9وتار

یەکتر تاوانبارکردن و خوپێوەگرتن!

3/26/2026 2:40:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

ئاساییە بەرژەوەندیە جیاجیاکان لە نێوان چینەکانی کۆمەڵگە بیرکردنەوەی جیاجیای لێبکەوێتەوە و ناکۆکی دروست بکات، ئەو جۆرە ناکۆکیەی لەگەڵ مێژوی مرۆڤایەتیدا هاتوە و لێی نابێتەوە، ئەو ناکۆکی و ململانێیەی کێبڕکێیەک بەرهەمدێنی پێشکەوتنی ژیان و کەرەستەکانی لێدەکەوێتەوە. وەک چۆن شەڕ کە نابێت روبدات لە گەڵ کارەسات و ماڵوێرانیدا، پیشەسازیەکی نوێ بەرهەمدێنێ و دەخرێتە خزمەتی مرۆڤایەتیەوە، وەک ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆجیایەی دوای شەڕی جیهانی دوەم و شەری سارد هاتە کایەوە و ئێستاش بەردەوامە. 

ئەوەی نائاساییە ئەو جۆرە ململانێ و ناکۆکیەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە نێوان هەندێ لە گەلانی ناوچەکە پەیدابوە و بوە بە خو، خویەک جگە لە زیان و ماڵوێرانی هیچ بەرهەمێکی تری نیە. خویەک جگە لەوەی لە ئەنجامی بیرکردنەوەی جیاجیا پەیدابوە ، هۆکار و دەستی دەرەکیش زەمینەی بۆ رەخساندوە: ئایینی، مەزهەبی، چینایەتی، نەتەوەیی ، خێڵەکی و سیاسی  جۆرەکانی ئەو بیرکردنەوانەن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیری تاکەکانی زۆربەی کۆمەڵگەی داگیرکردوە. بە دیاریکراویش لە کۆمەڵگەکانی وەک: باشوری کوردستان، عێراق، لوبنان، سوریا و فەلەستین بەزەقی گاریگەریەکانی دیارە و لەیەک دەچن: 

یەکەم: باشوری کوردستان

 لەم بەشەی کوردستان سەرئەنجامی ئەو ململانێ خویناویەی لە شەستەکانی سەدەی رابردوە وە دەستیپێکرد و تا ئێستاش نەک هەر بەرۆکی کۆمەڵگەکە و بزوتنەوەکەی بەرنەداوە بەڵکە گەیشتۆتە ئاستی یەکتر تۆمەتبارکردن و تەخوینکردن و بون بەداردەستی بێگانە: هەوادار و ئەندامانی حیزبەکان و تاکی کوردی باشور بدوێنە یەکتر تاوانباردەکەن بەوەی پیاوی بێگانەن: ئێرانن ، تورکیا  و ئیسرائیل و ئەمریکان ، یان بە ئیخوانی و سەلەفی، شیعي و سوننە.

موخابن پێچەوانەی پارچەکانی تری کوردستان، بەرژەوەندی و پرسی نەتەوەیی و نیشتمانی نەبۆتە خاڵە هاوبەشی لێکنزیبونەوە و یەک هەڵوێستی و یەک گوتاری. ئەم دابڕودوبڕیە لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە باشی دەرکەوتوە، لە هەرێمیش تەواوی جومگەکانی ژیان و حوکمڕانی توشی دەردەسەری کردوە. بۆیە بۆ سودوەرگرتن لەو هەلومەرجە تازەیەی ئێستای ناوچەکە و برەودان بە دەرکەوتنی ئاسۆی یەکڕیزی و یەکگوتاری کورد کە لە رۆژئاواوە سەرچاوەی گرت ئەرکی هەموانە کاربکەن بۆ سڕینەوەی ئەم خوە لەبیری تاکی کوردا. تا بتوانن هەمو پێکەوە بڵێن " یەکە یەکە یەکە پرسی کورد یەکە".

دوەم: عێراق

لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە فرە مەزهەبی و فرە نەتەوەیی و فرە حیزبی هۆکارگەلێکبونە لە داڕمانی ئەم دەوڵەتە: شەڕی کورد و دەوڵەتی مەرکەزی، شەڕی شیعە و سونە ، ناکۆکی نێوان پیکهاتەکان و دڕدونگی نێوانیان زەمینەی یەکتر تەخوینکردنی دروستکردوە.: پیاوی ئیسرائیلە، ئەمریکایە، ئێرانە تورکیایە، سەربە بەرەی شیعەیە یان سونەیە. ئەم رەوشتە خراپە لە بری ئەوەی کەمبکرێتەوە ، چەند گروپ و لایەنێک خەریکی دەمەزەردکردنەوەین. لەم رۆژانە چەند گروپێکی چەکدار  ئاگاداری حکومەتی عێراقیان کردوە کە ١٠٠٪ سەدا سەدی ئەو کوردانەی لە ناو ریزی چەکدارەکانی عێراقن سەر بە ئیسرائیلن، یان زیاتر لە سەدا ٧٠٪ سونەکان سەر بە ئەمریکا و ئوردنن. ئەمانە زانیاری دزە پێدەکەن بۆ دوژمن. لەسایەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە عێراق بەنیاز نەبێت ببێت بە دەوڵەتیکی تۆکمە و سەربەخۆ و حکومەتێکی خاوەن سەروەری. بۆیە دەبێت هەرچی زوە کار لەسەر سڕینەوەی ئەم خوە بکرێت.

سێیەم: لوبنان

ئەم وڵاتە جوانە دەیان ساڵە وێران دەکرێت، هۆکارەکەشی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان خۆیانن، بونی هێزی چەکدار لەدەرەوەی دەوڵەت و کردنی گەلی لوبنان بە دو بەرە و یەکتری تاوانبارکردن بە پیاوی ئیسرائیل و رۆژئاوا و ئێران دەردە کوشندکەی خەڵکی لوبنانە.

چوارەم: فەلەستین

موخابن حیزب و گروپەکانی فەلەستین هاوشێوەی باشوری کوردستان لە سیاسەت و کاری رۆژانەیان وا دەرناکەون کە  خاوەن پرسێکی پیرۆز و لە مێژینەی  میللەتێکن. دو ئیدارەیی ، دوبەرەکی و یەکتر نەخوێندنەوە و  تاوانبارکردنی یەکترو شەڕی یەکتر بە چەکی بێگانە خاڵە هاوبەشەکانی هێزەکانی باشور و فەلەستینە.

پێنجەم: سوریا

کێشەکانی ئەم وڵاتە جگە لە جیاوازی ناسنامەی دەسەڵاتی ناوەند و هێزەکانی رۆژئاوا زۆر لە کێشەکانی عێراق دەچن.  

بەکورتی ئەگەر ئەم خوپێوەگرتنە بە وابەستەیی و یەکتر تاوانبارکردن لە هزری تاک و گروپەکانی ئەم وڵاتانە بەردەوامبێت، نابێت نە چاوەڕوانی بونیادنانی ژیانێکی ئاسودە بکرێت نە چاوەڕوانی هاتنەکایەی حکومەتێکی سەردەمیانەی خاوەن دەسەڵات لە سایەیدا پێکهاتەکان بە ئاسودەیی پێکەوە بژین و ئاشتی کۆمەڵایەتی بەرقەراربێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن