کورسی کۆتا و کەرکوک
11/16/2025 11:35:00 AM
مەلا فەرمان محەمەد
سێ پێکهاتە کاریگەرەکەی سەر رێڕەوی سیستەمی حوکمڕانی لە عێراق: کورد ، سونە و شیعە لە ململانێیەکی زۆر قوڵ و توندان، لە ناو خودی هەرسێ پێکهاتەکەش ململانێکە توندتر دەبیندرێت. ململانێ و ناکۆکی مەزهەبی لە مێژینەی نێوان شیعە و سونە لە دوای ٢٠٠٣ جێپەنجەی بە رونی بە سیستەمی حوکمڕانیەوە دیارە، ئەمە و ململانێ لەسەر داهات، دەسەڵات و نەبونی پرۆژەیەکی هاوبەشی نیشتمانی وڵاتی توشی دەیان دەردەسەری کردوە، زۆر کاریگەری نەرێنی کردۆتە سەر جومگەکانی ژیان. بەڵام لە عێراق هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ململانێ و ناکۆکیەکان هێشتا دامەزراوەکانی حکومەت و پەرلەمانی پەکنەخستوە.
موخابن لە هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی بەغدا، رکابەریەکان چەند ساڵێکە زۆر توندتر بوە، ئەو ململانێ و ناکۆکیەی بە هۆکاری نوێ لە نێوان هەرد و حیزبی خاوەن دەسەڵات سەری هەڵدا و خەرمانی ناکۆکیەکانی ٦٠ ساڵەی نێوان ئەم دو حیزبەی بەرزترکرد.. دوای بەئاگاهاتنی یەکێتی نیشتمانی لە خراپ بەکارهێنانی کورسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان و پێی وابو هۆکاری خۆسەپاندنی رکابەرەکەیەتی لە هەولێر و تێپەڕاندنی هەمو ئەو پرۆژانەیە لە بەرژەوەندی پارتیە لە پەرلەمان. لێرەوە بە هۆی چەند کورسیەکەوە درزی نێوان ئەم دو حیزبە زیاتر گەورەبو و بوە هۆی:
١-پەکخستنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.
٢-پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان.
٣-پەکخستنی دامەزراندنی کابینەی حکومەت.
لەبونی بۆشایی یاسایی و دەستوری لە هەرێم بەدور نابیندرێت دوای ساڵێک لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دروستنەبونی کابینەی حکومەت بارودۆخەکە پەلبکێشی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان.
کاریگەری نەرێنی پرسی کۆتا هەر بە هەرێمەوە نەوەستاوە، بەڵکە پەلیهاویشتوە بۆ سەر کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان. دیارترین کاریگەریان:
*کەمکردنەوەی کورسی کورد لە کەرکوک بۆ کەمتر لە نیوە. لە دروستبونی دەوڵەتی عێراقەوە بۆ یەکەم جارە رێژەی نوێنەری کورد بەم کەمیە ببیندرێ. لە کاتێکا ژمارەی دەنگە سوتاوەکانی تورکمان و عەرەب دوهێندەی دەنگە سوتاوەکانی کوردە.
*لە دەستدانی یەکێتی کورسیەک لە دیالە.
* پارتی توانی هەرسێ کورسی کۆتا بۆ خۆی دەستەبەرکات.
* لە دەستدانی کورسیەکی کورد لە تازەخورماتو، راستە ئەگەری گەڕانەوەی هەیە، بە ڵام لە دەستی کەسی تردایە.
*نەسازان لە گەڵ یەکتر و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هەندێ لایەنی دەرەوەی پێکهاتەی کورد.
زیانگەیاندن بە کەرکوک و قوڵبونەوەی زیاتری ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی کورسی کۆتا، وابەستەیی نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە دەردەخەن بەو دو حیزبەوە. جگە لەوەی ئەم شێوە پشتیوانیە نەک تەنها کاریگەری لەسەر کەسایەتی کاندید دەکات بەڵکە رەنگ و قەوارەی خودی پێکهاتەکەش وەک خۆی دەرنەکەوێ و بکەوێتە ژێر پرسیارەوە، بۆیە باشتروایە لە داهاتودا هاوشێوەی هەر هاوڵاتیەک وەک ئەندام و کادری حزبی لە لستی هەڵبژاردندا جێیان بکرێتەوە و دەنگیان پێبدرێ. لەبەر ئەوەی ئەم جۆرە نوێنەرایەتیە بۆتە هۆی زیاتر قوڵبونەوەی ناکۆکیەکان،بۆیە باشترە جارێکی تر چاو بە یاسا و سیستەمی کۆتا بخشێنرێتەوە.