12وتار

سەرۆک لە قەلاچۆلان

6/25/2026 9:45:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد



کام سەرۆک؟ سەرۆکی کێ؟
لە راستیدا، نوسین بۆ شیکردنەوەی قسەی بەرپرسانی دەسەڵات چ لە شێوە چ لە ناوەڕۆک کارێکی زیادەیە و هیچ خوێندنەوەکی فەلەسەفی هەڵناگرێ. چونکە بارودۆخی سیاسی ئێستای هەرێم و ئەوەی ئێستا دەگوزەرێ دوای ٣٣ ساڵ لە حوکمڕانی بە کردەوە دەری دەخەن کە قسەکانیان جگە لە ریزکردنی وشەی بریقەدار، خۆشکردنی دیوەخان و گەوجاندنی بەشێکی کەمی میللەت هیچ بەرهەمێکی  نەبوە و نیە.

ئەم قسانەی سەرۆک، گفتوگەیەکی بەندە و جەنابی مام جەلالی هێناویەوە بیر، لە  ١٩٩٣ دوای کۆنگرە ناکۆکیەکانی بەرەی رێفۆرم و جێگر  لە گەڵ سکرتێری گشتی ینک گەیشتە لوتکە، بەشێ لە کادرەکانی سەر بە بەرەی ریفۆرم سەریان هەڵگرت و کوردستانیان جێهێشت. بەندە ویستم ماڵئاوای لە مام جەلال بکەم و تێبینیەکانی خۆمی لە نزیکەوە پێبڵێم.:
١- هەقە ناکۆکیەکانتان لەگەڵ کاک نەوشێروان کۆتایی پێبهێنن، چونکە زۆرێک لە کادرەکانی ماندو کردوە.
٢- ئەو جۆرە مامەڵەیەی جەنابت و ینک لەگەڵ  پدک و کاک مەسعود ئەنجامی باشی نابێت، بەرە و شەڕیکی گەورەمان دەبات.

وەڵامی مام جەلال:
دوای ئەوەی زۆر قسەی پڕ ئومێدی کرد دەربارەی پەرلەمان  و حکومەتی هەرێم. فەرموی:
١- هەقە بە کاک نەوشیروانیش بڵێی.
٢- من و کاک مەسعود شەڕی ناوخۆمان حەرام کردوە. ئەو جۆرە باسانە هەر لای کادر هەیە.

بەندە ماڵائاوایی خۆمم لە مام کرد، دوای دو ساڵ بینیمان چی رویدا، ٣١ ئابی لێکەوتەوە. ئێستاش نەک هەر کورد تاڵاوەکەی دەچێژێ بەڵکە دوبارەکردنەوەی ئەگەرێکی گەورەیە.

سەرۆکی هەرێم و فەرماندەی گشتی، قسەکانی لە جێی خۆیەتی، داوکاریەکان داواکاری نەتەوەیین، خوێنکارێکی قۆناغی سەرەتایی باشتر درکی پێدەکات و زیانەکانیشی دەزانێ. ئەو نەوەیەی لە ١٩٩٦ لە قۆناخی خوێندنی سەرەتایی بو دەزانێ بۆ لە خوێند دوا کەوت یان ناچاربو قوتابخانە جێبهێڵێ یان ئێستاش گۆڕی باوکی ونە.

ئەم سەرۆکە لە هەمان کاتدا کەسی دووەمە لە ناو حیزبەکەی، لە کاتی بونی لە قەلاچۆلان ئاگادارنەبو حیزبەکەی لەسەر زاری بەرپرسی باڵا چۆن بە زمانی شەڕی ناوخۆ باسیان لە یەکێتی دەکرد ، ( هاوپەیمانی بەندیخانە) بو بە چەمکێکی سیاسی تازە، بەرامبەرەکەشی بە هەمان شێوە وەڵام دەداتەوە: شەڕە دەنوک بەردەوامە. مادام سەرۆک بەتەمای ئەم وتارە بەنرخە بو دەبو ژیلەمۆی ژێر کای بکوژاندایەتەوە. بۆیە جێی گومانی گەورەیە و چاوەڕوان ناکرێت لە:

١- بەرپرسانی حیزبێک لە ١٩٦٥ وە نەیانتوانیبێ ناکۆکیەکانیان بخەنە خزمەت بەرژەوەندی نیشتمان، بتوانن چارەسەری دوبەرەکی بکەن.
٢- جەماعەتێک هۆکاری کێشەکان بن و بتوانن چارەسەری بکەن.
٣- کەسێ لەروی ئابوریەوە کوردستانی توشی کارەسات کردبێت بتوانێ چارەسەری برسێتی بکات.
٤- جەماعەتێک لە ماڵێکدا بژین لە خانوی پاشا و ژیانی شاهانە، شاهانە تربێت. دەسەڵات لە دۆڵیک و میللەت لە دۆڵێکی تر.
٥- خاوەن بیرکردنەوەیە بێت، لە کاتێکدا لە کوردستان کێشەی کەمی قوتابخانە و پەروەردە هەیە، مزگەوتێک دروست بکات بە گوژمەی دەیان ملیۆن دۆلار. ئەمە بیرکردنەوەی خێڵ و دیوەخانە نەک دەوڵەتداری.
لە گەڵ هەمو ئەم رابردوەش، راستە دەتوانن گوێ لە دەنگی میللەت نەگرن، رەخنەگرانی نیشتمانپەروەر بە تابوری پێنج بزانن و تۆمەتباریان بکەن بە بونی دەستی دەرەکی، بەڵام   بەدور نازاندرێ، گوێڕاکێشان و ئاڵان لە قولەقاپ کاریگەری خۆی هەبێت و ناچاریان بکات بە پەنجە گەزتن.


کەرکوک، ٢٤/٦/٢٠٢٦

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن