وتار

دیسان پەرلەمان و پشتگوێخستنی یاسای خانەنشینی کەرتی تایبەت؟

1/15/2020 5:38:00 PM 1471 جار خوێندراوەتەوە
ئاسۆ عەبدوللەتیف

راستەوخۆ دانیشتنی ژمارە چواردەی ئاسایی خولی پایزەمان بینی لە ساڵی یەکەمی خولی پێنجەم، بەرنامەی کۆبونەوەکە بریتی بوو لە خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای"چاکسازیی لە خانەنشینی موچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکانی تر" ئەمەش بەپێی حوکمی هەندێک لە مادەکانی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان- عێراق.

 پرۆژە یاساکەو خوێندنەوەکان بەو شەفافیەتە وێڕای نانەوەی دەنگە دەنگ و ئانارشیزمی بێمانا، گرنگی خۆی هەبوو، ئەوە لەگەڵ سەرنجە رۆژنامەوانیەکانمان هەڵیدەگرین بۆ کاتی خۆی و ئەوەی مەبەستی ئەم وتارەیە، دیسان لەبیرچون و پشتگوێخستنی  سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران بوو، بۆ یاسای خانەنشینی کەرتی "مەبەست کۆمپانیا تایبەت و ئەهلییەکان" کە ئەمجارەش بە مەبەست بێت یان بێ مەبەست پشتگوێخراو ئایندەی ئەم کەرتە درایەوە  دەست قەدەری بێمافی و بێ یاسایی!

لەو دوو دانیشتنەدا نە سەرۆکایەتی پەرلەمان و نە هیچ فراکسیۆن و پەرلەمانتارێک بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە، ئاماژەیان بە یاسایەک نەکرد بۆ کەرتی تایبەت، هیچ نەبێت دەبوو، بە مۆبایلەکەی دەستیان و ئۆتۆمبیلەکەی ژێریان و پلیتی فرۆکەکانیان و تیڤیەکان و سیتی و شوقەو فەیس بووک و ئاڵوگۆڕی گەرمی نامە ناردنەکانیان، ئاگاداری ئەوە بوونایە خەڵکانێک هەن لەم وڵاتە ئێشکگرن و بەدیارتانەوە دانیشتوون لە ئۆفیس و ماڵەکانیان و دەنگیان بە ئێوە بەخشیوەو  بیست ساڵە لەژێر چەتری یاسا قورسەکانی کەرتی تایبەت کاردەکەن و گەنجێتی خۆیان گوشیوە و یاسایەک نیە پارێزگاریان لێ بکات و ماف و ئیمتیازات و ماندووبونەکانیان بپارێزێت، ئەمە کەمتەرخەمی و جەهلێکی کوشندەیە میللەتێک چاوەروانی ئەو جۆرە پەرلەمانتارانە بێت تاوەکو پرۆژە یاسایەکی عەقلانی و دادپەروەرو یەکسانیان بۆ پێشنیار بکات.

تەنانەت کارمەندانی ئەم کۆمپانیا ئەهلیانە مانگانە رسومات و زەمان دەبەخشن بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە رێژەی %17 ی موچەکانیان و دیاریش نییە ئەم پارەیە بە چ شێوەو میکانیزمێک ئەدرێتەوە بە کارمەندان بۆ ئێستاو ئایندە، ئەمە پێویستی بە کۆنترۆڵکردن و میکانیزمی گونجاو هەیە لە نێوان پەرلەمان و کۆمپانیاو وەزارەتی ناوبراو بۆ ئەوەی ئایندەی ئەم کەرتەش بە تاریکی نەمێنێتەوە.

نوسەری ئەم بابەتە بە سێ بەش و شەش مانگ بەر لە ئێستا، تەواوی وردەکاریەکانی خانەنشینی کەرتی تایبەتم بڵاو کردەوە لە رۆژنامەو سایتەکان و ئاگادارم کردنەوە لە خوێندنەوەو هەمواری یاساکەدا پێویستە پەرلەمان یاسای خانەنشینی "کەرتی تایبەت" ی بیرنەچێت و سەردانی پەرلەمانیشم کرد بۆ ئەو مەبەستەو تا ئێستا هیچ ناوەندو دەسەڵاتێک نەهاتۆتە وەڵام لەسەر ئەم کەیسە گرنگە.


ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە لە دوو دانیشتنی پەرلەمان نەتوانن بەندو بڕگەیەک جێ بکەنەوە لە یاسای گشتی خانەنشینی مەدەنی و پلەباڵاکان بۆ کەرتی تایبەت، ئەوە دەلالەتی بیرچوونەوە نییە بە تەنها، بەڵکو بێ موبالاتی و بەکەم سەیرکردنی کارمەندانی کەرتی تایبەتە، کەمتەرخەمییە بەرانبەر بە یەکێک لە پایەو بناغە گرنگەکانی ژێرخان و سەرخانی ئەم وڵاتە.

 ئەم پەرلەمانتارانەی کە خۆیانکردوە بە مۆنتسیکۆی کورد بۆ یاسادانان، نەک هەر نەیانتوانی بەندێک جێ بکەنەوە لە هەمواری یاساکەو لە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەکە شتێک بڵێن، بەڵکو بە ئاستەمیش گوێمان لێ نەبوو باسی ئەو نەوە زیت و وریاو چاونەترس و ئەکادیمی و تەکنیسیەنە گەورەیەی کەرتی تایبەت بکەن، کە بەردەوام کۆمەڵگای نوێ و دیموکرات و لیبراڵ و گڵۆباڵ، ئاتاجی پێیانە، بەبێ کەرتی تایبەت هاوشانی کەرتی گشتی بێگومان، نە ئابوری وڵات پێش دەکەوێت و نە گەشە دەکات بە خێرایی، ئەو کەمە گەشەکردن و پێشڤەچونەی ئابوری کوردستان بەشێکی سەرەکی پەیوەستە بە کەرتی تایبەتەوە کە لەم یاسایەدا هیچ حسابێکی بۆ نەکرا .

 لە مادەی هەشتەمی پرۆژە یاساکە، کە تایبەت بوو بە خانەنشینی فەرمانبەران و لە دوو بڕگەدا رێکارەکانی روونکراوەتەوە بۆ خانەنشین کردنی ئاسایی، هیچ نەبێت بڕگەیەک تەرخان بکرایە بۆ ئەم کەرتە ئەهلیەی کە رۆژانە خەڵک پێویستی بە خزمەتگوزاریی و داهێنانەکانیان هەیە.

ئێستا دەبێت ئەو پرسیارە بکەین ئایا بەراست پەرلەمانتاران دەزانن کۆمەڵێک کارمەندو فەرمانبەرو کرێکارو پاسەوان هەن لە کۆمپانیاو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بەناوی کەرتی تایبەتەوە،  هیچ یاسایەک نایانگرێتەوە یاسای دەرکردن و نانبڕین و کۆتایی هاتنی راژەکانیان نەبێت؟ هیچ ماف و ئیمتیازاتێکی ئایندەیان دیار نییە، ئایا پەرلەمانتاری کورد دەزانێت کێ لە کەرتی گشتیەو کێ لە کەرتی تایبەت و کێش لە هەردوولا سودمەندە؟ ئایا دەکرێت کەسێک دوو دوو ئیمتیازو دوو موچەی هەبێت لە گشتی و تایبەت و هەزاران دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکانی کوردستانیش لەتاو بێکاریی خۆپیشاندان بکەن، کەواتە پەرلەمانتار پەرلەمانتاری حکومەتە نەک خەڵک، ئەمەش بە دەرەجەی ئیمتیاز.

 فەرمانبەر هەیە بەو یاسایەی کە ئێوە خوێندنەوەی دوەمتان بۆکرد، لە حکومەت خۆی خانەنشین دەکات بە پلەیەکی باڵاو دواتر لە حەوشەی پشتەوەی کەرتی تایبەت دێتەوە ناو کۆمپانیایەکی ئەهلی، چیتان کرد بۆ رێگریی و راستکردنەوەی ئەم خەوشەو لە چ بەندو بڕگەو مادەیەکدا ئاماژە کراوە بەم دیاردەیە، یان خۆتان داناوە سبەی ئێوەش بێنەوە کەرتی تایبەت بەو موچە بەرزەی خانەنشینیەتانەوە، ئێوە لەلایەک دەتانەوێت بێکاریی کەم بکەنەوەو خۆتان وا دەردەخەن کە پەیامبەری چاکسازیین، کەچی یاسایەکتان لە بەردەستە ناتوانن بە وردیی هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.

  رەهەندە جیاوازەکانی یاسای خانەنشینی هەر تەنها بۆ کەرتی گشتی نییە،  پێویستی بە پرۆژەی جددی و خوێندنەوەی هەمەلایەن هەیە تاوەکو کەرتی تایبەتیش جێگای بکرێتەوە لە یاساکەدا، لەئێستادا ئەوە رۆشت و کەمتەرخەم بوون و بیرتان چوو، دەکرێت قۆناغی داهاتووی نزیک کارکردن بێت بۆ یاسایەکی خانەنشینی راقی و دادپەروەر بۆ کەرتی تایبەت، بەتایبەت بۆ ئەو کارمەندانەی ساڵانە لە فەرمانگەی "بەرێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کریکاران" رسومات و زەمانی مانگانەی خۆی دەبەخشێت وەک ئەرکە داراییەکانیان و گرنگە ئەمە لەبەرچاو بگیرێت.

پێویستیشە حکومەت تیمی تایبەت پێک بهێنێت بۆ وردبینی کەرتی تایبەت و لە رووی خزمەتی شارستانی و یاساکانەوە پاڵپشتیان بێت، کەرتی تایبەت هەزاران کارمەندو کرێکارو فەرمانبەری هەیەو لە چاوەروانی  پرۆژە یاسایەکدان بیانپارێزێت نەک بیانفەوتێنێت، پرۆژە یاسایەک ماف و ئیمتیازاتی کۆتایی راژە ببەخشێت بە فەرمانبەران و کرێکارانی کۆمپانیا ئەهلیەکان و هیچ نەبێت پاش 15 ساڵ ئەرکی وەزیفی (فعلی) خانەنشین بکرێن هاوشانی ئیمتیازاتەکانی راژەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومیی، چونکە لە کەرتی تایبەتیش پلەبەندی و پسپۆرێتی و گرەیدو ئاستی باڵاو مام ناوەند هەیەو دەبێت رەچاو بکرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ