53وتار

سەرۆکی مەهەپە یاری بە ئاگر دەکات

4/29/2026 1:37:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد


بە هەڵمەت دەڵێم
لە قەد پەیکەری رێشە
لەسەر سنگە نەوتاویەکەی بابا گوڕگوڕ
لەسەر هەمو تاشە بەردێ بنوسێ
" مامۆستا فێرم ناکەی چۆن بنوسم
 کەرکوک کوردستانیە"

دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست ( مەهەپە) زۆر توند دەربارەی موسڵ و کەرکوک دەدوێ. لە لێدوانەکی وا دەردەکەوێ خۆی بۆ شەڕ و ئاژاوە نانەوەیەکی گەورە ئامادە کردبێ. دەستبردن بەم شێوەیە بۆ ئەم دو شارە جگە لەوەی ستەم و ناهەقیەکی گەورەیە دژ بە گەلی کوردستان و مێژو، هێرشە بۆ سەر شکۆ و سەروەری دەوڵەتی عێراق و هەوڵێکە بۆ ئاو رژانە ژێر ئەو برا تورکمانانەی لە سنوری کەرکوک دەژین و لە خشتە بردنیانە، هەوڵێکیشە بۆ خۆشکردنی ئاگری فیتنەی گەورە. جگە لەوەی قسەی لەم جۆرە کاریگەری نەرێنی هەیە بۆ سەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، توڕەیی جەماوەری رێگربێت لەوەی هیچ رەگەزپەرستێکی هاوشێوەی باخچەلی پێ بنێتە ناو کەرکوکی کوردستان.
دیارە سەرۆکی مەهەپە هاوشێوەی سەرۆک وەزیرانی تورکیا تانسو چیلەر  ( ١٩٩٣- ١٩٩٦ ) ژمارەکان وەک خۆیان نابینێ و سفریان بۆ زیاد دەکا. ئەم خاتونە پێی وابو نزیکەی ٤ ملیۆن تورکمان لە عێراق هەیە، زیاتر لە ملیۆنێک لە کەرکوک دەژین. ئەم خاتونە هیند دژ بە کورد بو تا ئەو رادەیەی (   ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ  چەندین راپۆرتیان بڵاوکردەوە لەسەر خاپورکردنی گوند و شارۆچکە کوردییەکان، هەروەها سووکایەتی و دەستدرێژی سێکسی کردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی کورد لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە.).
جگە لەمەش بۆ ئەوەی دەوڵەت باخچەلی بزانێ کەرکوک شارێکی کوردستانیە و هەمێشە  زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردبوە رێنمایی دەکەم با بڕوانێتە نەخشەکانی کوردستان لە ئەرشیفی عوسمانی و هەمو ئەو شۆڕشانەی کورد دژ بە داگیرکەران کردۆتی.
بڕوابونی پێکهاتەی کورد وەک میللەتێکی کراوە بە پێکەوە ژیان و هاوشاریبون چەسپیوە لە کەلتوری کوردا. دەربارەی بونی پارێزگارێک لە هەر پێکهاتەیەک وەک هاوڵاتیەکی کەرکوکی ئاساییە ئەگەر لە بارێکی ئاساییدا بێ یان بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنبێت نەک لاساییکردنەوەی قەیومی شارەوانەکانی کوردستانی باکور بێت. کاتێ لە عێراق مانەوەی پێگەی سەرۆک وەزیران لای پێکهاتەی شیعي بە پێی زۆرینە و بەرکەوتەی هەڵبژاردن بێت، بۆیە پێویستە ئەم نەریتە بۆ کەرکوکی شۆڕبێتەوە و پارێزگار لای پێکهاتەی کوردبێت. ئەوەی لە کەرکوک رویدا  دور لە ویستی شەقامی کوردی و لە ژورە تاریکەکانەوە رێکەوتنی لەسەر کرا.  باخچەلی و هاوڕێکانی ئەگەر توانیان بۆ سازشکردن سود لە ناکۆکی نێوان سەرانی حیزبی کوردی ببینن، بەڵان ناتوانن خۆگربن لە ئاست توڕەیی جەماوەری کوردستان .  
ئەوەی بەندەی نیگەران کردوە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی نیە بە پلەی یەکەم، بەڵکە سازکردنی ئەو زەمینەیەیە کە حیزبی کوردی بۆ ئەم جۆرە کەسانە و ئەم جۆرە قسانە سازیدەکات، بە تایبەتی ئەو روداوانەی بەم دواییە لە کەرکوک و بەغدا، لە ئەنجامی ململانێی پارتی یەکێتی هاتەپێشەوە.
بۆ ئەوەی بە ژمارە لایان رونبێت و سەرابی بیابان بە دەریا نەبینن، وە بزانن کەرکوک ناسنامەکەی کوردستانیە. ئەمە دوا ئەنجامی هەڵبژاردنە لە کەرکوک. ژمارەی کورسی = ١٦ کورسی، بەم شێوەیە دابەشبوە
 کورد  = ٧                ٤٣،٧٥٪
عەرەب= ٦         ٣٧،٥٪
 تورکمان = ٢       ١٢،٥٪
کلد و ئاشور = ١       ٦،٢٥٪

 
بۆ زانینی زیاتر برایانی کلد و ئاشور لە گەڵ کورد هاوپەیمانن. ئەم رێژەیەی کورد دوای ئەو پرۆسە تەعریبە دێت کە سەدام حوسێن دژ بە کورد ئەنجامی دا، بە جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ دەستوری عێراق رێژەی کورد دەگاتە نزیکەی ٧٠٪.

هەرکەسێ کەمێ لە ئەلفوبێی سیاسەت و پەیوەندی نێودەوڵەتی و سەروەری دەوڵەتان شارەزایی هەبێت، دەبێت بزانێ ئەم جۆرە لێدوانانە لێکەوتەی زۆر خراپی دەبێت. بچوکترین هەنگاو عێراق دەتوانێ و مافی خۆیەتی بینێ:
١- قەدەغەکردنی هاتنی ناوبراو بۆ عێراق و کەرکوک.
٢- لەم بارەوە دەتوانێ داوای هەڵوێست و رونکردنەوە لە ئیدارەی کەرکوک بکات.
لە ئاستی جەماوەریش ، ئەم جۆرە لێدوانانە توڕەیی هەردو پێکهاتەی کورد و عەرەبی لێدەکەوێتەوە لە عێراق بە گشتی و لە کەرکوک و موسڵ بە تایبەتی.
لە هەرێمی کوردستانیش وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی پێویستە لە سەر ئاستی حکومەت ، حیزبەکان، جەماوەر و رۆشنفکران بە توندی بێنە دەنگ و وەڵامیان هەبێت.
گەلی براینە، دەپرسم، ئێ چۆن دبێت! دڵ وقودسی کوردستان لە دوری دورەوە کەسێک هەبێت بەو شێوەیە ئازاری بدات. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن