18وتار

برادەرانی یەكێتی ئەوەچی دەگوزەرێت!

5/19/2026 5:40:00 PM
کەمال رەئوف

چل و شەش ساڵ لەمەوبەر من پێشمەرگەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووم، دەزانم و شاهیدی ئەوەم كە لەشەری خۆبەخۆ و براكوژی چی دەگوزەرا، دەزانم هەمیشە لە گرژیەكاندا هەندێك دەبوونە پاڵەوانی چیرۆكە ناشرینەكان و چەند دڵرەقانە و ناشارستانیانە كارەكتەری كارە قێزەونەكانی ناو حزبە كوردیەكان دە بوون و چیان بەیەكتر دەكرد. هەندێك رووداوی ناخۆشی ئەوكاتە تائێستا لە زاكیرەمدا ماوەتەوەو ویژدانم ئازار دەدەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەڵویست و پەرچەكردارە جوانانەشم بیرنەچوەتەوە كە بەردەوام لەبەرامبەرهەركارێكی نەشیاو و ناشریندا حزورێكی بەهێزی هەبوو.

لەیەكێك لەورووداوانە هەوڵویستی دكتۆر هەژار مەعروف بوو كە شوكر خۆی لەژیاندا ماوە. سەرەتای ساڵانی هەشتاكان لە چوونی مەفرەزەیەك بۆ سلێمانی، لەوێ دەكەونە كەمینەوە پێشمەرگەیەك بەبرینداری جێدەمێنێت، مەفرەزەكە دەگەرێنەوە و چەند دیلێكیشیان لەگەڵ خۆیان هێنایە دەرەوە، بەرپرسێك لە داخی پێشمەرگە ونبووەكە كە تا ئەوكاتە هیچ سۆراخێكی نەبوو، ئازاری یەكێك لەدیلەكانیدا، دكتۆر هەژار یەكسەر هاواری لێهەڵسا كە ناكرێت وامامەڵە لەگەڵ دیلەكان بكرێت و بەرپرسەكەی راگرت..
 هەژدە ساڵ لەمەوبەر كە ئەوكات سەرنووسەری رۆژنامەی هاوڵاتی بووم، چەند كەسێك بەتۆمەتی تیرۆر و پەیوەندی بەئیسلامی سیاسی توندرەوەوە دەستگیركرابوون، سێ كەس لەگیراوەكان لەئەوروپاوە گەرابوونەوە، یەكێكی تریش لەكرێكاری لەئیران و هاوسەرەكەشی لەگەڵ گیرابوو، یەكێكیان خاڵ و مامی شەهیدی یەكێتی بوو بەڵام بە هۆی لەیەكچوونی ناوەوە گیرابوو، هیچ كام لەگیراوەكان تۆمەتەكەیان بەسەردا ساخ نەبوەوە بەڵام لەزیندانی تاكەكەسی راگیرابوون و زۆر ئەشكەنجە درابوون، لەزیندان لەزستاندا ئاویان كردبوە ژێریان و بێ دادگایی كردن زیاتر لەساڵیك راگیرابوون، دوای ئازاد كردنیان بەمەرج، هەموویانم كۆكردەوەو لەسەر زمانی خۆیان راپۆرتێكمان لەسەر چیرۆكە ناخهەژێنەكانی رۆژانی زیندانیان كرد، دوای چەند سەعات لە بڵاوكردنەوەی، دۆستێكم كە ئێستاش لەژیان ماوە تەلەفۆنی كرد، وتی، ئەوەی بڵاوتكردۆتەوە گەر راست بێت، ئەبێت یەكێتی پاداشتت بكات، گەر هەڵبەستراوبێت، هەقە بەتوندترین شێوە سزابدرێت، بەداخەوە زانیارییەكان هەمووی راست بوو، بابەتەكە وەك ئاگری ناوپوش لەناو مەكتەب سیاسی یەكێتی بەخێرایی بڵاوبوەوەو گەیشتە رەحمەتی مام جەلال، ئەویش داوای لەكاك عیماد ئەحمەد كردبوو كە ئەوكات جێگری سەرۆكی حكومەت بوو، لێكۆلینەوەی وردی لەسەر بكات، بەمەبەستی لێكۆڵینەوە ناچار خاوەنی چیرۆكەكانم بەیەكەوە بردە ئۆفیسی كاك عیماد كە ئەوكاتە لەتەنیش چیشتخانەی شكار بوو، هەریەك لەزمانی خۆیەوە چیرۆكەكەیان بۆ كاك عیماد گێرایەوە، دواتر یەكێتی بریاریدا قەرەبوو بكرێنەوە. فەترەیەك دوای ئەوە حاكم قادر كە ئەوكات بەرێوەبەری گشتی ئاسایش بوو ناردی بەدوامدا، دەرگای زیندانەكانی ئاسایش و كانی گۆمەی بۆ كردمەوە تا بیسەلمێنیت كە زیندانی تاكەكەسیان نەماوە..

من كە نەلایەنگری لالەزارم و نەدۆست و ناسیاوی حەمەرەش و نەدورو نزیك هێمن هادی دەناسم، بەڵام چیرۆك و بەسەرهاتەكانی ئەوان، توشی نائومێدیەكی گەورەی كردم، نائومێدی بەوەی كە لەسلێمانی و لەزیندانەكانی لای یەكێتی چی دەگوزەرێت، ئێستا بەبیستنی ئەو رووداوانە دۆشداماوم بەدیار بیرەوەرییەكانی رابردومەوە، چونكە وامدەزانی ئەوانە تێپەریون و لەگۆرمان ناون و نایانبینینەوە، ئاخر جاران لەشاخ و لەناو شەردا و لەسەردەمێكی تردا دەكرێت چاوپۆشی لەهەندێك رووداو بكرێت، بەڵام ناكرێت لە ناو سلێمانی لە حزوری دادگاو یاساو ئەو هەموو بەڵین و فەنتازی مەدەنی بوون و مرۆڤدۆستیەدا بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ گیراوێكدا بكرێت كە تاوانەكەی تەنها رزگاركردنی برایەكی بێت لەمردن.

ئەم رووداوانە لێكۆلینەوەی وردی دەوێت،  پێویستە سزادانی ئەوانە بدرێت بەوكارانە هەستاون تا هەڵەكە راست دەكاتەوە، ئەوە سەنگی مەحەكی یەكێتییە وەك حزبێكی سۆسیالدیموكرات و ئیمتحانێكی گەورەی هەموو ئەو یەكێتییە دڵسۆزانەیە كەباس لەمافی مرۆڤ دەكەن، ئەركی ئەخلاقی رۆشنبیرەكان و ئەكادیمیستەكانی ناو یەكێتییە دەنگ هەڵبرن ناكرێت لەسەر رووداوگەڵیكی لەوشێوەیە بێدەنگ بن، ناكرێت ئەم رووداوە بێ هەڵویستی مەكتەب سیاسی و سەركردایەتی یەكێتی تێپەرێت، من نازانم كاك بافڵ و كاك قوباد، تاچەندە ئاگاداری ئەو رووداوانەن، خۆ گەر ئاگادارنەبن، زۆر خراپە گەرئاگاداریش بن ئەوا كارەساتە و خراپترە، چونكە ئەمە خلۆربوونەوەیەكی خێرای مەترسیداری ئەو حزبەیە بەرەو فاشیەت، ئەمە خاڵی كردنەوەی ناوەرۆكی دروشمەكانی حزبەكە و سەرتایەكی مەترسیداری رۆچوونیشە بۆناوتونێلێكی تاریكتر كە ئەوسەری دەمانگەیەنێتەوە بەمامەڵەی حزبی بەعس لەگەڵ زیندانیان و دەستگیركراوەكانی سەردەمی تاركی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن