115وتار

با کەرکوک نەدۆڕێنین

10/27/2024 12:31:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

بەر لەوەی باس لە پرۆسەی سەرژمێری بکەم، بۆ بەرچاوڕونی میللەت و ئەو بەرپرسە کوردانەی پشتیوانی ئەنجامدانی سەرژمێری دەکەن، دەمەوێ بە چەند پرسیارێک دەست پێبکەم:

١-چیبەجێنەکردنی قۆناغەکانی مادەی ١٤٠ دەستور، کێ ئەنجامی نادا؟ بۆ ئەنجامی نادەن؟

٢-بریاری ٢٩  دەربارەی زەویە داگیرکراوەکانی کورد و تورکمان کە بڕیارەکانی لیژنەی کاروبارەکانی باکوری بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە، ١٢ ساڵە لە ئەنجومەنی وەزارەتی عێراقەوە دەرچوە بۆ جێبەجێ ناکرێ؟ 

٣-کێ بەرپرسە لە پرۆسەی تەعریب کە لە ٢٠١٧ لە کەرکوک بەردەوامە، بە بەرچاوی بەرپرسانی کوردەوە دەکرێت. رۆژانە جوتیاری کورد ئازار دەدرێت، لە لایەن عەرەبی هاوردەوە ستەمی بەرامبەر دەکرێ، سوپا و پۆلیس دەستبەجێ جوتیارە کوردەکان دەگرن و زیدندانیان دەکەن.  

٤-گەڕانەوەی سوپای عێراق بۆ هەمو مۆڵگە کۆنەکانی سوپای سەردەمی بەعس، لە کاتێکدا هیچ مەترسیەکی سەربازی نیە لە ناوچەکانی شوان و ساڵەیی. بە کورتی کەرکوک بۆتە سەربازگەیەکی گەورە، وەک ناوی لینراوە " حفظ القانون".

٥-رێگریکردن لە خاوەن دەواجنە کوردەکان لە فرۆشتنی بەرهەمەکانیان و بە بیانوی بێ مۆڵەتی. مۆڵەتیان نادرێتێ، چونکە زەویەکانیان لە سەردەمی بەعس داگیرکراوە و خراوەتە سەر وەزارەتی مالیە، بەرگری یان هاوردەی عەرەب. ئەمە بۆ؟.

٦-لە ٢٠٠٥ پەرلەمانی عێراق " ئەندامانی سونە و شیعە" ئامادەنین یاساکانی بەعس دژ بە کورد و تورکمان هەڵبوەشێننەوە. ئەمڕۆ ٢٧/١٠ هەڵوەشانەوەی ئەو یاسایانە خراوەتە بەرنامەی دانیشتنی پەرلەمان ، بەڵام بەستراوەتەوە بە دو بڕیاری ترەوە، کە داوای پیکهاتەی سونە و شێعەن: یاسای باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی.

٧-لە ٢٠١٢ وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامادەی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریە، بەڵام لەبەر ئەوەی کورد لە کەرکوک و ناوچەکە دەسەڵآتداربون رێگەیان نەدا ئەنجام بدرێ.

٨- دروستکردنی گوندەکانی وەک ئالبودێر، ئەلعیزە و ئەلزەهرا لەسەر شاڕێگەی دوبز-کەرکوک و دەستبەسەرداگرتنی هەزاران دۆنم زەوی کورد، بۆ؟

٩-هاوردنی سەدان خێزانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە کەرکوک.  نمونە: لە ٥/٥/٢٠١٩ ، بە کیتابی ژمارە ٢٨٣٣٦ ، بە ئیمزای لیوا ریاز جندی عبدالکازم. ئاراستەی دائیرەی باری کەسێتی و جەوازات و نیشتەجێ کەرکوک کراوە. 

راستە، دەوترێ "وڵاتیک خاوەن داتایەکی دروست نەبێت وەک ئەو کەسە وایە هەم چاوی نوقاندبێت، وە هەم لە شەوێکی تارێکدا رێگە بکات". بەڵام ئەم قسەیە بۆ وڵاتێکە کێشەی خاک ،نەتەوە و دەستوری نەبێت. نەک وڵاتێکی وەک عێراق لە ٢٠٠٥ دەستورێکی هەمیشەیی هەیە، کەچێ حکومەتەکەی زۆریک لە مادەکانی جێبەجێ نەکردوە، دو پێکهاتەی گرنگی وەک کورد و تورکمان بە درێژایی ٣٥ ساڵی حوکمی بەعس ستەمیان بەرامبەر کراوە و مافیان زەوتکراوە، ئەم حکومەتەی ئێستا بە گوێرەی دەستوریش مافە زەوتکراوەکانیانی نەگەڕاندۆتەوە. لە کەرکوک و تەواوی ناوچە کێشە لەسەرەکان هێشتا ئاسەواری بەعس نەک نەسڕاوەتەوە بەڵکە بە شێوەیەکی تر بەردەوامی هەیە.

راستە لە فۆرمی سەرژمێری خانەی نەتەوە و پێکهاتەی تیا نیە، بەڵام ئەم سەرژمێریە لە دوا رۆژ جێگیر دەکرێت و دەبێت بە بنەما و جێگرەوەی سەرژمێری ١٩٥٧ . 

بۆیە منی کەرکوکی بڕوا بە بەڵێنەکانی بەرپرسان ناکەم، متمانەم بە بڕیارەکانی بەغدا نیە، هەر لەبەر ئەو هۆیانە و ئەو بارودۆخەی لە کەرکوک هەیە داوادەکەم:

یەکەم: پرۆسەی سەرژمێری دوا بخڕێت، تا ئەو کاتەی برگەی ئاساییکردنەوە لە مادەی ١٤٠ جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش هەنگاوێکە بۆ نیشاندانی نیازپاکی.

دوەم: داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەکەم ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە ببەستنەوە بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠. بەرامبەر بەهیچ دەسکەوتێکی حیزبی و کەسی یان هەر بەڵێنێکی تر مامەڵە بە کەرکوکەوە نەکەن. چونکە بەشدارینەکردنی هەرێم گرنگی خۆی هەیە:

* هاوشێوەی سەرژمێری ١٩٩٧ ، ئەم سەرژمێریە ناتەواوە و دانپێدانراو نابێت.

*ئەگەر بەغدا بەبێ هەرێم ئەنجامی بدات، ئەوا هەرێم شەرعیەت بەو سەرژمێریە نادات کە لە کەرکوک دەکرێت. بەڵام  بەشادریکردنی هەرێم واتا شەرعیەتدانە بەو پرۆسەیە.

کۆتا قسە، بە پرۆسەی ریفڕاندۆم کەرکوکتان بە گورگانخوارد دا، ئێستاش هەر مامەڵەکردنێک لەم سەرژمێریە بە کەرکوکەوە واتە بەشداریکردن لەو قومارەی کە کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی تێدا دەدۆڕێن. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن