405وتار

شمشێرو درهەم، هێزو نەوت !

2/16/2022 3:53:00 PM
ئاسۆ عەبدوللەتیف

 

موعاویەی کوڕی ئەبو سوفیانی ئەمەوی، وەک هاوەڵی نزیکی پێغەمبەر ﷺ و شەشەم خەلیفەی موسوڵمانان و دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەمەوی لە شام. لەسەروەختی نەخۆشکەوتن و وەفاتکردنیدا لە تەمەنی حەفتاوهەشت ساڵی، واتە لە ساڵی ٦٠ ی کۆچیی، کە پایەکانی خیلافەتی ڕادەستی یەزیدی کوڕی کرد، وەعزو ئیرشادی ئاشتیانەی بۆ کوڕەکەی نەکرد و باسی ئیسلام و شوراو جیهادو عەقیدەو بیروباوەڕو ئیمان و ڕەببانیەتی بۆ بکات. ڕێک و ڕەوان ؛  لە کۆشکە سەد ژووریە بە خشت هەڵچنراوە تابلۆدارە ڕازاوەکەی لە شام، بە یەزیدی وت کوڕی خۆم سۆز بخەرە لاوە سەیری بەرەباب و ڕەچەڵەک مەکە، هێز بریتییە لە شمشێر بە شمشێر، گەر ئەتەوێ زاڵ بیت بەسەر خەواریج و فیتنەی عێراق و ئەمیرایەتی و خەلیفەی دەوڵەتی ئەمەوی، گرنگی بە زۆری هێزو شمشێرو دینارو درهەمەکان بدەو پیاوی ئازا بکڕە، ئامۆژگاری یەزید دەکات و دەڵێ خیلافەت هیچ حیکمەتێکی تێدا نییە ئەگەر هێزت نەبوو، دەسەڵات تەنها سەوداو مامەڵەکردنە بە بەندەو فەرماندە ئازاکانەوە، ئازاکانیان لە هەرکوێ بوو بەهەر نرخێک بوو بیانکڕەو ترسنۆکەکانیان سەرقاڵ بکە بە ژن و شەراب و بەخێوکردنی حوشترو دارخورماکانەو.

 

هەر بەو حیکمەتە یەزیدی کوڕی مەعاویە، دەسەڵاتی چەسپاندو عێراقییەکانی کوفەو بەسرەی کڕی و ویلایەتەکانی خستە ژێردەستی خۆی و دەیان پیاوی جەربەزەی وەک عوبەیدوڵای کوڕی زیادی کردە شوێنکەوتەی خۆی بۆ خوێنڕێژیی و دژی بەرەی حوسەین و ئال و بەیتەکەی، بن زیاد کە والی بەسرەو کوفە بوو، کردی بە گژی ئیمامی حەسەن و حوسەینی ئەولادی ئیمامی عەلیدا. ڕەزاو ڕەحمەتی خودا لە هەموویان بێت، رضي الله عنهم.

 

دەی ئەو عێراقەی ئێستا هیچ نەگۆڕاوە ڕەزاو ڕەحمەتی خودایان لەسەر نەبێت، شمشێرو درهەم حوکمی دەکات، زیهنیەتی خوێن و فاشیزم و دیدی خیلافەگەریی و فیتنەو ئاشووب هەر ماوە، کوفەو بەسرە هێشتا لە خراپترین دۆخدان و ئاوی سوێراو دەخۆنەوە، شیعەکان خۆیان سەدان فیرقەو کەتیبەو لیوای میلیشیایی و پاڵاوگەی نایاسایی نەوتیی و گومرگ و مەرزو مزگەوت و مەرقەدیان بەدەستە، کەچی ڕێگریی دەکەن لەوەی کورد هەرێمێکی سەربەخۆو پێشمەرگەو نەوتی خۆی و سیاسەتی خۆی هەبێت و دەستکراوەبێت بەڕووی جیهاندا.

 

کورد پێویستە چیتر پیاوی خۆی نەنێرێت بۆ بەغداد بەڵکو وەک یەزیدو موعاویە سیاسەت بکەن و پیاوەکانیان و مەندوبەکانیان و ئەشرافەکانیان بکڕن و ویلایەتەکانیان بدەن بە گژ یەکتریدا.
چونکە ئیتر ئەستەمە گۆڕینی ئەو دیدە ئینقیلابیی و سەربازییەی شیعە بۆ دیدێکی دیموکراسی و پێکەوەیی، کە تاکی عێراقی و کورد و سوننەو کەمینەکان هەست بە ئارامیی و شوناسی وەک یەکیی بکەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن