کۆیلەو کاریگەریەکانی لەسەر هەڵبژاردن
10/18/2025 2:13:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد
لەمێژودا باس دەکرێ یۆنانیەکان داهێنەری سیستەمی ژیانی دیموکراسین و وڵاتەکەیان بە لانکەی دیموکراسی دادەنرێت، لەم لانکەوە سەری هەڵداوە و گەورەبوە. لەگەڵ ئەم داهێنانەشدا یونانیەکان دەیانوت " کۆیلەکان لە بەرئەوەی ئازادنین و تەنها دەنگ بە ئاغاکانیان دەدەن، بۆیە نابێت بەشداری هەڵبژاردن بکەن"
پاڵنەری نوسینی ئەم وتارە:
*لایەنگری حیزبێکم بینی دەیوت" لەبەر ئەوەی مەلائیکەکان دەنگی دەدەنێ و پشتیوانی دەکەن حیزبەکەم یەکەم دەبێ، یان یەکێکی تر ئامادەیە ببێ بە سەگی بەردەرگا "
*لە کەرکوک گەنج دەکڕدرێت بە ٥٠٠٠٠ پەنجا هەزار دینار..... زیاتر.
*گواستنەوەی سەنگەر لە کاتی هەڵبژاردنەکان.
راستە هەڵبژاردن و دەنگدان لە کەشێکی دیموکراسیدا دەستەبەری حوکمێکی رەشید و دادپەروەر دەکا، کاتێک هەر تاکێکی کۆمەڵگە ئازادبێت لە دەنگدان. بەڵام کە دەنگدەر ناچاردەکرێ بەڕێگەی جیاجیا : هەڕشە و ترس ، پارە و بەرتیل، نانبڕین یان لەسەر بنەمای خێڵ و وابەستەیی و خزمخزمێنە ، ئەوا بەرهەمەکەی هێنانەدی حکومەتی ناڕەشید ،نادادپەروەر و گەندەڵ دەبێ. ئەو بارودۆخە چەقبەستوەی ئێستای گەلی عێراق و هەرێم تێیدا دەژین بە کردەوە دەریدەخا تەواوی هەڵبژاردنەکان لە ٢٠٠٣ بۆ ئێستا، یان ١٩٩١ بۆ ئێستا نە لە کەشێکی دئموکراسیدا ئەنجامدراوە نە تاکی ئازادیش هێندە بوە تا بتوانێ ئاراستەی هەڵبژاردنەکان بگۆڕێ. ئەم چەقبەستوە سیاسیەی لەم وڵآتە هەیە بەرهەمی ئەو هەڵبژاردنانەن، بۆیە پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێم و عێراق لە ژێر پرسیاردایە و ئومێد ناکرێ لە مەودای نزیکدا بەم پرۆسەیە رێڕەوی حوکمڕانی و گوزەرانی خەڵک بگۆڕدرێ.
لەم وڵاتە ( هەرێمی کوردستان و عێراق) ئەگەرچی جۆری کۆیلە و کۆیلایەتی و خاوەنەکانیان گۆڕاوە، بەڵام کاریگەریەکانیان وەک خۆی ماوە، ناشتوانین وەک یۆنانی کۆن بکەین، بۆیە تا هەمو تاکەکان ئازاد نەبن، کۆتایی بە کۆیلە نەیەت لە رێگەی پرۆسەی وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە و یەکگرتنی دەنگە ناڕازیەکان بۆ لادانی ئەم سیستەمە ناقؤلایە، پرۆسەی هەڵبژاردن هیچ دەرئەنجامێکی ئەوتۆی ئەرێنی لێچاوەڕوان ناکرێت.
ئەی بۆ دەنگ بدەین؟
دوا قسە، بەشداری خەڵک لە دەنگدان و دەنگدان بە لایەنەکانی دەرەوەی حیزبەکانی دەسەڵات، پەیامێکە بۆ:
١- رای گشتی
٢- دونیای دەرەوە
٣- بۆ کادری خودی حیزبەکانیش ئاگادارکردنەوەیەکی باشە
کە هاوڵاتیان ناڕازین لەم دەسەڵاتانەی ، ئێوە پشتیوانیان دەکەن.. جگە لەوەی ئەم بەشداریکردنە لە مەودای دوردا بەرهەمی باشی دەبێ.