ مەرکەزێک بگەڕێ بۆ گفتوگۆ، بەڵام
گەرانیش بۆ گفتوگۆ بۆ دەستخستنی مافەکانت ئەوپەڕی سەرگەردانیی و وەهمێکی گەورەو خەڵەتێنەرە
لەو عێراقەدا.
گڵۆپەکانی عێراق کوژاوەن بۆ ئەبەد، چراکانی دیوەخان
هەڵکەنەوە باشترە تا بەرپێی خۆتان ببینن، عێراق مێرگێک نییە بۆ خەون بینین بە دیموکراسیەتەوە.