139وتار

چادرەکەی تۆپزاوەی کەرکوک

6/7/2023 3:52:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

راگواستن، گۆڕینی زۆرەملێی ناسنامەی نەتەوەیی، داگیرکردنی زەوی، بە کەمگرتنی زمان و شێواندن و دزینی کەلتورو هونەری کوردی ، هێنانی خێزانی عەرەب لە شوێنەکانی تری عێراق و وڵآتە عەرەبیەکانەوە بۆ پارێزگای کەرکوک هەوڵی دەسەڵآتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقە. لە ١٩٦٣ دروشمی " سەر بۆمن ماڵ بۆ ئێوە" لەلایەن پاسەوانی نەتەوەییەوە دژ بە کورد پیادە کرا، کوشتن، فەرهود، تاڵانی و سوتاندن ئەنجامدرا. لای ئەوان وەک غەنیمە و دەستکەوتی حەڵال سەیری ئەم تاڵانیان دەکرد. ئەم سیاسەتە لە سەردەمی بەعسیەکان و لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی رابرد و گەیشتە لوتکە: ئەنفال: غەنیمە، سەبایا لە ماوەی ١٤٠٠ ساڵدا چەندین جار و بە شێوە و بە ناوی جیاجیا  دژ بە نەتەوەی کورد دوبارە کراوەتەوە. دوا جار بە ناوی داعشەوە ئەنفالی کوردی ئێزیدی ئەنجامدرا. ئەم هەمو دەستدرێژیە بەبەرچاوی وڵاتانی ئیسلامی و پیاوانی ئایینی کوردەوە بروسک ئاسا تێپەڕی و وەکخۆی نەبیندرا. دوبارەبونەوەی ئەم کردەوانە دەرئەنجامی بێدەنگی نوێنەرانی ئایینە لە ئاستیان.

 

دوای ٢٠٠٣ ئومێد هەبو ئەو دەستدرێژیانە بوەستێت و دوبارە نەبنەوە. بەعس روخا، حکومەت نەما، پەیکەری دیکتاتۆر روخا،  وەزارەتی بەرگری هەڵوەشایەوە. چاوەڕوان دەکرا تەواوی ئەو یاسایانەی بەعس دژ بە گەلانی عێراق دەری کردبو هەڵبوەشێندرێنەوە. بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو یاسایانەی دژ بە پیکهاتەی کورد و تورکمان دەرکرابو وەک خۆی مانەوە و بە کردەوە ئێستا پیادە دەکرێ. هەردو بڕیاری ( لجنە شوون الشمال) و ( مجلس قیادە الثورە)  لە لایەن عەسکەرەوە پیادە دەکرێ. ئەوەی جێی ئاماژەیە لە پەرلەمان، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق،   سەرۆکایەتی کۆمار، پەرلەمانتارانی کورد و تورکمان، وەزیرەکان لێی بێدەنگن.

 

ئەم بێندەنگیە هەڕەشەی فیرقەی ١١ یانزەی سەربازی لێکەوتەوە، هەڵدەکوتنە سەر جوتیاران، پێشگیری دەکەن لە کێڵانی زەویەکانیان: جوتیارانی ناوچەکانی تۆپزاوە، سەرگەڕان، دوبزو داقوق نمونەی ئەو شوێنان سەرباز دەسدرێژی بۆ سەر دەکەن.

ئەم هەڕەشەیە گەیشتە لوتکە، جوتیاران بێدەنگیان شکاند.  روبەڕوبونەی جوتیارانی سەرگەڕان، داقوق، هەڵدانی چادری تۆپزاوەی لێکەوتەوە. چادرێک چەندین پەیامی گرنگ دەدات بەگوێی دەسەڵاتەکانی هەرێم و بەغدا. لەوانە:

١-لە ژێر ئەم خێمەیە برایەتی و کاری پێکەویی کورد و تورکمان دەستیپێکرد، بەرژەوەندی هاوبەش کردنی بە پشتیوانی یەکدی. ئەو پێکەوییەی تا ئێستا هیچ پارتێکی سیاسی نەیتوانیوە بیخاتە سەر رێچکەی دروستی خۆی.

٢-ئەم خێمەیە دەریخست، تا ئێستا لە بەغداد هیچ هەنگاوێکی یاسایی نەنراوە بۆ چارەسەری کێشەکانی کەرکوک. هەردو بڕیاری " مجلس قیادە الثورە" و " لجنە شوون الشمال" کە سەرچاوە و هۆکاری کێشەکانن، تا ئێستا وەک ئەوەی دەسەڵاتی بەعس مابێت کاریان پێدەکرێت.

سێیەم: ئەم چادرە گوزارش لە کێشەی زەوی و زاری تەواوی ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و کەرکوک دەکات: شوان، ساڵەیی، لەیلان، داقوق، دوبز و سەرگەڕان هتد.

 

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دو بڕیارەکەی بەعس

 ئەوەی زانراوە لە ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٤ لە پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەم و دوەم کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری " قیادە الثورە"، دواتر لەسەر رەفەکانی پەرلەمان دانراوە و تۆز لیی نیشتوە. بۆ خوێندنەوەی سێیەم نوێنەرانی پێکهاتەی سونە مەرجیان هەیە، ئەوەی زانراوە سونەکان دو داوایان هەیە:

یەکەم: هەڵوەشاندنەوەی یاسای ( المسائلە والعدالە).

 

دوەم: دەرکردنی یاسای لێبوردنی گشتی بۆ تەواوی زیندانیەکانیان.

 

شیعە پشتیوانی ئەم دو داوایەی سونەکان ناکات ، بە تایبەتی بەرامبەر یاسای یەکەم زۆر توندن، لەبەر ئەوەی پێیان وایە ئەم دو داوایە خزمەت بە حیزبی بەعس و داعش دەکات،  گیراوەکانیش زۆربەیان سەر بە داعشن. بەشی زۆری لایەنی کوردیش لە رابردودا خەریکی خۆخۆری و  زیاتر سەرقاڵن بە پوڵ و بودجە و پلە و پۆستەوە. بەڵآم دوای هەڵدانی ئەم چادرە، وەک زاندراوە ئەم داوایانە لە مامەڵەکردندان لە نێوان هەر سێ لادا.

 

لە کۆتاییدا لەم ناکۆکیە سیاسیانە دانیشتوانی کەرکوک و  ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم  بونە بە قوربانی و زەرەرمەندی یەکەمن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن