6وتار

لە دویتوێی پەیامەکانی هەڵبژارنی ١١/١١ /٢٠٢٥

11/22/2025 12:15:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

جێی سەرنج و هەڵوێستەکردنی جدیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی کوردستانە، لە دوای ٢٠٠٣ وە بۆ ئێستا نەیتوانیوە نەخشەی سیاسی وڵات بە جۆرێک بگۆڕێت سیمای هەڵبژاردنێکی دیموکرات و بێگەرد و ئازادی پێوە دیاربێت. چونکە گۆڕانگاری لە شێوازی حوکمڕانی و حوکمڕان دەرهاویشتەی هەڵبژاردنی تەندروستن، ئەمەش روینەداوە.

 لەم وڵاتە وا چاوەڕوان دەکرێت بە بێ روداوێکی لە ناکاوی کوتوپڕ ئەم هەڵبژاردنە تەندروستە لەمەودا نزیکدا نەکرێت و سیستەمە سیاسیەکەش وەک خۆی بمێنێ.. بە هۆکاری:

 ١- بونی گروپی میلیشیای جیاجیا و چەکداری حیزبی. مانەوەی چەک لەدەرەوەی دامەزراوەکانی حکومەت.
٢- پەیوەندی نێوان پارە و سەرمایە و سیاسەت.
٣- کاریگەری و دەستێوەردانی دەرەکی.
٤- بونی لەشکرێک لە راگەیاندنی حیزبی.
٥- خراپ بە کارهێنانی پێگەی حکومی بۆ خزمەتی حیزب.
٦- دوای ٢٠٠٣ کەلتوری سیاسی گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەر نەهات و عەقلیەتی سیاسی وەک خۆی مایەوە، ئەوەی گۆڕا  تاک هێز و یەک ناوەندی بڕیار بو بە فرەهێزی و فرە ناوەندی بڕیاری لێکترازاوی پڕ لە ئاشوب.
٧- لاوازی کەلتوری هێزی ئۆپۆزسیۆنبون. 
٨- مانەوەی کەلتوری سیاسی دەنگدەری عێراقی لە ژێر کاریگەری کەلتوری نەتەوەیی و مەزهەبی و خێڵەکی لە جیاتی کەلتوری هاوڵاتیبون و نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی.
١٠- لێکدانەوەی جیا جیا بۆ گەورەترین کیتلەی پەرلەمانی لە دەستور بۆ دامەزراندنی حکومەت. وەک ئەو کێشە گەورەیەی لە ٢٠٢١  بۆ کیتلەی سەدری دروستبو. پاشان کشانەوەیان لە پرۆسەی سیاسی بوە هۆی دروستبونی بۆشایی سیاسی گەورە لە پرۆسەی سیاسی عێراق. 

* دەرئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ١١/١١/ و نزیکی دەنگی بەدەستهاتوی هێزە گەورەکان لەیەکەوە ئەنجامێکی چاوەڕوانکراوبو، لەبەر ئەوەی:

 ١- سیستەمی هەڵبژاردن سانتلیگۆی هەموارکراو ١،٧ ، تێیدا حیزبە گەورەکان سودمەندن و هێزە بچوکەکان قوتدەدەن، یان بێکارەگەر دەبن.
٢- مانەوەی گروپی سەدر لەدەرەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن.
٣- دوبارەبونەوەی هاوپەیمانیە کۆنەکان.
٤- دوبارەبونەوەی هەمان دەمو چاوە کۆنەکان لە گۆڕەپانی ململانیی هەڵبژاردن.:لە هەرێم هەمان دەموچاوەکانی ١٩٩٢ یان نەوەکانیان، لە بەغداش سەروچاوەکانی ٢٠٠٥. بە کورتیەکەی هەمان تاس و هەمان گەرماو.
٥- پاشەکشە و جێگۆڕکێی هێزە بەناو ئۆپزسیۆنەکان لە ژێر کاریگەری حیزبەکانی دەسەڵات.
لەم بارەوە جێی تێبینیە و جیاواز لە عێراق، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠٢٤ جیاوازی نێوان کورسیەکانی پارتی و یەکێتی نزیکەی دوهێندەیە، کەچی کابینەکە پێک نەهاتوە. ئەمەش بەرهەمی هێز و پارە و عەقڵی خێڵەکیە. 

* دوای هەڵبژاردن

١- دامەزراندنی کابینەی نوێی حکومەت ئاسان و بێکێشە نابێت.
٢- مانەوەی دەسەڵات بە هەمان شێوەی رابردو بەبێ هیچ گۆڕانکاریەک.

* هەڵبژارد ن و هەرێمی کوردستان لە هەرێم بەزەقی دەردەکەوێ کە:

 ١- کەمینەیەکی کەم حوکمڕانی هەرێم دەکات، دو حیزب  بە ڕێژەی پارتی ٢٢٪، یەکێتی بە ڕێژەی ٩٪ واتە پێکەوە ٣١٪ لە هەمو دەنگەکانی هەرێم، بونە بە حاکمی دو دەڤەری جیا و حوکمداری میلەت دەکەن. 
٢- ئەم کەمینەیە لە ١٩٩٢ وە بریتین لە دو گروپی نەگۆڕی دوبارە لە چەند بەرپرسێکی حیزبی و نەوەکانیان.
٣- هێزە بەرهەڵستکارەکان زۆر لاوازن و وادەردەکەوێت دەسەڵات جێگۆڕکێیان پێبکات. پێدەچێت مانەوەیان بەو پەرتەوازەییە زیاتر بە هۆی کاریگەری دەسەڵاتەوە بێت.
٤- هیچ کام لە مەلاکان  لە کەرکوک و هەرێم  متمانە و دەنگی خەڵکیان بەدەست نەهێنا.، ئەمەش پەیامی رونە بۆ دورکەوتنەوەی پیاوانی ئایینی لە سیاسەت و حیزبایەتی و نەشێواندنی پەیامی خودایی.ئەم پەیامە حیزبە ئیسلامیە سیاسیەکانیش دەگرێتەوە.

*گرنگترین پەیامی ئەم هەڵبژاردنە ، دوای وردبینیەکی ورد دەردەکەوێ کە چوزەرەکردنی بیرۆکە و ئاراستەیەکی نوێ لە هەرێم لە ئارادایە بە تایبەتی لای پارتی و یەکێتی. ئاراستەیەک نیشانەی دورکەوتنەوە لە پرۆسەی کوردبون، نەتەوەسازی و پرسە نەتەوییەکان دەردەخات. ئەوەی جێێ سەرسوڕمانە ئەو هەنگاوانە ی بەم ئاراستەیە نراون، رێک پێچەوانەی هەمو ئەو دروشمە نیشتمانی و نەتەوییانەیە کە دەیان ساڵە دەوترێنەوە و لاپەڕەکانی ئەدەبیاتی حیزبیان داپۆشیوبو، ئێستا کاڵبونەوەی بەرچاوی پێوە دیارە، هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم ئاراستەیە:

 ١- بەستنی هاوپەیمانی لە گەڵ ئەو لایەنانەی دژن بە بەرژەوەندیە نەتەوەییەکانی کوردن. ئەم هاوپەیمانیە لە دروستبونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە رونی دەرکەوت.  هەنگاوێک زیانی زۆری بە کەرکوک  و پرسی کوردبون و پایەکانی نەتەوەسازی گەیاندوە.
٢- دروشمە زەقەکانی ئەم هەڵبژاردنە زیاتر بریتیبون لە موچە و باشترکردنی پەیوەندی لە گەڵ بەغدا، بەلاوەنانی دروشمە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی کە لە رابردو دەیانوتەوە . 
٣- یەکترشکاندن و رکابەڕیەکی توندی لە رادەبەدەر لەسەر کورسیەکانی کۆتا. لێرەش کەرکوکیان ئازاردا.
٤- پەنابردن بۆ خێڵ و زیندوکردنەوەی بیری خێڵەکایەتی.

بەکورتی، دوا پەیامی ئەم هەڵبژاردنە دەڵێت "" دانیشتوانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە و ئەم هێزە بە ناو ئۆپۆزسیۆنانە ، بە رێگەی پرۆسەی هەڵبژاردن چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکاریەک نەبن نە لە حوکمڕانی وە نە لە خۆشگوزەرانی ژیان. لە هەرێمیش پرسی خاک و نیشتمان و نەتەوە لای حیزبی کوردی بۆتە پرسێکی لاوەکی، چونکە ئەم حیزبانە بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لە شێوە و ناوەڕۆک و بەرنامەدا خێڵەکی و کۆنپەرستن، بە بەرگی سەردەم خۆیان پۆشیوە، کورد گوتەنی " گورگە و لە پێستی مەردا".""

بۆیە بۆ هەر گۆڕانکاریەک لە سیستەمی سیاسی و دەستەبەرکردنی  خۆشگوزەرانی و ئازادی و دیموکراسی  پێویست بە بونی هێزێکی نوێی بەرهەڵستکار دەکات، بزوتنەوەیەک خاوەن دیدگا و بەرنامەی رون بۆ مەودای نزیک و دور ، تەواو لە دەرەوەی بازنە کۆنەکە. 


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن