زانست و مرۆڤ
7/5/2023 2:14:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد
لەلایەک زانست بە هەمو لقەکانیەوە : فیزیا، کیمیا،
بیرکاری .....هتد، لایەکیتر باوەڕە جیاجیاکانی وەک ئایین، سیاسەت و هەر بیرۆکەیەکی
تر، زادە و بەرهەمی یەک سەرچاوەن، ئەویش هزر و بیری مرۆڤە. پێداویستیەکانی ژیان گەورە
پاڵنەر و تاقیکەی بەرهەمهێنان و داهێنانیانە. ئەوەی جیایان دەکاتەوە پێداویستیەکانی
ژیانە.
لایەک بۆ بەربەرەکانی ترس و خۆدەربازبون لەو هەڕەشەیەی لەسەر ژیانە،
دواجاریش بۆ خوشگوزەرانی. لێرەوە بیرکردنەوە و خۆشگوزەرانی ژیان پەیدابونە. لەم پێشکەوتنە
ئەگەرچی زانست لە هەندێ لاوە دژی مرۆڤایەتی بە کاردەهێندرێت بەڵام سەرڕێچکە و رێگاشکێنی
پێشکەوتنی ژیانە.
لایەکەی دیش سەرچاوەی دەرهاویشتەی ترسێکی شاراوە و نەبینراوە کە بۆتە
سەرچاوەی هەڕەشە. مرۆڤ لە کورتبینی و نزمی تێگەیشتنی بۆ روداوە سروشتیەکان و بێتوانایی
لێکدانەوەی زانستیانە خۆی داوە بەدەست ئەو ترسەوە، تا رادەی بەرزکردنەوەی هەردو دەست.
جگە لە چەندین نەخۆشی جەستەیی، دەرونی و کۆمەڵآیەتی، پەرستن یەکێکە لە دەرهاویشتەی
ئەو ترسە. پەرستنی ئاگر، لافا و بروسک.. تا دەگاتە فرە خودایی، دوا جاریش یەکتا پەرستی لە رێگەی چەندین پەیامبەری جیاجیاوە
کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ پەیامبەر ئیبراهیم خەلیل (د.خ). لە نێوان یەکتا پەرستەکانیش
دەرئەنجامی کورتبینی و تێنەگەیشتنی دروست لە بابەتە جیاجیاکان توشی جیقڵدانە تەنگیەکی
گەورە هاتون، ئەم تەنگە نەفەسیە خنکێنەرە ناکۆکی و ململانێی توندی بەرهەمهێناوە، زۆر
جار گەیشتۆتە رادەی پێکدادان، کۆمەڵکوژی و سڕینەوەی یەکتری لێکەوتۆتەوە.: لە
رابوردو کوشتاری نێوان کاسۆلیک و پرۆتستانت، شیعە و سونە، تورکیا و جینۆسایدی ئەرمەن،
ناکۆکیەکانی نێوان سەلەفیەت، ئەشعەری، ئیخوانی و وەهابی ....هتد دواجاریش پەیدابونی داعش. بەرامبەر زانستیش لە
زۆر قۆناغدا یەکتا پەرستەکان لە ئەنجامی تێنەگەیشتن لە خوداپەرستی تەندروست وەک چۆن
دەستیان چۆتە خوێنی یەکتر ئاواش بە بیانوی
جیاجیا دژی زانست و زاناکان وەستاونەتەوە و ئازاری کوشندەیان داون، پەتا ئاسا ئەم
هەناسە سواریە بەشێ زۆری کۆمەڵگەی بڵاو گرتۆتەوە.
جێی سەرسوڕمانە:
جوتیارێک زانست هەمو کەرەستەیەکی ئاسانکاری
کستوکاڵی بۆ دابین کردوە.
مەلایەک زانست تەلەفۆنی داوە بەدەست، بڵنگۆی
مزگەوتی بۆ دابین کردوە، فەیسبوکی هەیە و بەویستی خۆی رای خۆی بڵاو دەکاتەوە.
مامۆستایەک، دکتۆرێک، سیاسەتمادارێک زانست هەمو
کەرەستەی کارکردنی بۆ دابینکردوە.
بە کورتی زانست مرۆڤ لە گەرما و سەرما دەپارێزی.
تێیدەگەیەنی کە زەوی و ئاسمان و ئەستێرەکان سەرچاوەی ژیانن، پێویستە بپارێزرێن. کەچی
کاتێ زانست باس لە دیاردەیەک دەکات و لە گەڵ باوەڕی ئەودا یەکناگرێتەوە، یەکسەر هەڵدەچێت
و دژی ئەو زانست و زانایە جێقڵدانەی توشی تەنگی دەبێت:
گالیلۆ کاتی فەرموی زەوی بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە،
کەنیسەی کاسۆلێکی رۆما، ئەم زانا تەمەن ٦٩ ساڵەی سزادا بە دەرکردنی فرمانی زیندانی
هەتاهەتایی، تا گیانی لە دەستدا.
، تیرۆرکردنی ییرمەندی میسری فەرەج فۆدا دوای
ئەو روبەروبونەوەیە هزریە دێت " میسر لە نێوان دەوڵەتی ئیسلامی و دەوڵەتی مەدەنیدا"
کە لە پێشانگای نێودەڵەتی پەرتوک لە قاهیرە لە کانونی دوەمی ١٩٩٢ ئەنجامی دا.
لە هەرێمی کوردستانیش هاوشانی توندڕەوی سیاسی و حیزبی لە مێژینە خەریکە
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە و لە هەندێ دەزگای راگەیاندنەوە بە بڵآوکردنەوەی بیری
توندڕەوی ئایینی زەمینەیەکی لە بار بۆ یەکترسڕینەوە دەسازێندرێ. دەرکردنی فتوای
کوشتنی مەریوان هەڵەبجەیی، شاعری ناودار شێرکۆ بێکەس و لەم دواییەیش کوشتنی هونەرمەند خواناس لە چەمچەماڵ،
سەرەتای دەرکەوتنی هەڕەشە نێردراوە خەفەکراوە مەترسیدارەکەی سەر ئازادی رادەبڕین،
ئاشتەوایی کومەڵایەتی و پێکەوە ژیانی کوردەواریە. بۆیە بارودۆخەکە پێویست بە
چاکسازیەکی گشتی و گەڕانەوەی بەپەلە بۆ میانڕەوی و لێبوردەیی سیاسی و ئایینی دەکات.
دادگاکانیش پێویست بەوە دەکات لەم بارەوە کۆتایی بە بێدەنگی یاسایی بێنن.