105وتار

کورد و جەمسەرەکان لە ناوچەکە

7/20/2024 4:12:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

( ٢)   
ئاشبەتاڵی بزوتنەوەی چەکداری کورد لە ١٩٧٥ و خۆبەدەستەوەدان و هەرەسهێنانی سەرکردایەتیەکەی لە خۆوە نەبو، جگە لە هۆکارە ناوخۆییەکان، ئەمریکا، ئێرانی هاوپەیمان رۆڵی نەرێنی بەرچاویان هەبو، بە نێوەندگیری جەزائیر ئەوەی عێراق ویستی کرا. 

ئێستا دوای ٤٩ ساڵ نە پەیوەندیە دەوڵەتیەکان وەک خۆیان ماون، نە کورد نە وڵاتەکانی دەورو بەر بە کورد.  تورکیا لەلایەک گیری خواردوە لە نێوان ئەوروپا، ئەمریکا ، روسیا و وڵاتانی ئیسلامی، لە لایەک ناکۆکی سیاسی و مەزهەبی لەگەڵ ئێرانی شیعە و سعودیەی سونەی سەلەفی وەهابی، لە ناوخۆشدا بزوتنەوەی گویلەن و ترس لە کودەتای سەربازی ، داڕمانی ئابوری و نارەزایی شەقام. ئەم سێ دەوڵەتە جگە لە جیاوازی مەزهەبی، نەتەوەیی ناکۆکیان لەسەر سنوری دەریایی و  وشکانی هەیە. عەرەب و ئێران، عەرەب و تورکیا. جگە لەوەی هەریەک لەم وڵاتانە هەوڵدەدات ببێت بە زلهێزی ناوچەکە و پاوانخوازی دەسەڵات بکات. لوتژەنینی تورکیا لە سوریا ،عێراق و لیبیا، ئێران لە عێراق، سوریا ، لوبنان و فەلەستین وڵاتانی عەرەبی زۆر ناڕەحەت کردوە. ئێران زیاد لە لە تورکیا ریزی وڵاتانی عەرەبی بڕکردوە. لەم نێوەدا کوردستان خەریکە دەبێتە گۆڕەپانی ساغکردنەوەی ململانێکان و سەرەتای داگیرکاری کۆلۆنیالی دەرکەوتوە.

بزوتنەوەی کوردستان
جیا لە ١٩٧٥ ، ئێستا کورد لە باکور، رۆژئاوا و باشور بە پلەی جیاجیا، هێزیان هەیە، لە باشور و رۆژئاوا خاوەن قەوارەیەکی سیاسی و ئیدارین، پەیوەندیان لە گەڵ رۆژئاوا هەیە، ئەمریکا خۆی بە پشتیوان دەزانێ. لە رۆژهەڵات بناغەیەک هەیە. وڵاتانی چواردەوری کورد هەریەکە بە کێشەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەوە توشی سەرهێشە بونە. واتە کورد و بزوتنەوەکەی زەمینەیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە باری بۆ گونجاوە. هاوتەریبی ئەو زەمینەیە، جەماوەری کوردستان یەکگرتو و ئامادەیە.

ئەوەی نەگونجاو و لە بار نیە، دوبەرەکی و لێکترازانی سەرانی حیزبەکانن، باشور و هێزە سیاسیەکانی بە ئاستی جیاجیا پشکی شێریان بەر دەکەوێ لەو لێکترازان و دردونگیەی هەیە. ئیسلامیەکان لە ژێر کاریگەری ئایین و ئیخوانزم، دونیاییەکان و نەتەوەییەکان لە ژێر کاریگەی ناکۆکی خۆبەخۆی بۆ ماوەیی و بەرژەوەندی حیزبی وبنەماڵەیی هەریەکە خۆی بە یەکێ لە جەمسەرەکانەوە هەڵواسیوە و لەناو بازنەیەکی داخراوی بۆ کێشراودا دەخولێنەوە.  

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوانی کاری پێکەویی لە هێزەکانی باشور ناکرێت، بەڵام، چارە، یا دەرچونە لەو بازنەیە و باوەشکردنە بە میلەتدا، بەسودوەرگرتن لەو بارودۆخە سیاسیەی هەیە دەست لە ناو دەستبن بۆ سەرگرتنی ماڵە گەورەکە، یان دەبێت گەلی کوردستان قسەی خۆی هەبێت.



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن