دەربارەی زینی وەرتێ
3/26/2020 1:05:00 PM
هەندرێن شێخ راغب
سێگۆشەی قەندیل، لە رووی نێودەوڵەتی تاوەكو ئێستا بەهیچ هێزێك كۆنتڕۆڵ نەكراوە، عێراقو ئێران زۆریان هەوڵ دا.. ئەگەر پەكەكەش لە قەندیل نەمێنێت، هێزی دیكە دێنە ناوچەكە، كە دەمێكە توركیا دەیەوێت جڕو جانەوەرەكانی ئیدلب لە سوریا بگوازێتەوە ناوچەكە؟. پەكەكە مەترسی گەورە نیە لە هەرێمی كوردستان، لە 16ی ئۆكتۆبەر بەرگریان كردو شەهیدیان لە كەركوكدا، لەشەنگال لەسەنگەری دژی داعش بوون، لە مەخمور بەرگریان لە پاراستنی هەولێر كرد(ڤیدیۆی خودی بارزانی هەیە لە مەخمور لەگەڵ سەركردەكانی پەكەكە)..ئینجا پەكەكە دەستكاری ئەزمونی ناوخۆی باشوری كوردستان ناكات، تەنها لەسنورەكانە...
هەرێمی كوردستان بۆچونی وایە هەبونی پەكەكە بەهانەی داوەتە دەست توركیا بێتە ناو خاكی هەرێم، پەكەكە دەیەوێت ئەزمونی باشور بداتە دەست توركیا.. بەڵام لێرەدا زۆر شت هەیە پێویستە روون بكرێتەوە.
ئایا لەعەفرین كەس هیچی بەرامبەر توركیا كردبوو، داگیری كرد؟ ئایا پەكەكەو یەپەگە لە ئیدلبی سوریا بوونی هەیە كە ئێستا داگیری كردووە؟ ئایا لە لیبیاو سۆمالو سودان پەكەكەی لێیە ئێستا توركیا هێزی سەربازی بۆ ناردووە؟ ئەوەی لە ئیدلب روو دەدات باشترین نمونەی ناسینی رەوشتی توركیایە؟.
توركیا هەولێر بە دوژمنی ژمارە یەكی خۆی دەزانێت نەوەكو قەندیل، ویلایەتی موصڵ بە خاكی خۆی دەزانێت كە تەواوی باشوری كوردستانە؟ توركەكان دەڵێن ئەگەر كیانی كوردستان لە ئەرجەنتینیش دروست بێت لەناوی دەبەین؟؟. بۆیە پەكەكە لەباشور هەبێت یان نا توركیا هەر دێت؟.
ئەم ناوچانەی كە پەكەكەی لێیە ناوچەی دەوڵەتی عێراقن، ئینجا هەرێمی كوردستان..لەروی دەستوریو سنورو یاسا پەكەكە هێزی بیانییە..بەڵام ئایا عێراق كە پڕیەتی لە حزب اللە وپاسدارو مارێنزو جندرمەو ....هتد، هیچ سەروەریو یاسایەكی نیە، تەنها پەكەكە گرفتە؟؟.تەنها ئەوان هێزی بیانین..؟؟
ئەوەی ئێستا لە زینی وەرتێ روو دەدات، زۆر خراپە، چونكە بردنی هێزە بۆ بن لوتی قەندیلو گەمارۆدانێكی مەترسیداری قەندیلە، من خەڵكی ناوچەكەم و بست بە بستی شارەزامو زۆریش لە زینی وەرتێ ماومەتەوە..پەكەكە كاردانەوەی دەبێت، ئەمەش مانای ئەوەی خزمەتی دەوڵەتی داگیركەری توركیامان كرد..هێز بردن بۆ زینی وەرتێ مانای راگەیاندنی برا كوژی..لە ئێستادا هەڵەیە. تەبعەن براكوژی هەمیشە هەڵەیە.
پەكەكە زۆر ویستی ئەم دۆخە چارەسەر بكات، ویستیان بڕۆن بۆ عەفرینو نزیك دەریای ناوەڕاست ببنەوە، كە ناوچەیەكی زۆر ئارام بوو، وە هیچ مەترسیش نەبوو بۆ توركیا، بەڵام توركیا داگیری كرد، نەك لە بەر چوونی پەكەكە، بەڵكو كیانی كوردی قبوڵ نیە. لە شەنگال، لە مەخمور خەریكی نیشتەجێ بوونن، بەڵام هەر لێیان دان، پەكەكە ویستی بچێتەوە ناو باكوری كوردستانو هەموو توانای خۆشی بەكارهێنا، كەچی بە ناتۆو فڕۆكەی ئێف شازدە ناوچەی ئامەدو سوری ئامەدو نسێبینمان بینی چۆن وێران بوو. ئینجا كوردایەتی بەپەكەكە مەفرۆشنەوە بڵێن بۆچی ناچێ لە پارچەی خۆی خەبات بكات؟؟ ئەی ئێوە لە كەرەجو زێوە چیتان دەكرد خۆ معارەزەی عێراق بوون؟ لە زەڵێو قاسمەرەش لە پەنای ئێران بوون؟؟ ئەمە بە خراپ وێنا ناكەم، بەڵكو مەبەستم ئەوەیە سروشتی خەباتی كوردایەتیو تێكۆشانی پارچەكان وایە دەبێت لەسنوری دیكە بیت..وەك ئێستا چۆن هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە كۆیەن. جوگرافیای سیاسی سایكس بیكۆ ئەمەی بۆ كورد دروست كردووە.
تكایە هەرێمی كوردستان خۆی قەیرانی كەم نیە، قەیرانی دیكەی بۆ دروست مەكەن. خەڵكی ناوچەكەی ئێمەش لە شاورێو وەرتێو رەواندوزو رانیەش، هێشتا جلی رەشی تازیەی شەهیدەكانی داعشیان دانەناوە، تاقەتی جەرگ سوتانی دیكەمان نیە، نامانەوێت ناوچەی ئێمە بكەنەوە مەیدانی شەڕی براكوژیو دەیان رۆڵەی دیكەمان بە كوشتن بدەن. بۆ من پارتیو یەكێتیو پەكەكە هەمویان بران، كوژرانی چەكداری هەر لایەكیان بۆ من مانای شەهید بوونی براكەمە.. ئێستا وەختی ئەم قەیرانە ناوخۆییە نیە.. ناوچەكە خەریكی دیزاین كردنەوەیە لە سوریاو عێراقو توركیا..ئێرانیش پڕیەتی لە ئەگەر..پێویستە وزەكانمان یەك بخەین، بۆ ئەوەی بزانین چارەنوسی كورد لە رێكخستنەوەی وەرەقە سیاسیەكانی ناوچەكە چی دەبێت.