127وتار

ئێوەی سەرۆک لەدەردی کوردی کەرکوک تێناگەن

10/30/2025 12:50:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

لە کەرکوک، کێشەکان بونە بە دەرد،بۆ تێگەیشتن و پەیبردن بە دەردەکان، تەنها ئەوەندە بەسە لە سەری قەڵاوە بڕواننە دەوروبەر، رو لەریزە دوکانەکانی بەر قەڵا بکەن، لە ٩٠٪ کوردن، تابلۆی سەردوکانەکان بە کوردی نابینن. بە دوری چەند مەترێک لە پشتی خۆتانەوە هەر لەسەر قەڵا و لە نزیک گۆڕی پەیامبەر دانیاڵ سیمایەکی نامۆ بە کەرکوک دەبینن، تابلۆی سەر دوکانەکانی بازاڕ و رێگای بەغدا بە زمانی تورکی و پیتی لاتینی نوسراوە، زۆرجاران دروشمی گورگە بۆریش بەرچاو دەکەوەێت.  هەر لەو ئاستەوە بڕواننە بازاڕەکانی پشتەوە، بازاڕێکی بە سیمایەکی بێگانە دەبینن. کەمێ سەرهڵبڕن ودورتر بەرەو باشور، رۆژئاوا دەست بخەنە سەر چاوەکانتان  و جوان بڕوانە و کەمێ گوێ هەڵخەن دیمەنی تەعریب دەبینن و گوێتان لە هاواری جوتیارانی کورد دەبێ. گەرویستتان سەردانی گۆڕە بێنازەکان وهۆڵە داڕوخاوەکانی شەهیدان و ئەنفالکراوان لە تۆپزاوە بکەن، دەبێ پێشوەختە ئاگاداری بازگە سەربازیەکان بکەنەوە، ئەگینا...... پاشان وەرنە ناو بازار، لە نزیکەوە لە سیمای سەر دیوارەوەکان و بەشێکی هاوڵاتیانی بە ئاگا دەردەکەوێ چەند لێتان بێزارن، ئەم بێزاریەش لێرە ناوەستێ بەڵکە شۆڕدەبێتەوە بۆ کوردایەتی و خۆزگە خواستن بە رابردو.

بۆیە دەڵێم لە دەردەکانی منی کەرکوک تێناگەن، چونکە لە ٢٠٠٣ بۆ ئێستا بەڵێنی ناڕاست دەدەن و قسە و بڕیارەکانتان وەک بڵقی سەرئاوە، بۆ وەبیرهێنانەوە، بە خێرایی بڕواننە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانی خۆتان. بەندەش باس لەم چەند بەڵێنەتان دەکا:
١-هۆڵەکانی کۆنە سەربازگەی تۆپزاوە و گۆڕە بێنازەکان، نەک هەر مێژوی ئەو شوێنە بەڵکە بەڵگەی پرۆسەی کۆمەڵکوژی گەلێک لە دوتویی بەردەکاندا هەڵگرتوە، هێدی هێدی لەبەر بێباکی ئێوە، گۆڕەکان ون دەبن و بەڵگەکان ژێر گڵ دەنرێن. جێبەجێنەکردنی مۆنیومێنتی تۆپزاوە دیارترین شاهێدی دەدەن کە:

-خاوەن بەڵین و قسە و بریاری خۆتان نین. ئەوەی دەیڵێن بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆتانە، بۆ گەوجاندنە.
-بەتەنگ ئازارەکانی کەرکوکەوە نین.
-ناتانەوێ مێژوی ئەنفال بە زیندویی بمێنێ.

٢- بەڵێنەکانتان بۆ گێڕانەوەی زەوی جوتیارانی کورد و تورکمان، جێبەجێکردنی بڕیاری ٢٩ و مادەی ١٤٠ و بڕیارەکانی بەعس هەرزو لە یادتان چوەوە. یان نیشانەی ئەوەیە دەستتان زۆر کورتە.

٣-بیرتانە لە سەردمی شۆڕشی شاخ، دەوترا با دوژمن کوردستان وێران بکات، دواتر جوانتری دروست دەکەینەوە، با جادە و پرد دروست بکات هەر بۆ خۆمان دەمێنێ، چونکە کوردستان تاپۆی خۆمانە. بەڵام بۆ کەرکوک رێک پێچەوانەکەی راستە، یەک بست لە خاکی داگیرکراوی کورد نەگەڕاوەتوە، یان تاپۆکەی یان گرێبەسستەکەی بە ناوی وەارەتی ( دارایی و نەوت، بەرگریەوەیە) یان بەناوی عەرەبی هاوردە. 

لەم رۆژانە سەردانی دامەزراوەی ئاوی ژێرزەویم کرد لە کەرکوک، بە کورتی و کرمانجی پێی وتم، ئێوە زیادەڕۆییتان کردۆتە سەر زەوی وەزارەتی دارایی، بە پێی یاسا ٣ ساڵ بەند دەکرێن. پێم وت، ئێمە تاپۆی رەشمان هەیە و بەعس داگیری کردوە. دیار بو ئەمەی باش دەزانی، بۆیە پێی وتم باشترە ئەمە بە سیاسیەکانتان بڵێن.

بۆیە کاکی سەرۆک

راستە  قیرکردنی شەقام، کارەبای ٢٤ کاتژمێری بەڵام نەک بەو نرخە، کۆشک و تەلار و موچە کاری باشن و لە هەمو سەردەمێکدا دەبێ بکرێ و ئەرکە، بەڵام بۆ ئێمەی کوردی کەرکوک، لەم سەردەمە و لە ژێر دەسەڵاتی حیزبی کوردی ئەمانە کێشەی سەرەکی نین. بەڵکە:

-تاپۆ – شکۆ- زمان و پەروەردەی کوردی- سیمای ونبوی کوردانەی کەرکوک- ئاڵای دەستی پەیکەری پێشمەرگە. ئازاری جوتیاران. ئێمەی کەرکوکی باش دەزانین، هەمو ئەمانە بەرهەمی ناتەبایی، کورتبینی و ساوێلکەیی ئێوەی سەرۆک و بیری وشکی حیزبیە.
٤-ئەرێ لە کەرکوکەوە بەرە و قەزای دوبز چونە؟، ئەرێ گوندەکانی ئالبودێر، عیزە و چەندینی ترتان دیوە! دوای ١٦ ئۆکتۆبەر دروستکراون و سوپا دەیانپارێزێ. 

٥- ئەرێ دەبینن کەرکوک چۆن بوە بە سەربازگەیەکی گەورە، بڕیار لای ئەوانە. لە سەروی کەرکوکەوە تەواوی شوێنەکۆنەکانی سوپای عێراق ئاوەدانکراونەتەوە، زەویەکانیان داگیرکردۆتەوە لە ناوچەکە. بەبێ پرسی سوپا یەک جوتیاری کورد ناتوانێ نەبیرهەڵکەنێ نە گەڵابەیەک تێکەڵە بۆ زەویەکەی بەرێ. بۆ راستی و دروستی داواتان لێدەکەم سەردانێکی گوندەکانی دەشتی ساڵەیی بکەن.

٦- ئەگەر سەرباز بۆ پاراستنی ناوچەکەیە، روداوەکان دەریدەخەن لەو ئەرکە شکستیهێناوە . چونکە ئێستا هیج جوتیارێکی کورد دوای رۆژئاوا ناتوانێت لەسەر گێڵگەکەی بمێنێتەوە، لە ماوەی ئەم ساڵدا چەندین کوڕە جوتیار رفێندراون یان شەهیدکراون یان بە پارەیەکی زۆر ئازادکراون. 

بۆیە، ئێویەک لە ٢٠٠٣ بەخۆشیبێ یان تورشی زۆرینەن لەم شارە، ئەمەیە بەرهەمەکەتان، لەسەر دەستی ئێوە کێشەکانی کەرکوک بونە بەدەرد. چۆن بتوانم باوەڕ و دوبارە متمانەتان پێبکەمەوە. بۆیە لەگەڵ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن لە ژێر پرسیاردایە کاتی ئەوەیە لایەنی کوردی تر لە هەرێم و لە کەرکوک تاقی بکرێنەوە، تا ئێوەش بتوانن پشویەک بدەن و بێنەوە سەر رێڕەوی دروستی کوردبون و نیشتماندۆستی. لە راستیشدا چارەسەری بنەڕەتی لابردنی ئێوەیە لەدەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن