692وتار

لادان لە پرەنسیپەکانی گۆڕان

5/28/2019 2:33:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

هەنگاوی یەکەم دەمەوێ هەمو گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاو و دۆستەکانی گۆڕان دڵنیا بکەمەوە کە بەندە خۆی بە هەڵسوڕاو وخاوەن گۆڕان دەزانێت، بەردەوامیش دەبم لە بەگژاچونەوەی ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ دەیەوێ گۆڕان زیاتر بەلاڕیدا بەرێت. یەکەم هەوڵم، داوام کرد لە knn   لە چوارچێوەی دەستوری گۆڕاندا قسەی خۆمان بکەین، بەداخەوە ساز نەکرا. هۆکاری ئەم نوسینەش بێویژدانی هەندێ لە ئەندامانی خانەی راپەڕاند و ئەندامانی جڤاتە لەوانەی کە بە نیازی پلە و پۆستن لە هۆکار و چۆنیەتی دەست لەکار کێشانەوەکەی بەندەن. لەم نوسینە هەوڵمداوە تەنها چەند خاڵێکی گشتی  باس بکەم کەبە کەڵکی بڵاوکردنەوە دێن.


ئەو هەوڵانەی دراوە و بەنیازە بنرێن بۆ بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەی گۆڕان بریتین لە:


1- سڕکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و تێپەڕاندنی یاسای دژە تیرۆر، ئەو یاسایەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفای پێ تاوانبار کرا و ویستیان پێی دادگایی بکرێت. جگە لەوەی تێپەڕاندنی ئەم یاسایە بی ئاگایی جڤاتی نیشتمانی بو.


2- بەر لە کۆبونەوەی جڤات، خانەی راپەڕاندن لەگەڵ کۆمەڵی ئیسلامی رێککەوتبون کە بە  " بەڵێ" دەنگ بدەن بە ریفڕاندۆم.


3- دەنگدانی رێکخەری گشتی بە بەڵێ بۆ ریفڕاندۆم.


4- بێدەنگی خانەی راپەڕاندن لە ١٦ ئوکتۆبەر و کەرکوک.


5- بەدەنگەوەنەچونی کێشە ناوخۆییەکانی گۆڕان و لە بری چارەسەرکردن کەڵەکەبونیان. کێشەی مەکۆی کەرکوک و ئەنجومەنەکانی دەرەوەی وڵات بە نمونە.


6- دواخستنی کۆنفرانسی نیشتمانی، کە بریاری جڤاتی لەسەر درابو لە ٢٠/١/٢٠١٩  ( یان لە ماوەی ٣ مانگدا لە کۆبونەوەی ١٠/٢٠١٨ جڤاتی نیشتمانی).


7- کاراکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم. بە پێچەوانەی رای رەوانشاد کاک نەوشیروان " سیستەمی پەرلەمانی، هاوشێوەی بەغدا".


8- سبەی ٢٨/٥  ئەم دەسەڵاتە لە پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی پرەنسیپەکانی گۆڕان بەشدار دەبێت لە دانانی بتەوکردنی بناغەی سیستەمی حوکمڕانی حیزبی و بنەماڵەیی.


9- ئەمڕۆ ٢٧/٥ خانەی راپەڕاندن بەیان نامەیەکی دەرکرد لەسەر بارودۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و تێیدا داوای کۆبونەوەی لوتکەی حیزبەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەی داوایەکی باشە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە بە وشەیەکیش ناوی ریفڕاندۆم نەهاتوە کە هۆکاری سەرەکی ئەو بارودۆخەی ئێستای کەرکوکە.


10- هەڵە و هەڵوێستە سیاسیەکانی ئەم خانەیە هۆکاری سەرەکی ئەو شکستانەن توشی بزوتنەوەکەمان هاتوە. لەوانە تۆرانی بەشێک لە دەنگەدەران و کەمکردنەوەی کورسیەکانی گۆڕان لە ٢ هەڵبژاردندا.


11- یەکێ لە پێشنیارەکانی بەندە و چەند ئەندامێکی تر، لەگەڵ ئەوەی دژی بەشداریکردنی گۆڕان بوین لە حکومەت، ئەوەبو پارتی دیموکرات ناچار بکرێت بە " بەدەرچونی هەر لایەنێک لە حکومەت لە کاتی پابەند نەبونی حکومەت بە بەڵێن و بەرنامەکانیەوە، حکومەت بە هەڵوەشاوە دابنرێت". وەڵامی برادەران ئەوەبو کە پارتی رازی نیە.


12- لادانی ئەم خانەیە لە دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان. سزادانی  ئەندامی جڤات عبدالرزاق شەریف وهەڵسوکەوتی زۆر ناحیزبیانە لەگەڵ هەڵسوڕاوی دیاری بزوتنەوەی گۆڕان عبداللە مەلا نوری.


13- دەپرسم ئەرێ هۆکاری زیاتر لە ١٠ دە ئەندام جڤاتی نیشتمانی دیاری ئەم بزوتنەوەیە بۆ؟ تا چەند خانە بەدەنگەوە هاتوە؟ 


هەمو برادەران لە جڤاتی نیشتمانی راو تیبینی و رەخنەکانی بەندە دەزانن، جۆن حیزبیانە لە کۆبونەکان دەرم بڕیوە، بەڵام موخابن بەهەند وەرنەگیراوە. تا کار گەیشتە ئەوەی دەست لە پلەی ئەندامی جڤات بکێشمەوە، لێرەوەش چیدی بەرپرسیارنێم لە بڕیارەکانی لەمەودوای جڤات، بڕوام وایە لەدەرەوەی جڤات دەتوانم بە هاوکاری هەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان فشار بخەمە سەر خانەی راپەڕاندن تا پێشگیری بکەین لە زیاتر بەلاڕێدابردنی بزوتنەوەکەمان. 
رێگە چارە


1- دانپێدانانی ئەم خانەیە بە شکستەکان و داوای لێبوردن  لە هەڵسوڕاوان بکەن دەست لە کار بکێشنەوە.


2- لە رێی لیژنەیەکەوە کە دوربێت لە دەست تێوەردانی ئەم خانەیە سەرپەرشتی کۆنفرانس و هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان ئەنجام بدرێت.


دوا قسە، بۆ ئەوەی گۆڕان لە حیزبەکانی تر نەچێت ئەرکی هەمومانە دەست بە پرەنسیپەکانی گۆڕانەوە بگرین و پێکەوە دڵسۆزانە کار بۆ جێبەجێکردنیان بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن