137وتار

" نەوشیروان " ێکمان دەوێ، بەڵام .......

3/2/2024 8:20:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

"لە دوارۆژی نزیکدا ئاو دەبێت بە رکابەری نەوت و هەردوک دەبن بە دو فشاری سیاسی و لە کۆتاییشدا ئاو براوە دەبێت". ساڵ ١٩٨٣ یە سکرتێری کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان ئەم دیدە بۆ چەند کادرێک باس دەکات.
لە فرەنسا ئەم پیاوە دەڵێ " ئەم عێراقە هەر بۆ ئەوە باشە بکرێت بە سێ بەشی کورد ، سونەی عەرەبی و شیعەی عەرەبی". مام جەلالیش لەسەری هەڵدەدات و دەڵێت " اغد دیمقراطی ام حرمان الشعب حتی من حق الحلم".
 دوای ٢٠ ساڵیش عبدلعزیز حکیم دەڵێ " باشترە عێراق بکرێت بە سێ هەرێمی خوارو، ناوەڕاست و کوردستان".
لە ١٩٨٩ ئەم سیاسەتمەدارە دەڵێ " حاڵمان زۆر خراپە، بەڵام ئەگەر بتوانین شەش مانگ خۆمان بگرین، باش دەبین".
لە ١٩٩١ بەر لە راپەڕین لە قاسمە رەش بە شیعەکان دەڵێ " ئاگادار بن وەک ئێران نەڵێن الموت لامریکا".
هەر لەو دەمەدا دەڵێت " هیج پێویست بە ناردنی هێز ناکات بۆ خوارەوە بۆ کەرکوک و گەرمیان، هەمو ئامادەکاریەک کراوە. پێویستە پەلە نەکەین بابزانین لە خواروی عێراق چی دەگوزەرێ، چونکە لە ١٩٨٢ کاتێ ئیمە دەستمان بە خۆپیشاندن کرد، شیعە لە خواروی عێراق دەستی پێنەکرد و ئێمەش سەرکەوتو نەبوین"
دوای راپەڕین جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رای وابو " یەکێتی ٤ ساڵ ببێت بە ئۆپۆزسیۆن، بزانین پارتی چۆن حوکمڕانی دەکات، بەڵام مەکتەب سیاسیەکان حەزیان لە وەزیری و ئەندام پەرلەمانی بو".
پاشان پێی وابو " یەکێتی پێویستی بە ریفۆرمە بەڵام  بە قسەیان نەکرد". 
لە دوا هەنگاودا دروستکردنی وشە و ناڕەزایی و ئۆپۆزسیۆن و خەباتی پەرلەمانی و جەماوەری. ئاشنابونی جەماوەر بە دەستەواژەی گەندەڵی و تێگەیشتن  لە بودجە.
لە ٢٠١٢ لە گەڵ چەند جوتیارێک باسی جۆرەکانی گوڵ و گیا و گەنم و بەرومی جوتیاران،  پرسیاری داهات و ژیان وگوزەرانیان دەکات، پێیان دەڵێ " جوتیار دەبێ ئەوەندە زەوی هەبێت وڵات بژینێ، بایی ئەوەندەی هەبێت کەرەستە نوێکانی کشتوکاڵ بەکاربێنێت".
دواجاریش: لە ژێر کاریگەری بەشێ لەو بازنە لاوازەی دەوری رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، لە ناو بزوتنەوەکە لە ئاستی باڵادا جگە لەوەی دو دیدی جیالەیەک پەیدابو، هێدی هێدی توشی لادان بو لە رێچکە سەرەکیەکەی خۆی، لەو هۆکارانە :
١- بەدەنگەوە نەچونی پێویست  و خۆ نەکردنە خاوەنی دیار و راستەقینەی ناڕەزاییە مەیدانیەکانی جەماوەر بە تایبەتی ١٧ شوبات و رۆژانی دواتر. 
٢- لە ژێر کاریگەری سۆز و وەفا بۆ هاوڕی دێرینەکانی دەستەکانی شلکرد و هێدی هێدی خاویکردنەوە.
٣- لە ژێر دروشمی بەرەو دەسەڵات ، بەشداریکردن لە حکومەتێک، لە گەڵ کەسانێک کە پێشترلای جەماوەر وەک شەیتان وێنایان کێشرابو.
موخابن دوای کۆچی دوایی ئەم خەمخۆرە، گرد و کۆمپانیا و بەشێ لە بازنەکەی دەوری  هۆکاربون لە شکستی بزوتنەوەی گۆڕان، شکستێک هەرگیز نامدەویست بە چاوی خۆم ببینم، شکستێکی کەمەرشکێن، ئومێدبڕ و ماڵوێرانکەر. 
ئێستا
هەرێمی کوردستان و میللەتی کورد لە روی سیاسیەوە بارودۆخێکی باشی هەیە، خاوەن پێگە و ناوبانگی باشە، زۆرینەی میللەت وشیارە و تێدەگا، کوردپەروەرە و حکومەت و هەرێمەکەی خۆش دەوێ. ئێستا لە فەرهەنی کوردیدا باکور و باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە جێی کوردستانی ئەم وڵات و ئەو وڵات چەسپیوە و کوردستان لە چاوی دەسەڵاتەکانی باشورەوە نابینن. 
لە لایەکی ترەوە ئەم هەرێمە چەند دەسەڵاتێک بەڕێەوەی دەبەن لە سلوک و رەفتار و کرداردا لە مەلای بێکردار دەچن ، رەفتاری زۆربەیان بەم هەرێم و میللەتی کوردە نامۆیە، میللەت لە دۆڵێک و ئەمان لە دۆڵێک، بە نمونە:
-لای میللەت پرسی کورد یەک پرسە لای ئەمان چەندین.
-  بە نەیار و دوژمن هەڕەشە لە یەکتر دەکەن، جێگەی خێڵ و ئیماراتەکانی جارانیان گرتۆتەوە.
- ئەم دەسەڵاتانە بون تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە و دەرگاکەیان داخست. هەر ئەمان بون  دوای پەرلەمان کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیان سفرکردەوە و بواری یاساییان بۆ دەستێوەردانی دادگای فیدرالی رەخساند.
ئەمانە بەشێکی کەمن لەو  هۆکارگەلەی ئەم دەسەڵاتانەیان خستۆتە مەترسیەوە. کەچی بەسەرخۆیان ناهێنن و بۆ بەلاڕێدابردنی رای میللەت وا دەریدەخەن هەرێمەکەمان لە مەترسیدایە. 
بۆیە تا ئەم مەترسیانە بەرۆکی هەریمەکەمانی نەگرتوە  و هەرێمەکە ئاهێکی تێدا ماوە، رەوانەوەیان ئەرکێکی لە پێشینەی هەموانە، ئەمەش بە دورخستنەوەی هەژمونی حیزب  و خێڵ لەلایەک و  گەڕانەوەی بڕوا و شەرعیەتی میللەت بۆ دامەزراوەکانی حکومەت دەبێت. .بۆ گەڕانەوەی ئەم شەرعیەتەش، ئەم هەرێمە پێوستی بە:
١- چەند نەوشیروانێکە بە فۆرمی ئێستا و رێفۆرمێکی تر ، دڵنیام ئەگەر لە ژیاندا بمایا هاوشانی قادری حاجی عەلی و هەزارانی دی، دەیوت " تا نوزەیەکی تێدا ماوە فریای کەون". ئەم فریاکەوتنەش پێویستی بە لێکنزیکبونەوە و لیبوردەیی هەمو نەوشیروانەکان دەکات. 
٢- لە یادی راپەڕیندا گێڕانەوەی شانامە و چێرۆکەکانی راپەڕین لێگەڕێن بۆ مێژونوسان و بەرنامەی خویندن و پەروەردە، ئەمڕۆ و ئەم سەردەمە پێویستی بە تۆمارکردنی داستانی نوێی سەردەمیانەیە، تێیدا باس لە گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکانی حکومەت، ژیانەوەی جومگە لە کارکەوتوەکانی ژیان، دادپەوەری و ئازادی بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن