107وتار

دەبو ئەم لافاوە دەسەڵاتی رابماڵیایا

12/11/2025 4:34:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

چ ناڕەواییەکە خەڵک بە رامبەر باران و ئاو و لافاو دەیڵێت " لافاو هاتە ماڵەکەمەوە" لە راستیدا بێچەوانەکەی راستە، ئەوە خەڵکە چۆتە سەر رێگەی باراناو، بە دیارنەمانی لافاو بۆ چەند ساڵێک خەڵک و دەسەڵات بە هەڵەدا چون، نەیانزانی کە باراناو ئەمڕۆبێ یان سبەی دێتەوە سەر رێگا راستەکەی خۆی و موڵکی خۆی وەردەگرێتەوە.

لە بنەڕەتدا ئەوە دەسەڵاتی گەندەڵە کورتبینە، کەڕ و لاڵە، رێگەی بە ئاو و لافاو گرتوە. دوێنێ لەهەولێر، زاخۆ، ئەمڕۆ لە دوز ، کەرکوک، بەغدا و پارێزگای سلێمانی. بێ بەرنامەیی و بێ پلانی وەزارەتی بەناو پلاندانانە، وەزارەتای سەرچاوەکانی ئاوە، دانانی بەرپرسی کەم فام و نەشارەزایە، ملهوڕی کاربەدەستان و زۆری راوێژکار و گوێنەدانە پێیان، هەر لە خۆڕا نیە عەوام ناوی کاوێژکاری لێناون. 

هاوڵاتیەکی شارۆچکەی چەمچەماڵ دەڵێ " لافاو بردینی، کەچی تانکیەکانمان ئاوی خواردنەوەیان تێدا نیە". بەم وتەیە پێناسەی تەواوی دەسەڵاتەکانی عێراق و هەریم دەکات: دەسەڵاتیکی شکستخواردو، گەندەڵ و بێپلان.
ئەم لافاوە ئەگەرچی زیانی زۆری دا بەڵام لە چەندلایەکەوە کاری زۆرباشی کرد:

١- خەڵک لە مێژدایە چاوەڕوانی رەحمەتێکی وایە، دڕی بە نائومێدی و بەرچاوتەنگی دا، زەوی و جوتیاری بوژاندەوە. ئومێدی ساڵێکی تەڕی بەخشی.

٢- بە خەڵک و دەسەڵات دەڵێ سەر رێگا کۆنەکانم چۆڵکەن، من وەک ئێوە نیم، هەردێمەوە سەر نیشتمان و رێگاوبانی دێرینم.

٣- بە روخانی رێگاوبان و پرد و زۆرێک لە خانو بەرەرە، گیاند سەندنی هاوڵاتیان چەند جارێکە پەردە لەسەر گەندەڵی و کەڵفەمای دەسەڵآتی هەولێر و بەغدا هەڵدەداتەوە. 

لە ماوەی ٢٢ و ٣٣ ساڵی دەسەڵاتداری بەغدا و هەولێر سەرەڕای داهاتێکی بێشومار جومگەکانی ژیانی هاوڵاتیان توشی نیمچە ئفلیجی بونە، بەتایبەتی لە بواری گرتنەوەی ئاو و دروستکردنی بەربەست وتۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ. نەبونی کەمی بەربەستی ئاوی وای کردوە زۆرینەی ئاوی روبار و بارانەوەکان تیژتێپەڕبەناو خاکی وڵاتدا بڕۆن و هاوڵاتیانی عێراق سودی لێنەبینن. کەرتی کشتوکاڵ زیانی زۆری بەرکەوتوە، هۆر و زەلکاوەکان زۆربەیان وشکیان کردوە.....هتد.

دوا قسە ئەوەیە، ئەم دەسەڵاتانە چاوەڕوانی بەخۆداچونەوە و چاکسازیان لێناکرێ، چونکە ئەمانە خراپەکارن، کورتبین و بێبەرنامەن، تاقیکراونەتەوەش،  بۆیە تاکە چارە گوێگرتنە لە هەور و دڵۆپە ئاوەکان و لافاوەکەی چەمچەماڵ، هەور دەڵێت " لە دڵۆپە ئاوەکان لافاو پیکدەهێنم". 



سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن