107وتار

بونی ئۆپۆزسیۆن لە کەرکوک بەقازانجی کوردە

11/10/2025 1:43:00 PM
مەلا فەرمان محەمەد

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٥  بۆ ٢٠٢١  ی ئەنجمومەنی نوێنەرانی عێرق، پارتی و یەکێتی دو حیزبی بێ ڕکابەربونە لە کەرکوک. لەبەرئەوەی ئەم ٢ دو لایەنە  نەیانتوانیوە نەوەک دو رکابەر نە وەک دو لایەنی هاوکار پێکەوە کار کاربکەن، لە زۆربەی پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەکان پێکەوە بەرنامەیەکی هاوبەشیان نەبوە. دیارترین زیان کە ئەم  ٢ دو لایەنە بە کەرکوکیان گەیاندوە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی کەرکوک بریتین لە :

دوای ٢٠١٧ نەیانتوانی سود لەو زۆرینەیەی کورد ببینن لە ئەنجومەن بۆ دیاریکردنی پارێزگارێکی کورد. بەمەش دەرچەیەک و بۆشاییەکی یاساییان رەخساند بە هۆیەوە پێکهاتەی کورد ئیدارەی پارێزگا لە دەستبدات. وەک چاودێرێکی بێلایەن دروستبونی ئەم دۆخە زیاتر لە ئەنجامی کەمتەرخەمی و خۆبەدورگرتنی پارتی دیموکراتی کوردستان بو، ئەو کەمتەرخەمیەی لە ئەنجامی رادەستکردنی کەرکوک بو بە بەغدا لە لایەن یەکێتیەوە، هەردولا یەکتریان بە ناپاک تۆمەتبار دەکرد. تۆمەتبارکردنێک تا ئێستا بەردەوامە.

موخابن ئەم پێکەوە کارنەکردنە جارێکی تر لە ئەنجومەنی نوێی پارێزگای  کەرکوکدا دوبارەبوەوە، ٥ بە ٢ بە ١ کورسی نەیانتوانی پێکەوە ئەنجومەن پێکبهێنن، هەریەکە هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنی نەیاردا پێکهێنا. باجەکەش ئێمەی کەرکوکی دامان.

لەلایەکی ترەوە دەبینین، لە ٢٠٢١ دوای ئەوەی نەوەی نوێ بو بە خاوەن پەرلەمانتارێک لە کەرکوک، گۆڕانکاریەک هاتە ئاراوە: ئەندام پەرلەمانتارەکانی کەرکوک ( یەکێتی ، پارتی و نەوەی نوێ) چالاکتر لە جاران دەرکەوتن، بەدەنگەوەچونیان بۆ کێشەی جوتیارانی، تۆپزاوە، سەرگەڕان  و کێشەی گەڕەکەکانی نەورۆز و عەرەفە....هتد بەرهەمی بونی ئەو تاکە پەرلەمانتارە رکابەرەیە، ئەگەر دوان بوایا باشتر دەبو.

بە پێی ئەو زانیاریەی لە بەردەستە پەرلەمانتار کاک ئۆمێد موحەمەد، دەربارەی ئەنجومەنی کەرکوک لەگەڵ کاک شاخەوان عەبدوڵا وچەند پەرلەمانتارێکی پارتی باسی زیانی بەشدارینەکردنی پارتی کردوە لە ئەنجومەنی کەرکوک بۆ پارتی و بۆ کەرکوک،  وتوشیەتی" ئەگەر ئێمە یەک کورسیشمان بهاوردایا، بەشداری ئەنجومەنمان دەکرد و لە نزیکەوە پشتیوانی کاک رێبوارمان دەکرد". هەر لەم بارەوە  ئاگادارم چەندین کەسی رۆشنبیر و نیشتمانپەروەری کەرکوک داوایان لە هەردو لا کردوە بۆ پێکەوە کارکردن، بەداخەوە سەرکەوتو نەبون. وا چاوەڕوان دەکرێت نەسازان و ناتەبایی ئەم دو لایەنە درێژە بکێشێ .کورد وتەنی ئەم هەویرە ئاو زۆر دەبات. کەرکوکیش باجی زتار بدات.

دەربارەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، نەک هەر لە کەرکوک بەڵکو، دەبینین ئەم جارە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی : گۆڕان، کۆمەڵ، زەحمەتکێشان، یەکگرتو و  ....هتد لە هەرێم زۆر بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکاندا دەکەن، جێی دەستخۆشیە.
بەڵێ ئەمەیە هەستی نیشتمانی و  بەرهەمی بونی رکابەری سیاسی و ئۆپۆزسیۆنی بەسود لە کەرکوک، بۆیە بونی هێزێکی تری کوردی لەدەرەوەی پارتی و یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق قازانجی هەموانی تێدایە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن