1026وتار

دەسپێشخەریەکەی بارزانی

5/26/2023 10:34:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

گوێچکەی تاکی کورد دەیان ساڵە پڕبوە لە چەمکەکانی وەک دەسپێشخەری، یەکڕێزی، تەبایی، پیرۆزبایی، لێبوردەیی و کردنەوەی لاپەڕەی تازە ، بۆنە و جەژنەکانیش پڕن لە قسەی زل و بریقەدار و گەردن ئازایی، یادەکانی ئەنفال ، هەڵبجە، بارزانیەکان، قەڵادزە ، پڕن لە بەڵێنی پوک و رشتنی فرمسکی نەهەنگی. لە لایەکی ترەوە وێنەکانی شەڕی ناوخۆ، دو ئیدارەیی،  بازگەکانی نێوان هەولێر و سلێمانی، داڵدەدانی ناپاکان و پیاوکوژان، کردنەوەی فەوج و پڕچەک کردنیان و خراپی حوکمڕانی ... ئەو وێنانەن هاوڵاتیان توشی دڵەڕاوکێ کردوە.

 لە نێوان ئەم دو ستونە هاوڵاتیان گیریان خواردوە و موخابن دەستەوەستان لێیانڕاماون. بێ بڕوایی و بێ متمانەیی میللەت بەم چەمکانەی دەسەڵآت تا دێت لە زیادبوندایە، بەو رادەیەی هەر یەک لە ئاوازێکن و هەریەک لە دۆڵێک.

لە کردنەوەی مۆنیومێنتی مەلا مستەفای ( رەحمەتی) باوک، حەشاماتێکی هەمەچەشنی زۆر کۆکرابوەوە، بەڕێز بارزانی لە وتارێکی دورو درێژدا چەندین پەیامی پڕ گەشبینی دەربارەی پەیوەندیە ناوخۆیی و دەرەکیەکان بەخشیەوە. ""داوادەکەم پارتی و یەکێتی بە زوترین کات کۆببنەوە، هەرچی زوە کێشەکان چارەسەر بکەن، لە گەڵ لایەنەکان بگەنە ئەنجام و خۆئامادە بکەن بۆ هەڵبژاردن لەم ساڵدا""

هێندەی نەبرد ریس کرایەوە بەخوری،  لە لایەک دو حکومەتەکە کۆبونەوە و هەنگاویان نا. بەڵام لەلاکەی تر چەکوشەکەی دەستی رێواز خان هێند بە توندی کێشرا بە مێزدا جگە لە هێمن هەواری و مونا خان هەموو تاکێکی میللەتی راچڵەکاند و جارێکی تر توشی دڵەڕاوکێی کردن. بەپەلە  دوبارە بون بە دوبەشەوە، بۆ ئەم دیو و ئەودیوی دێگەڵە. بڕیار درا بروسک ئاسا لە رۆژنامە و کۆمسیۆنە گوێ لە مشتەکەی حیزب بڕیاری دیوەخان وەرگیرا و بڵآو کرایەوە.  دەرئەنجام جارێکی دی سەر لە میللەت و یاسا شێوێندرا.

ئەم بڕیارە هێند ترسناکە دەهێنێ هەڵوێستەی لەسەر بکرێ و خوێندنەوەی جیاجیای بۆ بکرێ:

١-رێی تێدەچێ بەڕێز بارزانی لەلایەک دەشپێشخەری بکا و لە لایەکیش تەڵە بنێنەوە.

٢- دەشێ بەشێکی ناو پارتی دژی بارزانی ئەم هەنگاوەیان نابێت.

٣-دەکرێ رەنگدانەوەی نێوان بۆچونە جیاجیاکانی ناو پارتی بێت.

٤- پێدەچێت دابەشکردنی پێشوەختەی رۆڵە جیاجیاکانی حیزب بێت.

٥- ترسبێت لە بڕیاری دادگای فیدرالی عێراق، دیارە ئەم ترسە لە جێی خۆی نیە، چونکە ئەگەر دادگا بڕیار لە نادەستوری درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بدات ئەوا تەواوی ئەو بریارانەی لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری پەرلەمانی کوردستانەوە دراون، بڕیارەکانی پەرلەمان و حکومەت بە نایاسایی دادەنرێت و هەموی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

٦- دەشێ سڵەمینەوەبێت لە فشاری نێو دەوڵەتی.

٧-دورنیە پەیامی بێمنەتی پارتی بێت لە بریاردان بۆ نەیار و رکابەرەکانی.

بەڵام هەرچۆنێک بێت، لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە زۆر ترسناکە. وابۆی دەچم جگە لە زیادبونی بێ متمانەیی و گەورەتربونی درزی ناکۆکیەکان، بەم نزیکانە بەشێک لە لێکەوتە خراپەکانی ئەم بڕیارە نا بەرپرسانەیە لە بودجەی ساڵآنەی عێراق دەربکەوێ.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن